ناڕازییەكان: هەژماركردنەوەی ژمارەیەكی كەمی سندوقەكان شەرعییەتدانە بە ساختەكاریی

08-07-2018 08:22
دەنگدانی تایبەت بۆ پەرلەمانی عێراق لە وێستگەیەكی سلێمانی/ 10-5-2018. وێنە؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف

 

لایەنە ناڕازییەكان لە ئەنجامی هەڵبژاردن چەند داواكارییەك ئاڕاستەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن دەكەن دەربارەی هەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكان‌و ڕەخنەی ئەوە ئاڕاستەی كۆمسیۆن دەكەن كە ڕێگەیان پێنادات چاودێریی وردی پڕۆسەكە بكەن.

 

6 حزبە ناڕازییەكە پێیانوایە، پڕۆسەی هەژماركردنەوەی دەستیی ژمارەیەكی كەمی سندوقەكانی دەنگدان، "پێچەوانەی یاسا و رێنماییەكان و شەرعییەتدان دەبێت بە پڕۆسەی ساختەكاریی" ئەوە لەكاتێكدایە كۆمسیۆن سوورە لەسەرئەوەی تەنها ئەو سندوقانە هەژماربكرێنەوە كە سكاڵایان لەسەرەو تانەیان لێدراوە.

 

داواكارییەكانی 6 حزبە ناڕازییەكەی هەرێم لەكاتێكدایە ئەو دادوەرانەی سەرپەرشتی پڕۆسەی هەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكان دەكەن ئەمڕۆ گەیشتوونەتە سلێمانی‌و سبەینێ دەست بە پڕۆسەكە دەكەن.

 

دادوەر لەیس جەبر هەمزە، وتەبێژی ئەنجومەنی كۆمسیاران(دادوەرەكان) ڕایگەیاند، ئەندامانی ئەنجومەنەكەیان گەیشتوونەتە سلێمانی‌و چاویان كەوتووە بە بەڕێوەبەرو فەرمانبەرانی كۆمسیۆن بۆ تەواوكردنی كارە لۆجستییەكان بۆ ئەو سندوقانەی سكاڵایان لەسەرەو تانەیان لێدراوە.

 

كۆمسیۆن لە 4 ڕۆژی ڕابردوودا سەرپەرشتی پڕۆسەی هەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكانی كەركوكی كردو تائێستا هیچ ئەنجامێكی ڕانەگەیاندووە، وتەبێژەكەی ئەنجومەنی كۆمسیاران ئەوەشی خستەڕوو، بۆ هەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكان لە سلێمانی پشت بەستراوە بە فەرمانبەرانی نوسینگەی كۆمسیۆن لە كەرخ‌و ڕەسافەی بەغدادو فەرمانبەرانی دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی.

 

لەگەڵ گەیشتنی دادوەرەكان بۆ سلێمانی، ئەمڕۆ لایەنە ناڕازییەكان كۆبوونەوەو دواتر بەناوی هەر 6 حزبەكەوە(گۆڕان، كۆمەڵ، یەكگرتوو، هاوپەیمانی، بزوتنەوەو شیوعی) ڕاگەیەندراوێكیان بڵاوكردەوە.

 

ئەو 6 حزبە كە ناڕازین لە ئەنجامی ئەلیكترۆنی، دەڵێن"پێویستە كۆمیسیۆن رێگا بدات بریكارانی لایەنە سیاسییەكان لە نزیكەوە چاودێریی وردی سندوقەكان بكەن و ژمارەی ئەو بریكارانەش زیاتر بكرێت، هەروەها بەراوردكاریی نێوان پەنجەمۆر و باڕكۆدی فۆرمی دەنگدانەكان بكرێت."

 

دەقی ڕاگەیەندراوی 6 حزبە ناڕازییەكە

 

دەنگدەرانی ئازیز.. هاونیشتمانییانی خۆشەویست..

 

دوابەدوای بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ڕۆژی (12/05/2018) و دەركەوتنی ئەنجامە ساختەكان، ئێمە بە بەڵگەی بنەبڕ و بەپێی رێكارە یاساییە كارپێكراوەكان، تانە و سكاڵامان لەسەر ئەو ئەنجامە ساختانە دا و كۆی پڕۆسەكەمان رەت كردەوە، دەرئەنجامی فشار و هەوڵەكانیشمان، یاسای جیاكردنەوە و هەژماركردنەوەی دەستیی سەرجەم دەنگەكان دەرچوو، پاشان لە لایەن دادگای باڵای فیدڕاڵییشەوە پەسەند كرا.

 

لێرەدا ئەم تێبینی و سەرنجانە دەخەینە بەردەم رای گشتی و كۆمیسیۆن و دامودەزگا پەیوەندییدارەكان:

یەكەم: سەرەڕای دەرچوونی یاسای ژماردنەوەی دەستیی سەرجەم دەنگەكان و پەسەندكردنی لە لایەن دادگای باڵای فیدڕاڵییەوە، بەڵام ئەنجومەنی كۆمیسیارانی پێكهاتوو لە دادوەران پابەندی جێبەجێكردنی یاساكە نەبوون و بڕیاریان دا تەنیا ژمارەیەك سندوقی كەم هەژمار بكرێنەوە.

 

دووەم: لە سەرجەم قۆناغەكانی پرۆسەكەدا تانە و سكاڵا و راپۆرتی زۆرمان پێشكەش بە دەستە دادوەرییەكە و دامودەزگا پەیوەندییدارەكان كردووە، بەڵام تا ئەم ساتەوەختەش وەڵامی هیچ سكاڵا و تانەیەكمان نەدراوەتەوە.

 

سێیەم: كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان هاوكار نەبووە لە پێدانی زانیاریی سەبارەت بە چۆنێتیی بەڕێوەچوونی پڕۆسەكە، هەروەها بەپێی رێكارەكانی كۆمیسیۆن و پەیڕەوی ژمارە (١٣)ی ساڵی (٢٠١٨)، بوار نەدراوە بە چاودێرییكردنی وردی پڕۆسەكە لە لایەن نوێنەری قەوارە سیاسییەكانەوە و تەنیا رێگا بە یەك بریكار دەدرێت كە لە دوورەوە چاودێریی پڕۆسەكە بكات، كە لە یەك كاتدا سەدان كارمەند سەرقاڵی پڕۆسەی هەژماركردنەوەكە دەبن.

 

هەربۆیە، هاوشێوەی هەڵوێستەكانی پێشوومان داوا دەكەین كە:

 

1- كۆمیسیۆن یاساكە وەكو خۆی و بەبێ هیچ لادانێك جێبەجێ بكات و سەرجەم سندوقەكان هەژماركردنەوەی دەستییان بۆ بكرێت.

 

2- پێویستە كۆمیسیۆن رێگا بدات بریكارانی لایەنە سیاسییەكان لە نزیكەوە چاودێریی وردی سندوقەكان بكەن و ژمارەی ئەو بریكارانەش زیاتر بكرێت، هەروەها بەراوردكاریی نێوان پەنجەمۆر و باڕكۆدی فۆرمی دەنگدانەكان بكرێت.

 

3- پێویستە كۆمیسیۆن و دەستە دادوەرییەكە وەڵامی سكاڵا و تانە یاساییەكانی ئەم لایەنانە بدەنەوە.

 

بەپێچەوانەوە، پرۆسەی هەژماركردنەوەی دەستیی ژمارەیەكی كەمی سندوقەكانی دەنگدان، پێچەوانەی یاسا و رێنماییەكان و شەرعییەتدان دەبێت بە پڕۆسەی ساختەكاریی.

 

٨ ی تەموزی ٢٠١٨