زیاتر لە 200 هەزار ناوی دووبارەو مردو لە تۆمارنامەی دەنگدەرانی هەرێم لابران

09-07-2018 04:17
دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 2013. وێنە؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف

 

كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم ماوەی هەزارو 700 كاتژمێر كاری لەسەر پاككردنەوەی تۆمارنامەی دەنگدەران كردووەو زیاتر لە 200 هەزار ناوی دووبارەو مردوی لە تۆمارەكە لابردووە.

 

هەنگاوەكانی كۆمسیۆن‌و ئامادەكاریی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەردەوامەو كۆمسیۆن دەیەوێت ئەو گومانانە بڕەوێنێتەوە كە لەسەر ناپاكیی لیستی ناوی دەنگدەران‌و پڕۆسەی هەڵبژاردن هەن.

 

سەرۆك‌و بەرپرسانی باڵای كۆمسیۆنی هەڵبژاردن ئەمڕۆ بەشداربوون لە دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان‌و لە گفتوگۆیەكی كراوەدا باسیان لە ئامادەكارییەكانیان كرد بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان كە بڕیارە 30-9-2018 ئەنجامبدرێت.

 

هەندرێن محەمەد سەرۆكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم لە كۆبوونەوەكەدا ئەوەی خستەڕوو، ئامادەكارییەكانیان بەردەوامەو ئەوەی خستەڕوو، كارگێڕی هەڵبژاردن ماوەی زیاتر لە هەزارو 700 كاتژمێر كاریان لەسەر نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران كردووە‌و تۆمارە كۆنەكە بژاركراوەو ناوی مردو و دووباری تێدا سڕدراوەتەوە.

 

"ئەو داتابەیسەی ئێستا لەبەردەستمانە نوێیەو جیاوازە لەوەی پێشتر لەبەردەستی كۆمسیۆن بوو.. ئەوەی ئێستا لەبەردەستمانە لانیكەم 200 هەزار ناوی فەرقە لەگەڵ تۆمارە كۆنەكەو زیاتر لە 60 هەزار ناوی دیكەشی لێ كەمكراوەتەوە" سەرۆكی كۆمسیۆن وای وت.

 

 

ئامادەکاریەکان بۆ کۆتایی هاتنی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە فەرمانگەی داتای کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم/ 5-7-2018. وێنە؛ پەیجی كۆمسیۆن لە فەیسبوك.

 

هەندرێن محەمەد باسیلەوەشكرد، پڕۆسەی نوێكردنەوەی تۆمارەكە هێشتا كۆتایی نەهاتووەو ماوەی مانگێك دەدەنە هاوڵاتیان‌و لایەنە سیاسییەكان هەر تێبینی‌و سەرنجێكیان هەبێت لەسەر تۆمارەكە كۆمسیۆنی لێ ئاگادار بكەنەوە.

 

سەرۆكی كۆمسیۆن، بە پێویستی زانی دەنگدەران سەردانی ناوەندەكانی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران بكەن كە لە ڕۆژانی داهاتوودا لە شارو قەزاو ناحیەو ناوچە دورەكان دەكرێنەوە، ئەوەش بە مەبەستی زیادكردنی ناویان ئەگەر ناویان لە تۆمارەكەدا نەبێت یاخود ڕاستكردنەوەی ناو و گۆڕینی شوێنی دەنگدان، هەروەها سڕینەوەی ناوی مردووەكانیان ئەگەر لە تۆمارەكەدا مابێت.

 

نوێنەرانی حزب‌و لایەنە سیاسی ەكانیش تانە لە تۆمارە نوێیەكە بدەن‌و هەر تێبینییەكیان هەبێت كۆمسیۆنی لێ ئاگادار بكەنەوە.

 

 

چاپكردنی تۆماری دەنگدەران لە چاپخانەی كۆمسیۆن بۆ دابەشكردنی بەسەر ناوەندەكانی نوێكردنەوەدا/ 7-7-2018. وێنە؛ پەیجی كۆمسیۆن لە فەیسبوك.

 

لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا 31 قەوارەی سیاسی بەشداری دەكەن كە سیانیان هاوپەیمانێتین، كۆمسیۆن لە 7ی ئەم مانگەوە دەستیكردووە بە وەرگرتنی لیستی پاڵێوراوان‌و تا 25ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.

 

سەرۆكی كۆمسیۆن لە درێژەی وتەكانیدا لەبەردەم پەرلەمانتاران باسیلە پڕۆسەی جیاكردنەوەو هەژماركردنی دەنگەكان كرد كە بەدەست دەبێت ئامێری ئەلیكترۆنیی بەكارناهێنن.

 

هەندرێن محەمەد ئەوەشی خستەڕوو، دوای كۆتایی هاتنی كاتی دەنگدان نوێنەرانی قەوارە سیاسییەكان وێنەیەكی تەسدیق كراوی ئەنجامی وێستگەكانی دەنگدان وەردەگرن، ئەوەشی بە ڕێكارێكی گرنگ ناوبرد بۆ دڵنیاییدان كە دەتوانرێت وەكو بەڵگە بەرامبەر كۆمسیۆن بەكاربهێنرێت، ئەگەر هاتوو جیاوازیی هەبوو لەو ئەنجامەی لە كۆتاییدا كۆمسیۆن ڕایدەگەیەنێت لەگەڵ ئەو ئەنجامەی بە تەسدیق كراوی دراوە بە قەوارەكان.

 

هەرچەندە بەپێی یاسا دەبوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان 1-11-2017 ئەنجامبدرایە، بەڵام پەرلەمان تەمەنی خۆی درێژكردەوەو پڕۆسەكە دواخرا، بڕیارە 30-9ی ئەمساڵ ئەنجامبدرێت.