چارەنوسی سەرۆكایەتی هەرێم سپێردرا بە خولی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان

11-07-2018 06:41
پەرلەمانی كوردستان. وێنە؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف

 

دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم هەڵپەسێردراو هەڵبژاردن بۆ سەرۆكی هەرێم ئەنجام نادرێت، یەكلایی كردنەوەی چارەنوسی دامەزراوەكە سپێردرا بە خولی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان.

 

لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا پەرلەمان پڕۆژە یاسای هەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمی پەسەند كرد، پارتی‌و گۆڕان پڕۆژەیان هەبوو لەو بارەیەوەو لەگەڵ یەكێتی دەنگیان بە پڕۆژەكەداو بوو بە یاسا، هەریەكە لە كۆمەڵ‌و بزوتنەوەو یەكگرتووی ئیسلامی دەنگیان پێ نەداو بۆچوونی جیاوازیان هەیە.

 

ئەوە یەكەمجارە لە 3 ساڵی ڕابردوودا گۆڕان لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامی بۆچوونی پێچەوانەی هەبێت لەسەر پرسێك‌و هاوبۆچوون بێت لەگەڵ پارتی‌و یەكێتی.

 

بەپێی یاسای هەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم، كاركردن بە یاسای دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم بەسەر دامەزراوەكانی دیكەدا بەردەوام دەبێت‌و دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم لە ژێر چاودێری حكومەتدا دەبێت.

 

یاساكە دەشڵێت، پێویستە خولی داهاتووی پەرلەمان، لە ماوەی دوو وەرزی گرێدانی ساڵی یەكەمیدا، لەژێر ڕۆشنایی پێوەرە گشتییە دەستورییەكان بڕیار لەسەر چارەنوسی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم بدات.

 

هەرچەندە دەبوو هەڵبژاردن بۆ سەرۆكی هەرێم لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 30-9 ئەنجامبدرایە، بەڵام بەپێی یاساكەی ئەمڕۆ هەڵبژاردنەكە ئەنجام نادرێت، مان‌و نەمانی سەرۆكایەتی هەرێم‌و دەسەڵاتەكانی سەرۆك ئەگەر بمێنێت، لە خولی داهاتووی پەرلەماندا بڕیاری لەبارەوە دەدرێت.

 

شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لە ڕابردوودا ناكۆكی خستبووە ناو لایەنە سیاسییەكان، هەندێكیان لەگەڵ هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆ بوون وەك پارتی، هەندێكی دیكەیان وەك گۆڕان‌و كۆمەڵ بەتووندی پێداگرییان دەكرد سەرۆك لە پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت، ئەو لایەنانە ئێستاش سوورن لەسەر هەڵوێستەكانیان.

 

گۆڕان پەسەندكردنی پڕۆژەیاساكەی ئەمڕۆ بە "دەستكەوتێكی گرنگ" لە قەڵەم دەدات، عەلی حەمەساڵح پەرلەمانتاری ئەو بزوتنەوەیە دەڵێت"لای ئێمە هیچ دامەزراوەیەك بۆ مامەڵەو تەوافوق نییەو ئەمەش تەواوكەری ئەو پڕۆژانەیە كە لە ڕابردو هەمانبوە، ئێمە لە هیچ هەڵبژاردنێك باوەڕمان بە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم نیە لەناو خەڵكەوە."

 

لایەنە ئیسلامییەكان داوادەكەن دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم هەڵبوەشێتەوە، مەروان گەڵاڵی، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ بەناوی فراكسیۆنەكەی‌و بزووتنەوەی ئیسلامییەوە ڕایگەیاند، ئەوان سوورن لەسەر ئەو پڕۆژەیەی كە پێشكەشیان كردووە بۆ گۆڕینی سیستمی سەرۆكایەتی بۆ پەرلەمانی، وتی، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا داوایانكردووە دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم هەڵبوەشێتەوە.

 

هاوكات بەهزاد زێباری سەرۆكی فراكسیۆن یەكگرتوو ڕایگەیاند، پێیانباشە دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم هەڵبوەشێتەوەو نەمێنێت، لە داهاتووشدا پڕۆژە یاسا بۆ ئەو بابەتە پێشكەش دەكەن.

 

ئەبوبەكر هەڵەدنی پەرلەمانتاری یەكگرتووش دەڵێت"ئەو پۆستە زیادەیەو زەرورەتی مێژوویی نەیخولقاندووەو دوو ئیدارەیی‌و لێكەوتەكانی شەڕی ناوخۆ و ڕێككەوتنی ستراتیژی یەكێتی و پارتی بۆ دابەشكردنی پۆست و پارە هێناویەتییە كایەوە."

 

سەرۆكایەتی هەرێم ساڵی 2005 دامەزرا، هەرێمی كوردستان لە ماوەی 12 ساڵ هەبوونی ئەو دامەزراوەیەدا تەنها یەك سەرۆكی بەخۆیەوە بینی كە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، ئەوەش بە ڕێككەوتن لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە بەرامبەر پێدانی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بە یەكێتی.

 

بارزانی لەساڵی 2013دا دوو خولی سەرۆكایەتی هەرێمی تەواوكرد(8 ساڵ) دواتر 2 ساڵی بۆ درێژ كرایەوە‌و لە 20-8-2015وە دوای 10 ساڵ مانەوەی لەپۆستەكەی وادەی یاسایی كۆتایی هات، بەڵام بە بڕیاری ئەنجومەنی شورای هەرێم بەردەوام بوو تا كۆتایی مانگی 10ی 2017 وازهێنانی ڕاگەیاندو ئامادە نەبوو لە پۆستەكەی بەردەوام بێت.

 

لەگەڵ وازهێنانی مەسعود بارزانی-دا دەسەڵاتەكانی دابەشكران بەسەر پەرلەمان‌و حكومەت‌و دادوەریی‌، زۆرینەی دەسەڵاتەكان دران بە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت.