نوێنەری حدكا لە سلێمانی: كار بۆ بەرەی كوردستانی‌و هێزی پێشمەرگەی یەكگرتوو دەكەین

12-07-2018 04:46
فوئاد خاكی بەیگی، نوێنەری حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لە سلێمانی. وێنە؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

حزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان جوڵە سیاسی‌و سەربازییەكانیان دژی ئێران فراوان كردووەو ناوەندێكیان پێكهێناوە بۆ كاری هاوبەش‌و پێكەوەیی، نوێنەری حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لە سلێمانی دەڵێت، دەیانەوێت بەرەیەكی كوردستانی دروست بكەن‌و هێزەكانی پێشمەرگەی سەرجەم حزبەكان لەژێر یەك چەتردا كۆبكەنەوە.

 

فوئاد خاكی بەیگی، نوێنەری حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران(حدكا) لە سلێمانی، لەم چاوپێكەوتنەدا لەگەڵ پەرەگراف باسلەوەدەكات خەڵك لەناوخۆی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بەدەمەوەچوونی باشیان هەیە بۆ چالاكییەكانی پێشمەرگەو دەڵێت"خەڵك ترسی نەماوە."

 

حدكا سێ ساڵ لەمەوبەر خەباتێكی دەستپێكرد بەناوی (ڕاسان) بە واتای پێكەوە گرێدانی خەباتی شارو شاخ، خاكی بەیگی وتی"پێمانوایە چەقی خەبات دەبێت خەڵك بێت‌و شار جوڵە بكات، سەرەتا لەناو خانە نهێنییەكانەوە لەشار دەستمانپێكردو كۆمەڵێك بەیانمان بڵاوكردەوە كە جوڵە بكەن‌و پێشمەرگە پشتیوانی خەڵكە."

 

نوێنەرەكەی حدكا لە سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، ئەزمونیان لە ساڵانی دیكە وەرگرتووەو ساڵی یەكەمی ڕاسان 20 شەهیدیان هەبوو، بەڵام ئەمساڵ تائێستا یەك شەهیدیان هەیە، وتی"خەڵك ترسی نەماوە‌و خۆی دێت پێشوازیمان لێدەكات‌و بە دەیان‌و سەدان كەس ئامادەدەبن لە كۆبوونەوەی جەماوەریی كە ئەنجامدراوە لە ناوخۆی ڕۆژهەڵات بە ئاڵای كوردستان‌و وێنەی قاسملووەوە."

 

خاكی بەیگی وتیشی"بەهەموو توانا هەوڵمان ئەوەیە هەموو هێزەكانمان كە پێشمەرگەی شارن جوڵە بكەن‌و ڕێنماییش لە شاخ وەربگرن."

 

لە ساڵی ڕابردووەوە ناوەندی هاوكاریی حزبەكانی كوردستانی ئێران ڕاگەیەندراوە، كە 5 لایەنی كوردستانیی تێیدان‌و حدكا یەكێكە لەو لایەنانە، هەرمانگەو یەكێك لەو حزبانە سەرۆكایەتی ناوەندەكە دەكات.

 

فوئاد خاكی بەیگی دەڵێت"ئامانجمان بەرەیەكی كوردستانییەو هەموو حزبەكان بەشێوەی یەكسان بەشداربن تێیدا لە ڕووی هێز، ماددە‌و ڕاگەیاندن‌و دیبلۆماسییەتی دەرەوە، ناوەندەكە لۆگۆی تایبەت بەخۆی هەیەو ڕەمزێكی نەتەوەیی‌و نیشتمانییەو بە نیازین كارەكانمان فراوان بكەین‌و لە ڕووی ڕاگەیاندن‌و سەربازییەوە كاری هاوبەش بكەین."

 

حزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان خاوەن یەك هێزی چەكداری یەكگرتوو نین، هەرحزبێكی چەكدار هێزی هەبێت سەربەخۆیەتی‌و لەژێر فەرماندەیی حزبەكەدایە، بەڵام ئێستا دەیانەوێت هێزەكانیان یەك بخەن.

 

"تا ئێستائەوەی بتوانین پێكەوە لە ژێر چەتری هێزێكی پێشمەرگەی هاوبەش كۆببینەوە نا، بەڵام پێكەوە دوو بە دوو سێ بە سێ هەندێك جموجوڵمان دەستپێكردووە كە پێكەوە بیكەین" فوئاد خاكی بەیگی وای وت.

 

نوێنەرەكەی حدكا لە سلێمانی تەئكیدی كردەوە پێكهێنانی هێزی پێشمەرگەی یەكگرتوو ئامانجیانە، وتی"هەربۆیە ناوی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی ئێرانمان گۆڕیوە بە هێزی پێشمەرگەی كوردستان كە سبەینێ هیچ لایەك گلەیی نەبێت‌و هەمووی خۆی تێدا ببینێتەوە كە فەرماندەییەكی هاوبەشی لە هەموو هێزەكان هەبێت."

 

فراوانبوونی كار‌و چالاكی حزبەكانی ڕۆژهەڵات بە جۆرێكە، لە سەرەتای بەهاری ئەمساڵەوە كەم هەفتە هەبووە چالاكییەكی سەربازی یان زیاتریان نەبووبێت لە ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، زۆرترینیان لەلایەن پێشمەرگەكانی حدكاوە بووە.

 

بارەگای سەرەكی‌و بەرپرسانی باڵای حزبەكانی ڕۆژهەڵات لە هەرێمی كوردستانن‌و حدكا لە كۆیەیە، ئەوەش وایكردووە حكومەتی هەرێم ڕوبەڕوی فشاری ئێران ببێتەوەو لە كاردانەوەدا فشار بخاتەسەر حزبەكانی ڕۆژهەڵات.

 

فوئاد خاكی بەیگی باسلەوەدەكات، هەرێمی كوردستان تەنها یەك داواكاریی لەوان هەبووەو ئەوانیش جێبەجێیان كردووەو پێیەوە پابەندن.

 

"چەندینجار دانیشتنمان كردووە وتویانە خاكی هەرێم بەكار مەهێنن، ئێمەش وتومانە یەك بەڵگە بهێننەوە كە پێشمەرگەی ئێمە لە سلێمانی‌و هەولێرو كۆیەوە ڕۆیشتبن، ئێمە پێشمەرگەمان لە شاخن‌و لە سنورەكانی ڕۆژهەڵاتین‌و حكومەتی هەرێم دەسەڵاتی ئیداری‌و یاسایی بەسەریدا نیە، ئێمە هێزی پێشمەرگەی شارمان پێكهێناوە لە ناوخۆی ڕۆژهەڵات كە ئەندامانی ناوخۆی حزبی دیموكراتن‌و لە ناوخۆ چالاكی دەكەن" نوێنەری حدكا لە سلێمانی وای وت.

 

چاوەڕێی چی لە ئەمەریكا دەكەن؟

 

فراوانكردنی كارو چالاكی‌و ئامادەسازیی حزبەكانی ڕۆژهەڵات بۆ كاری پێكەوەیی، لە چوارچێوەی خۆئامادەكردنیانە بۆ ئەگەری گۆڕانكاریی لە ئێران، ئەوەش لەكاتێكدایە ئیدارەی نوێی ئەمەریكا بە سەرۆكایەتی دۆناڵد ترەپ بە تووندی ڕوبەڕوی ئێران وەستاوەتەوەو لە هەنگاوە سەرەتاییەكانیدا لە ڕێككەوتنی ئەتۆمی كشایەوەو دۆخی ئابوری ئێرانی ڕوبەڕوی كێشەی سەخت كردووەتەوە.

 

فوئاد خاكی بەیگی دەڵێت"ئەمەریكای پێش ئۆباماو دوای ئۆباما جیاوازە، ئەوەی ئۆباما خزمەتی بە ئێران كرد هیچ حكومەتێك تائێستا نەیكردووە، ئازادیی لە ناوخۆی ئێران خنكاند‌و دەنگی هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان‌و نەتەوە بن دەستەكانی بەتەواوی كپ كرد ئەمە خودی كۆماری ئیسلامی ئێران نەیكردووە، بە بڕوای ئێمە، ترەمپ ئێرانی بەتەواوی ناسیوەو جیاوازییەكی زۆر دەبینین."

 

ئەمەریكا لە چوارچێوەی بایەخدان بە حزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، كۆتایی مانگی ڕابردوو بانگهێشتی كردن بۆ واشنتۆن، مستەفا هیجری سكرتێری حدكا لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا كۆبووەوەو بەشداربوو لە چەندین كۆڕو سیمیناری ناوەندەكانی توێژینەوە.

 

نوێنەرەكەی حدكا لە سلێمانی باسلەوەدەكات، دوای ئەو سەردانە بۆیان دەركەوتووە ئەمەریكا بەشێوەیەكی جیاوازتر لە پێشوو، لە ئەوان دەڕوانێت وەك كوردو وەك ئۆپۆزسیۆنی ئێرانیش.

 

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئەمەریكا بە نیازی چییە بەرامبەر ئێران؟ فوئاد خاكی بەیگی، وتی"دەیەوێت ڕەفتاری ڕژێم بگۆڕێت، بەڵام ئێمە خەباتی خۆمان پەیوەست نەكردووە بە ئەمەریكاوە، خەباتی ئێمە لەگەڵ نەتەوەكانی دیكەی ئێران پێكەوە گرێدراوەو هەموو دەرفەتەكان دەقۆزینەوە بۆئەوەی بەرەوپێشی بەرین."

 

خاكی بەیگی، وتیشی"چاوەڕێی ئەوەین كابینەكەی ترەمپ زیاتر ئێران بناسێنێ‌و پشتیوانی سیاسی لە بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەكانی ئێران بكەن، ئێمە ئەو خەباتەی خۆمان بەرەو پێش دەبەین، بەڵام وەك سەردەمی ئۆباما لەبەرخاتری بەرژەوەندی ئابوری خۆیان یارمەتیدەری ڕژێمێك نەبن كە هەموو ئەو بەهامرۆیی‌و مافانە پێشێل دەكات كە ئەمەریكا خۆی پڕوپاگەندەی بۆدەكات."