شەپۆلی توڕەیی خەڵكی باشوری عێراق دژی حكومەت بەردەوامە

16-07-2018 06:48
خۆپیشاندەران لە بەسرە بە سوتاندنی تایە توڕەیی خۆیان دەردەبڕن/ 12-7-2018. وێنە؛ ڕۆیتەرز.

 

پەرەگراف

 

خۆپیشاندان لە چەند ناوچەیەكی باشوری عێراق درێژەی هەیەو بەڵێنەكانی حكومەت توڕەیی خەڵكی ناڕازی دانامركێنێتەوە، لەگەڵئەوەی هەوڵەكانی حكومەت بەردەوامە بۆ سەركوتكردن‌و كۆتاییهێنان بە خۆپیشاندانەكان، هاوكات فشارو ناڕەزاییەكان بێهودە نەبوون‌و گۆڕانكارییان دروستكردووە.

 

خۆپیشاندانەكان سەرەتا لە شاری بەسرەی دەوڵەمەند بە نەوت دەستیپێكرد، دواتر زۆربەی پارێزگاكانی باشوری عێراقی گرتەوە لە ناویاندا نەجەف كە پیرۆزترین ناوچەی شیعەكانەو مەزاری ئیمامەكانی شیعەی تێدایە.

 

دروشمی خۆپیشاندەران دژایەتی گەندەڵی‌و باشكردنی خزمەتگوزاری بەتایبەت كارەباو ئاو ‌و ڕەخساندنی هەلی كارە، لە چەند ناوچەیەك خۆپیشاندەرانی توڕە پەلاماری دامودەزگای حكومی‌و حزبی‌و ماڵی بەرپرسانیان داوە.

 

هەرچەندە ئاماری فەرمیی لەبەردەستدا نییە، بەڵام ڕاگەیاندنەكان تەئكید دەكەنەوە لەماوەی زیاتر لە هەفتەیەكی نائارامییەكاندا بە تەقەی هێزە ئەمنییەكان چەندین خۆپیشاندەر كوژراون‌و برینداربوون.

 

لەگەڵئەوەی بەرزیی پلەی گەرماو كەمیی خزمەتگوزاری هۆكاری سەرەكییە بۆ ڕژانەسەر شەقامی خەڵكی باشوری عێراق لە مانگی تەموزدا، بەڵام یاسین تەها توێژەرو چاودێری دۆخی عێراق پێیوایە بەدەر لە خزمەتگوزاریی، هۆكاری سەرەكی ناڕەزاییەكان هەستكردنە بە "پەراوێز خستن."

 

"بەسرە لەسەدا 85ی بودجەی عێراق دابین دەكات، ئاوی خواردن‌و كارەبای نییە پلەی گەرما 50یە، خەڵك هەست بە پەراوێزخستن دەكەن" یاسین تەها بۆ پەرەگراف وای وت.

 

لایەنە عێراقییەكان‌و مەرجەعیەتی شیعە پشتیوانییان بۆ داواكاری خۆپیشاندەران دەربڕیوە، بەڵام تائێستا هیچ كەس‌و لایەنێك نەیتوانیوە خۆی بكات بە خاوەنی ناڕەزاییەكان، تەنانەت خۆپیشاندەرانیش لایەنێكی دیاریكراو نییە كە ڕێكخەریان بێت‌و سەرپەرشتییان بكات.

 

تائێستا دۆخەكە تەمومژاوییە، بەڵام وەك یاسین تەها دەڵێت، خۆپیشاندانەكان لە بەرژەوەندیی حكومەت نییە كە حەیدەر عەبادی سەرۆكایەتی دەكات. عەبادی سێیەم براوەی هەڵبژاردنەكەی ئایاری ئەمساڵی پەرلەمانی عێراقە.

 

خۆپیشاندانەكان لەكاتێكدان هێشتا ئەنجامی هەڵبژاردنەكەی 12-5 پەسەند نەكراوە، پەرلەمان كە پایەیەكی سەرەكیی حوكمڕانییە لە عێراق، ماوەی یاسایی كۆتایی هاتووەو دیارنییە پەرلەمانی نوێ كەی دەستبەكار دەبێت، بەهۆی ئەو دۆخەوە چاودێریی بەسەر كارەكانی حكومەتەوە نەماوە.

 

یاسین تەها دەڵێت"گومانی تێدانییە خۆپیشاندانەكان بە سەركوتكردن كۆتایی پێدەهێنرێت، بەڵام هەندێك گۆڕانكارییش دروست دەكات بۆنمونە؛ فڕۆكەخانەی نەجەف گەڕایەوە ژێردەستی حكومەت لە كاتێكدا لەژێر دەستی 5 حزبدا بوو."

 

دوای بەسرە، شاری نەجەف بووە شوێنی تەقینەوەو فراوانبوونی ناڕەزاییەكان، خۆپیشاندەران چوونە فڕۆكەخانەی نەجەف‌و كۆنتڕۆڵیان كردو گەشتەكانی فڕۆكەخانەكە ڕاگیران، ئێستا دۆخی فڕۆكەخانەكە ئاسایی بووەتەوە، ئەوەش بووە دەرفەت بۆ حەیدەر عەبادی تاوەكو بیخاتەوە ژێردەسەڵاتی حكومەت.

 

عەبادی پێشتر دووجار ئەو هەوڵەیداوەو فەرمانی بۆئەو مەبەستە دەركردووە، بەڵام سەركەوتوو نەبووەو بەڕێوەبردنی فڕۆكەخانەكەو پۆستە باڵاكانی بەدەست حزبە باڵادەستەكانی نەجەفەوە بوون.

 

حكومەتەكەی عەبادی ڕووەو خەڵكی ناڕازیی بەسرە چەندین بڕیارو بەڵێنیداوە، وەك؛ چارەسەركردنی كێشەی ئاو و كارەبا‌و دابینكردنی هەلی كار بۆ 10 هەزار كەسی پارێزگاكە، بەڵام شەپۆلی توڕەیی خەڵك دانەمركاوەتەوەو ئەمڕۆ خۆپیشاندەران ناڕەزاییەكانیان بردووەتەبەردەم كێڵگەی گازی سیبە.

 

هەرچەندە خۆپیشاندەران كاریگەرییان نەبووە لەسەر بەرهەمهێنان‌و هەناردەی گاز لە كێڵگەكە، بەڵام ئەو كێڵگەیەو سێ كێڵگەی گەورەی بەرهەم هێنانی نەوت (كێڵگەی قورنەی 1 و 2، كێڵگەی ڕومێلە) لەژێر ڕەحمەتی توڕەیی خۆپیشاندەرانی ناڕازیدان، حكومەتی عێراقیش لەو ناوچانە ڕێوشوێنی ئەمنیی توندی گرتووەتەبەر.

 

یاسین تەها پێیوایە، ڕەنگە خۆپیشاندانەكان درێژە بكێشن‌و بەردەوام بن، بەڵام زەحمەتە بەغدادی پایتەخت بگرنەوە، وتی"لە بەغدا هێزی ئەمنیی زۆر هەن، نزیكەی 15 جۆر هێزی ئەمنیی لە بەغدا هەیە، دەوڵەت هەمووی لەبەغدایە، ئەوەی لەبەسرە ڕوویدا لە بەغداد ئەگەری ڕوودانی زەحمەتە."

 

حكومەتەكەی عەبادی لە كۆتاییەكانی تەمەنیدایەو بەدەر لە خۆپیشاندان‌و ناڕەزاییەكان ڕوبەڕوی پێشهاتێكی دیكەش بووەتەوە، ئەویش سەرهەڵدانەوەی داعشە بەتایبەت لە چەند ناوچەیەكی پارێزگای كەركوك.

 

تائێستا ڕوون نییە ئەم پێشهاتە نوێیانە چارەنوسی كابینەكەی عەبادی بەكوێ دەگەیەنن‌و چ كاریگەرییەكیان دەبێت لەسەر پێكهێنانی كابینەی نوێ، لەكاتێكدا عەبادی خواستی ئەوەی هەیە كابینەی داهاتووش هەرخۆی سەرۆكایەتی بكات.