چالاكوانێكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە پێنجوێن "تیرۆر" كرا

18-07-2018 04:52
ئیقبال مورادی.

 

پەرەگراف

 

تەرمی ئیقبال مورادی چالاكوانی ناسراوی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە شارۆچكەی پێنجوێن دۆزرایەوە، حزبەكانی ڕۆژهەڵات‌و ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ دەڵێن، "تیرۆر" كراوەو پەنجەی تۆمەت بۆ ئێران ڕادەكێشن.

 

ئیقبال مورادی ماوەی 13 ساڵە ڕۆژهەڵاتی كوردستانی بەجێهێشتووەو لە شارۆچكەی پێنجوێن نیشتەجێ بووە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ تەرمەكەی لە نزیك چەمی گەورەی ئەو شارۆچكەیە دۆزراوەتەوەو ئاسەواری فیشەكی پێوەبووە.

 

ئیقبال مورادی باوكی زانیار مورادی‌و مامی لوقمان مورادییە كە دوو زیندانیكراوی ناسراوی ڕۆژهەڵاتی كوردستانن‌و لە ئێران سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە.

 

پێشتر ئیقبال مورادی ئەندام‌و پێشمەرگەی حزبی كۆمەڵە بووە‌و دواتر دەستی لەكار كێشاوەتەوەو بووەتە لایەنگری پژاك، مورادی هەروەها ئەندامی بەڕێوەبەریی ڕێكخراوی كۆمەڵەی مافی مرۆڤی كوردستان بووە.

 

كۆمەڵەی مافی مرۆڤی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت، ئیقبال مورادی "تیرۆر"كراوەو سەرباری بەتووندی ئیدانەكردن، داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات "بە زوترین كات دەست و پەیوەندیەكانی ئەم تاوانە بدۆزێتەوە و لە دادگەیەكی بەرابەردا موحاكمە بكرێن."

 

ئیقبال مورادی ساڵی 2008 هەرلە شارۆچكەی پێنجوێن دەستڕێژی گوللەی لێكراوەو بریندار كراوە، دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە لە مردن ڕزگاری بووە.

 

ئەمڕۆش دوای دۆزینەوەی تەرمەكەی، ڕەوانەی پزیشكی دادوەری سلێمانی كراوەو دواتر گەڕێندراوەتەوە بۆ پێنجوێن بە مەبەستی بەخاكسپاردنی.

 

 

بەڕێكردنی تەرمی ئیقبال مورادی لە پزیشكی دادی سلێمانی بۆ پێنجوێن. وێنە؛ پەرەگراف.

 

"هەموو نیشانەكان وا دەردەخەن، كە كۆماری ئیسلامی تاوانباری ئەو تیرۆرەن، ئەوە یەكەم جار نییە كە ئیقبال مورادی دەكەوێتە بەر هێرشی تیرۆریستی" حزبی كۆمەڵە لە ڕاگەیەندراوێكدا دەربارەی دۆزینەوەی تەرمی ئیقبال مورادی وادەڵێت.

 

كۆمەڵە ڕووداوەكە بە توندی شەرمەزار دەكات‌و داوا لە حكومەتی هەرێم دەكات، بە زووترین كات تاوانباران بدۆزرێنەوەو سزابدرێن.

 

ئەوە یەكەمجار نییە چالاكوانانی سیاسی‌و مافی مرۆڤ، لە هەرێمی كوردستان‌و بەتایبەت لە شارۆچكەی پێنجوێن ڕوبەڕوی ڕووداوی لەوشێوەیە دەبنەوە، بەردەوام حزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان‌و ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ ئەو ڕووداوانە بە "تیرۆر" لەقەڵەم دەدەن‌و ئێران تۆمەتباردەكەن بە ئەنجامدانیان.

 

لە ساڵی 2016دا هەریەكە لە كەمال شێخ سادەو سدیق ساڵیئاوایی چالاكوانانی سیاسیی لە پێنجوێن ڕفێندران‌و دواتر تەرمەكانیان دۆزرانەوە كە ئاسەواری فیشەكیان پێوەبوو، لەسەر ئەو ڕووداوە 2 كەس وەك تۆمەتبار دەستگیركران‌و دواتر لە دادگا سزای لە سێدارەدانیان بۆ دەركرا.

 

دۆزینەوەی تەرمی ئیقبال مورادی هاوكاتە لەگەڵ فراوانبوونی كار‌و چالاكی حزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان دژی ئێران، بارەگای سەرەكی‌و بەرپرسانی باڵای ئەو حزبانە لە هەرێمن‌، هەروەها هەندێك لە چالاكوانانی مافی مرۆڤی ڕۆژهەڵات لە هەرێم نیشتەجێن، ئەم ڕووداوانە ترس‌و دڵەڕاوكێ دەخەنە دڵی ڕۆژهەڵاتییەكانی نیشتەجێی هەرێم كە خاكی باشور بە پەناگەیەكی ئارام دەزانن.