نماو چیای نەوشیروان مستەفا دەربارەی خاوەندارێتی موڵك‌و ماڵی گۆڕان "بێدەنگی دەشكێنن"

21-07-2018 06:05
چیاو نما - نەوشیروان مستەفا.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

نماو چیای نەوشیروان مستەفا "بێدەنگی دەشكێنن"‌و وەڵامی ئەو ڕەخنانە دەدەنەوە كە لە پرسی خاوەندارێتی موڵك‌و ماڵی گۆڕاندا ئاڕاستەیان دەكرێن، نەوشیروان مستەفا ئەو پرسەی "بەسەردا تێنەپەڕیوەو بە مەبەست‌و ئامانج" بەو جۆرە بەجێی هێشتووە، ئەمە بەوتەی بەرپرسێكی باڵای گۆڕان بۆ پەرەگراف.

 

ئەوە لەكاتێكدایە كێشە ناوخۆییەكانی گۆڕان بەردەوامەو عومەری سەید عەلی ڕێكخەری گشتی بزووتنەوەكە نەیتوانیوە سەركردە ناڕازییەكان بگەڕێنێتەوە.

 

ناڕازییەكان سوورن لەسەر ئەوەی، تا پرسی موڵك‌و ماڵ‌و دارایی گۆڕان‌و میدیای بزووتنەوەكە نەخرێنە ژێردەستی دامەزراوەكانی گۆڕان ئەوان درێژە بە ناڕەزاییەكانیان دەدەن، ئێستا موڵك‌و ماڵ بەناوی كۆمپانیای وشەوەن كە كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا خاوەندارێتی دەكەن.

 

"كاك نەوشیروان حسابی بۆ وردو درشتی شتەكان كردووە، لە ساویلكەییەوە نییە موڵ‌و ماڵەكەی نەكردووە بەناوی گۆڕانەوە" ئەمە وتەی بەرپرسە باڵاكەی گۆڕانە كە ئاگاداری وردەكاریی ململانێ ناوخۆییەكانی بزووتنەوەكەیەتی.

 

ئەو بەرپرسەی گۆڕان كە لەبەر هەستیاریی پرسەكە نایەوێت ناوی بهێنرێت، بۆ پەرەگراف وتیشی"كاك نەوشیروان دوو تایبەتمەندیی سەرەكی هەبوو، یەكەمیان ئەوەبوو خۆشەویستیی بۆ ماڵ‌و موڵك‌و دەوڵەمەندبوون نەبووەو نەیویستووەو هەتا مردیش ماڵەكەی مقەڕ بوو. دووەمیان ئەوەبوو هەموو شتێكی بە بەرنامەبوو، خاوەندارێتی موڵك‌و ماڵەكەی بەسەردا تێنەپەڕیوەو لە بیركردنەوەی قوڵەوە بووە بەوجۆرە بەجێی هێشتووەو بە مەبەست‌و ئامانج ئەمەی كردووە."

 

نەوشیروان مستەفا ڕێكخەری كۆچكردوی بزووتنەوەی گۆڕان، ناوێكی دیارو ناسراوی نیوسەدەی ڕابردووی خەباتی سیاسی‌و چەكداریی كوردە لە باشوری كوردستان، لەگەڵ ناوهێنانیدا، یارو نەیار، دژایەتی گەندەڵی، سادەیی، خاكی بوون‌و ماڵی دونیا نەویستییان دێتەوە یاد، بەڵام ئێستا لای هەندێك كەس نیشانەی پرسیار لەسەر ئەو پیاوەو تایبەتمەندییەكانی ژیانی دروست بووە.

 

موڵك‌و پارەی دەستی نەوشیروان مستەفا بۆ دامەزراندنی گۆڕان ئەوەبوو كە ساڵی 2006 لە مام جەلالی وەرگرتبوو؛ 10 ملیۆن دۆلار لەگەڵ گردی زەرگەتەو تەلاری چاودێری دارایی لە سلێمانی، دواتریش بۆ دەستخستنی داهات بووە خاوەنی پشكی لەسەدا 25ی سۆپەرماركێتێك بەناوی میترۆ لە تەنیشت گردەكە، پاشان مۆڵەتی كارگەیەكی چیمەنتۆی وەرگرت(ئێستا پشكی لەسەدا 15ی كارگەی گاسن هی ئەوانە)، ئەمانە بەناوی كۆمپانیای وشەوەن كە ئەویش بەناوی خودی نەوشیروان مستەفاوە بوو ئێستا بەناوی نماو چیاوەن.

 

خاوەندارێتی ئەو موڵك‌و ماڵە هەڵایەكی گەورەی دروستكردووە، لێكەوتەكانی تائێستاش بەردەوامن كە بەهۆیەوە چەند بەرپرسێكی باڵای بزوتنەوەكە نیگەرانن‌و ناچنە گردی زەرگەتەی مەكۆی سەرەكی حزبەكەیان.

 

داواكاریی ناڕازییەكان ئەوەیە، بزووتنەوەی گۆڕان ببێتە خاوەنی موڵك‌و ماڵی لە نەوشیروان مستەفا بەجێماو، بەڵام لە دواین كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی گۆڕاندا(12-7-2018) ڕێكخەری گشتی ئەو بزووتنەوەیە، بە تەواوەتی ناڕازییەكانی بێئومێد كردووە.

 

بەوتەی بەشداربوویەكی كۆبوونەوەكە، عومەری سەید عەلی ڕوون‌و ڕاشكاو وتویەتی، "موڵك‌و ماڵ هی كوڕەكانی كاك نەوشیروانن‌و گۆڕان خاوەنی هیچ نییە."

 

ئەو وتەیە لە كاتێكدابووە چەند ڕۆژێك بەرلەو كۆبوونەوەیە، ڕێكخەری گشتی گۆڕان سەردانی هەریەكە لە عوسمانی حاجی مەحمودو قادری حاجی عەلی كردووە كە دوو باڵاترین كەسی ناڕازی ناو گۆڕانن‌و داوای لێكردوون بگەڕێنەوە بۆ گردی زەرگەتە، "بەڵام ئەو سەردانە هیچی لێ سەوز نەبووە."

 

نماو چیا بۆ بێدەنگن؟

 

چەند ڕۆژێك دوای هەڵبژاردنەكەی مانگی ئایاری پەرلەمانی عێراق، ناڕەزاییەكانی ناو گۆڕان سەریان هەڵدایەوەو ئەمجارەیان ناڕازییەكان هەڵوێستی تووندتریان پیشانداو گەیشتە بایكۆتكردنی گردی زەرگەتەو دەستلەكار كێشانەوە.

 

لەو كاتەوە زۆرترین دوو كەس كە ڕوبەڕوی ڕەخنە بوونەتەوە كوڕەكانی نەوشیروان مستەفان، ئەوان كە ئێستا لە دەرەوەی وڵاتن، بێدەنگییان هەڵبژاردووەو وەڵامی ڕەخنەكانیان نەداوەتەوە.

 

بەرپرسە باڵاكەی گۆڕان تەئكیدی لەوە دەكردەوە، نماو چیا دڵنیاییانداوە كە موڵك‌و ماڵ‌و داهاتی كۆمپانیای وشە بۆ كەسیی خۆیان بەكارناهێنن‌و وەك سەردەمی باوكیان لە خزمەتی گۆڕاندا دەبن، وتیشی"لەماوەی داهاتوودا نماو چیا وەڵامیان دەبێت بۆ هێرش‌و تۆمەتەكان، پرسەكەش بەوجۆرە یەكلایی دەبێتەوە كە ئەوە بسەلمێنێت كاك نەوشیروان كاری بۆئەوە نەكردووە كوڕەكانی ببنە خاوەنی موڵك‌و ماڵ‌و ملیۆنێر ببن."

 

لە وەڵامی ئەوەی بۆچی تائێستا بێدەنگییان هەڵبژاردووە؟ ئەو بەرپرسەی گۆڕان وتی"لە باوكیانەوە هەندێك شت فێربوون، كاك نەوشیروان هەمیشە دەیوت هەرگیز مەكەونە كاردانەوەو بەرگریكردن، مەچنە جەبهەیەكیشەوە كە بەرامبەر بۆتان دیاری بكات، تەئكیدی لەوەش دەكردەوە ئەگەر چوویتە هەر شەڕو ململانێیەك ئاوڕ بۆ دواوە نەدەیتەوەو ئاگات لە ئامانجەكەت بێت."

 

هەرچەندە زۆربەی بەرپرسە ناڕازییەكانی گۆڕان ئێستاش بە گەورەییەوە باسلە نەوشیروان مستەفاو هەنگاوەكانی ژیانی دەكەن، بەڵام كەسانێك هەن گواستنەوەی خاوەندارێتی كۆمپانیای وشە بۆسەر ناوی نماو چیا وایلێكردوون نیشانەی پرسیار لەسەر خودی نەوشیروان مستەفاو مێژووەكەی دابنێن.

 

لەبارەی ئەو نیگەرانییانە، بەرپرسەكەی گۆڕان وتی"كاك نەوشیروان هەربە گەورەیی لە زهنیەتی خەڵكدا دەمێنێتەوە، لە دوورمەودادا ئەوە بۆ خەڵك ڕووندەبێتەوە كە كاك نەوشیروان چ مەبەستێكی هەبووە، دەردەكەوێت ئەوەندەی كێشە‌و مەشاكیلی بۆ كوڕەكانی جێهێشتووە، موڵك‌و ماڵی بۆ جێنەهێشتوون، هەبوونی گۆڕی خۆی لە گردی زەرگەتە ئاماژەیەكی ڕوونە."

 

ئەو بەرپرسەی گۆڕان وتیشی"ئەگەر كاك نەوشیروان موڵك‌و ماڵی بویستایە، خانوەكەی گەڕەكی عەلی ناجی لەسەر خۆی تاپۆدەكرد، كاتی خۆی مام جەلال پێی وتووە، بەڵام ئەو ڕازی نەبووە بیكات بەناوی خۆیەوە، دواتر مام جەلال بە شوعلەخانی خێزانی وتووە: نەوشیروان لانیكەم ئەوەی دەكەوێت ئەو خانووە بكات بەناوی خۆیەوە، بەڵام ئەو نایكات تۆ بیكە بەناوی خۆتەوە. شوعلەخانیش بەهەمانشێوە ڕازی نەبووە."

 

دوو ئاڕاستەكەی ناو گۆڕان چۆن باسی كێشەكان دەكەن؟

 

بزووتنەوەكەی نەوشیروان مستەفا كە لەبەردەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندایە، ئێستا بەتەواوی دابەش بووە بەسەر دوو ئاڕاستەی ناكۆك‌و پێچەوانەدا.

 

ناڕازییەكان بەجۆرێك دەدوێن كە خاوەندارێتی موڵك‌و ماڵ‌و داهاتی گۆڕان دەكەنە سەرچاوەی كێشەكان، ئەوانەی دیكەش كە ناڕازی نین‌و زیاتر بە ئاڕاستەی كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا ناودەبرێن باسلە دیوێكی دیكەی ململانێكان دەكەن‌و دەڵێن، پرسی موڵك‌و ماڵ پاساوە بۆ گەمەیەكی دیكەی ناوخۆیی.

 

"گۆڕان ئیفلیج بووەو بارمتەی دەستی كۆمپانیای وشەیە، ئێستا كۆمپانیاكە حكومەتە لەناو حزبدا بەوپێیەی پارە تەنها لای ئەوان هەیە" ئەمە وتەی بەرپرسێكی ناڕازییە بۆ پەرەگراف.

 

هەرچەندە هەردوو ئاڕاستەكەی گۆڕان لە خەمی بزووتنەوەكەیاندان بەتایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان‌و نایانەوێت كێشە ناوخۆییەكانیان گۆڕان لاواز بكات، بەڵام ئاسۆكانی چارەسەر دیارنین‌و پێناچێت لە خاڵێكدا بە یەك بگەن.

 

بەرپرسە ناڕازییەكەی گۆڕان، وتی"پێویستە موڵك‌و ماڵ بكرێت بەناوی ژوری كارگێڕی‌و دارایی یان هەر دامەزراوەیەكی دیكەی بزووتنەوەكەوە، یان بە پێچەوانەوە لەتبوون ڕوودەدات‌و گۆڕان زیانی گەورەی بەردەكەوێت."

 

ئاڕاستەكەی دیكەی ناو گۆڕان بە پێچەوانەی ناڕازییەكانەوە، پێیانوایە خاوەندارێتی موڵك‌و ماڵ سەرچاوەی كێشەكە نییەو ململانێكە پەیوەندیی بە ژیانی حزبایەتی‌و بەڕێوەبردن‌و مۆدێلی حزبایەتییەوە هەیە.

 

"موڵك‌و داهاتی كۆمپانیای وشە وەك پێشتر لە خزمەتی گۆڕاندایە، تائێستا 2 ملیۆن دۆلار وەرگیراوە وەك پشكی كۆمپانیاكە لە كارگەی چیمەنتۆ كە سەرچاوەی سەرەكی داهاتە، هەردوو ملیۆنەكە دراوە بە گۆڕان، ملیۆنێك بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق‌و ملیۆنێك خراوەتەسەر حسابێك بۆ كەناڵی كەی ئێن ئێن" بەرپرسێكی گۆڕان ئەمەی بە نمونە هێنایەوە كە داهاتی كۆمپانیای وشە لە خزمەتی گۆڕاندایە.

 

ئەو بەرپرسەی گۆڕان وتیشی"ململانێكە شێوازی بەڕێوەبردنی حزب‌و ڕۆڵی كوتلەو كوتلەكارییە، ناڕازییەكان لەگەڵ ئەم مۆدێلە حزبایەتییەی گۆڕان هەڵناكەن، دەیانەوێت وەك حزبەكانی دیكە جڤات لە كۆنگرەو بە ململانێ‌و تەكەتولات هەڵبژێردرێت، دواتریش بڕیاربەدەست ئەوان بن لە پرسە گرنگەكانداو ڕای خۆیان بسەپێنن."

 

بە پێچەوانەوە ناڕازییەكان دەڵێن، كێشەیان لەگەڵ مۆدێلی حزبایەتیی گۆڕان نییەو خۆیان بەشێكن لەو مۆدێلە، بەمجۆرە بۆهەر پرس‌و باسێك كە ئاڕاستەیەكی گۆڕان بیكات، ئاڕاستەكەی دیكە وەڵامی جیاوازی هەیە‌و كێشەو ململانێكە درێژە دەكێشێت.

 

بەڵام ئەوەی خاوەنی قسەی كۆتاییە لە پرسی موڵك‌و ماڵ‌و خاوەندارێتی كۆمپانیای وشە، نماو چیای نەوشیروان مستەفان، ئەوان بڕیارە لە داهاتوودا بێدەنگیی بشكێنن‌و پرسەكە بەلایەكدا بخەن، دیارنییە هەڵوێستەكەیان چی دەبێت؟ ئایا دەبێتە جێگەی ڕەزامەندیی ناڕازییەكان‌و پێكەوە جارێكی دیكە لە دەوری یەك كۆدەبنەوە، یاخود لەتبوون لەناو گۆڕان دەبێتە ئەمری واقیع‌و هەروەك ئێستا هەر ئاڕاستەیەك پەنجەی تۆمەت بۆ ئاڕاستەكەی دیكە ڕادەكێشێت، داهاتوو وەڵامدەرەوەی ئەم پرسیارانەو زۆر پرسیاری دیكە دەبێت.