وردەكاری هێرشی چەكداریی بۆسەر بینای پارێزگای هەولێر

23-07-2018 03:20
هێزە ئەمنییەكان لە نزیك بینای پارێزگای هەولێر، 23-7-2018. وێنە؛ كەی ئێن ئێن.

 

پەرەگراف

 

بەرپرسانی هەولێر دەڵێن، ئەو هێرشە چەكدارییەی ئەمڕۆ كرایەسەر بینای پارێزگای هەولێر "تیرۆرستی" بووە، دژەتیرۆری كوردستان ناوی هەر سێ هێرشكارەكەی ئاشكرا كرد‌و دەڵێت، خەڵكی هەولێرن‌و تەمەنیان لە نێوان 16 بۆ 18 ساڵە.

 

بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەرلە دەستپێكردنی دەوامی فەرمی‌و لە كاتژمێر 7:12 خولەكدا 3 چەكدار چوونەبەردەم بینای پارێزگای هەولێر، دوای برینداركردنی پاسەوانێكی بیناكە، چوونە ژورەوەو هەوڵیاندا دەستبەسەر بیناكەدا بگرن.

 

چەكدارەكان، چەند كاتژمێرێك لەناو بینای پارێزگا مانەوەو ڕوبەڕوی هێزە ئەمنییەكان بوونەوەو شەڕو پێكدادان ڕوویدا، دواتر هێزە ئەمنییەكان كۆنتڕۆڵی دۆخەكەیان كردو هەر 3 چەكدارەكە كوژران، لە دوای كاتژمێر 12ی نیوەڕۆ كۆتاییهاتنی هێرشە چەكدارییەكە ڕاگەیەندرا.

 

پەیجی فەرمی دژەتیرۆری كوردستان لە فەیسبوك زانیاریی لەبارەی ئەو 3 چەكدارەوە ئاشكرا كردووەو دەڵێت، كوردن‌و دانیشتووی‌ شاری هەولێرن.

 

"بەپێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان، ئەو سێ چەكدارەی كە ئەمڕۆ بەیانی‌ هێرشیان كردەسەر باڵەخانەی پارێزگای هەولێر و لە رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزە ئەمنییەكاندا كوژران، هاووڵاتی هەرێمی كوردستان و دانیشتووی‌ شاری هەولێر- گەڕەكی قەڵاتی نوێن بە ناوەكانی (رەهێڵ محەممەد رۆستەم مووسا لە دایكبووی ساڵی 2002، بیلال سلێمان عەبدولڕەحمان ئەحمەد لەدایكبووی ساڵی 2000، عەبدولرەحمان رەحیم قادر حوسێن لە دایكبووی ساڵی 2002). هەرسێ هێرشكارەكە‌ قوتابی قۆناغی ئامادەیی بوون" دژەتیرۆری كوردستان وادەڵێت. 

 

هاوكات ئاسایشی هەولێر لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت"3 چەكدار كە ناسنامەیان لای ئێمە ئاشكرایە لە كردەوەیەكی تیرۆرستیدا پەلاماری باڵەخانەی پارێزگای هەولێریانداو ڕوبەڕوی پۆلیسەكان بوونەتەوە."

 

ئاسایش دڵنیایی دەدات كە ڕەوشی ئەمنیی هەولێر ئارامە دەشڵێت"لە ئایندەیەكی نزیكدا وردەكاری زیاتری ئەم كردەوە تیرۆرستیە بڵاودەكرێتەوە."

 

لە ڕووداوەكەدا فەرمانبەرێكی خزمەتگوزاری پارێزگا دوای برینداركردنی لەلایەن چەكدارە هێرشكارەكانەوە گیانی لە دەستداوە، ئەو فەرمانبەرە تەمەنی 55 ساڵەو دوو كوڕو كچێكی هەیەو خەڵكی شەقڵاوەیە، هەروەها ژمارەیەك پۆلیس‌و ئاسایش برینداربوون‌و دۆخی تەندروستییان جێگیرە.

 

نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر، دوای هێرشەكە لەبەردەم بینای پارێزگا لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند"3 چەكداری تیرۆریست هەڵیانكوتاوەسەر باڵەخانەی پارێزگا كە باڵەخانەیەكی مەدەنییەو خزمەتی هاوڵاتیان دەكات."

 

پارێزگاری هەولێر ئەوەشی خستەڕوو، دوای ئەوەی چەكدارەكان چوونەتە ناو بینای پارێزگا، هێزەكانی ئاسایش‌و پۆلیس گەیشتوونەتە شوێنەكەو توانیویانە كۆنتڕۆڵی دۆخەكە بكەن.

 

چەكدارەكان چوونەتە نهۆمی سێیەمی بیناكە كە ژوری پارێزگاری تێدایە، سەرەتا دوانیان لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە كوژراون‌و دواتر چەكداری سێیەمیش كوژراوە.

 

بینای پارێزگا دەكەوێتە ناوەندی شاری هەولێر، ئەوە یەكەمجارنییە ڕوبەڕوی هێرش دەبێتەوە، لە 19-11-2014 خۆكوژێك بە ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو لە هەمان شوێن هێرشی ئەنجامداو بەهۆیەوە 5 كەس كوژران‌و 19ی دیكە بریندار بوون.

 

 

بەردەم بینای پارێزگای هەولێر دوای هێرشە خۆكوژییەكەی 19-11-2014. وێنە؛ پەرەگراف.

 

ڕاگەیەندراوی ئاسایشی هەولێر دەربارەی هێرشەكەی ئەمڕۆ