ئەمەریكا بۆ كەسێكی شارەزای ئێران دەكات بە كونسوڵی وڵاتەكەی لە هەولێر؟

26-07-2018 05:29
ستیڤن فاگن، كونسوڵی نوێی ئەمەریكا لە هەولێر.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

ستیڤن فاگن بەرپرسی نوسینگەی كاروباری ئێران لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا وەك كونسوڵی نوێی ئەو وڵاتە لە هەرێمی كوردستان دەستبەكاربوو، ئەوە لەكاتێكدایە پەیوەندییەكانی نێوان تاران‌و واشنتۆن دوای هاتنەسەركاری دۆناڵد ترەمپ چوونەتە دۆخێكی تەواو دژوارو هەڕەشەی تووند لە یەكتر دەكەن.

 

پێگەی جوگرافی هەرێمی كوردستان بۆ هەردوو وڵاتە گرنگیی تایبەتی هەیە، بەتایبەت بۆ ئێران یەكێكە لە دەروازە گرنگەكانی ئابوری‌و تاران وەك شوێنی هەناسەدان لێی دەڕوانێت لەكاتی تووندكردنەوەی گەمارۆ ئابورییەكان.

 

هاوسنوریی هەرێم‌و ئێران بۆ ئەمەریكاش گرنگە، واشنتۆن بایەخی تایبەت دەدات بە ئێران بە جۆرێك لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا ئێران یەكێكە لەو چەند وڵاتە كەمەی، نوسینگەی تایبەتی بۆ كراوەتەوە.

 

ماڵپەڕی ئەلمۆنیتۆری ئەمەریكی لە ڕاپۆرتێكدا باسیلە فشارەكانی ئەمەریكا بۆسەر ئێران‌و هاتنی بەرپرسی نوسینگەی كاروباری ئێران لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا كردووە كە ئێستا لە هەولێرەو بووەتە كونسوڵی وڵاتەكەی.

 

نوسینگەی كاروباری ئێران لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا، ساڵی 2006 دامەزراوەو چاودێری دۆخی ئێران دەكات‌و پێشنیار بۆ وەزارەتی دەرەوە دەكات كە سیاسەتی ئەمەریكا چی بێت بەرامبەر بە ئێران، هەروەها نوسینگەكە سەرپەرشتی جێبەجێكردنی سیاسەتەكەش دەكات دوای بڕیارلێدانی لەلایەن وەزارەتی دەرەوەوە.

 

هاوكات ستیڤن فاگن ئەو بەرپرسەی ئەمەریكابوو كە كۆتایی مانگی ڕابردوو پێشوازیی لە مستەفا هیجری سكرتێری حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران(حدكا) كردو لەگەڵیدا كۆبووەوە، سەردانەكەی هیجری بۆ واشنتۆن لە چوارچێوەی سیاسەتی نوێی ئیدارەی ترەمپە بەرامبەر ئێران، ئێستا ئەمەریكا بایەخی زیاتر دەدات بە حزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان.

 

سەردانەكە دوای ئەوەهات كە حزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان كارو چالاكییەكانیان لە ناوخۆی ئێران بە جۆرێك فراوان كردووە لە سەرەتای بەهاری ئەمساڵەوە كەم هەفتە هەبووە چالاكییەكی سەربازی یان زیاتریان نەبووبێت، زۆرترینیان لەلایەن پێشمەرگەكانی حدكاوە بووە.

 

بارەگای سەرەكی‌و بەرپرسانی باڵای حزبەكانی ڕۆژهەڵات لە هەرێمی كوردستانن‌، بەرپرسی پەیوەندییەكانی حدكا لە سلێمانی دیاریكردنی كەسانی وەك ستیفن فاگن كە شارەزاییان لەسەر ئێران هەیە بە كارێكی "باش" لە قەڵەم دەدات تا نوێنەرایەتی وڵاتەكانیان بكەن.

 

"پێمانوایە هەركەسێك لە ناوچەكە نوێنەرایەتی وڵاتانی بیانی دەكات چ ئەمەریكا یان ئەوروپابێت، شارەزایی زیاتری لەسەر كۆماری ئیسلامی‌و پێكهاتەكەی هەبێت مامەڵەكردنی لەگەڵ ئێمە ئاسانتر دەبێت، نەك كەسێك كە شارەزایی‌و ناسینی نەبێت لەسەر ئەو ڕژێمە كە ئێمە بە دوژمنی خۆمانی دەزانین" فوئاد خاكی بەیگی نوێنەری حدكا لە سلێمانی بۆ پەرەگراف وای وت.

 

بوونی بارەگای حزبەكانی ڕۆژهەڵات وایكردووە حكومەتی هەرێم ڕوبەڕوی فشاری ئێران ببێتەوەو لە كاردانەوەی ئەوەشدا فشار بخاتەسەر حزبەكانی ڕۆژهەڵات.

 

ئەگەر بەشیك لە ئەركەكانی ستیڤن فاگن پەیوەست بێت بە ئێران‌و هاوكاریكردنی حزبەكانی ڕۆژهەڵات بچنە ئەو چوارچێوەیەوە، ئەوكات حكومەتی هەرێم بێبەش نابێت لە سەرئێشەی شەڕو ململانێكانی نێوان ئەمەریكاو ئێران، بەتایبەت كە حزبەكانی ڕۆژهەڵات ئامادەسازیی دەكەن بۆ كاری پێكەوەیی‌و ئەگەری گۆڕانكاریی لە ئێران.

 

دیداری نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ستیڤن فاگن‌و كونسوڵی پێشووی ئەمەریكا/ 23-7-2018. وێنە؛ ماڵپەڕی حكومەتی هەرێم.

 

لە كاردانەوەی دەستبەكاربوونی ستیڤن فاگن لە هەولێر، ئاژانسی فارس نیوز كە نزیكە لە سوپای پاسداران، ئەمڕۆ بابەتێكی لە ژێر ناونیشانی (كونسوڵخانەی ئەمەریكا لە هەولێر؛ هێڵی پێشەوەی دروستكردنی ناسەقامگیری لە ڕۆژئاوای ئێران) بڵاو كردووەتەوە.

 

فارس نیوز لە بابەتەكەیدا باسلە سەردانەكەی مستەفا هیجری دەكات بۆ ئەمەریكاو دەڵێت، واشنتۆن پلانی ئەوەی هەیە ئەو گروپانە چالاك بكاتەوە كە دژی ئێرانن.

 

پەیوەندییەكانی ئەمەریكاو ئێران‌و گرنگیی كوردستان

 

ئەمەریكا لە ساڵی 1979وە كە شۆڕش لە ئێران بەرپاكرا، هیچ نوێنەرایەتییەكی فەرمیی نییە لە خاكی ئەو وڵاتەدا، لە ڕێگەی باڵیۆزخانەی سویسرا لە تاران هەندێك كاروباری گشتیی بەڕێوەدەبات.

 

لەسەردەمی باراك ئۆبامادا ئەمەریكا پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئێران پێشخست‌و گەیشتە ئەوەی ساڵی 2015 ڕێككەوتننامەی ئەتۆمیی واژۆ بكەن، بەڵام هاتنەسەركاری ترەمپ سیاسەتی ئەو وڵاتەی پێچەوانە كردەوە.

 

ترەمپ دوای ئەوەی مانگی 5ی ئەمساڵ لە ڕێككەوتنی ئەتۆمیی لەگەڵ ئێران كشایەوە، دەیەوێت لە مانگی 11ی ئەمساڵدا سزاكانی وڵاتەكەی بەسەر ئێراندا بسەپێنێتەوەو لەو چوارچێوەیەدا فرۆشتنی نەوتی ئێران سفر بكات‌و كڕیارانی نەوت ڕازی بكات نەوتی ئێران نەكڕن، ئەگەر ئەو پلانە سەربگرێت ئێران دەكەوێتە دۆخێكی ئابوریی زۆر سەختەوە.

 

لەگەڵ ئەوەشدا ئەمەریكا كارلەسەر ئەو دەروازانە دەكات كە ئێران بەڕووی دەرەوەدا دەكاتەوەو ناوەندی ئابوری‌و بازرگانیین بۆ تاران، لەو چوارچێوەیەشدا ئەمەریكا لە؛ دوبەی، ئەستەنبوڵ، ئەفغانستان، باكوری ئێران(وڵاتانی پێشووی یەكێتی سۆڤیەت) فشارەكانی دژی ئێران زیاتر كردووە.

 

ئەوەی دەمێنێتەوە هەرێمی كوردستان‌و عێراقە لە باشورەوە(بەسرە)، كوردستان سنورێكی فراوانی هەیە بەڕووی ئێرانداو تاڕادەیەك كۆنتڕۆڵ كراو نییەو كۆنتڕۆڵ كردنیشی بە تەواوەتی، ڕەنگە ئاسان نەبێت.

 

ناردنی ستیڤن فاگن بۆ هەولێر، ئەگەری هەیە كێشە دروست بكات لە ڕووی بازرگانییەوە لە نێوان هەرێم‌و ئێران بەتایبەت دوای توندكردنەوەی گەمارۆكان، ئەگەر فاگن بیەوێت لە هەولێرەوە كارلەسەر ئەوە بكات، ڕوبەڕوی زەحمەتیی زۆر دەبێتەوە بەوپێیەی ئابوری‌و مامەڵەی بازرگانیی لە كوردستان لەسەر پارەی كاش دەڕوات‌و سیستمی بانكیی نییە هەتاوەكو كۆنتڕۆڵكردنی ئاسان بێت.

 

هەرچەندە هیچ بەڵگەیەك نییە ستیڤن فاگن بۆ كاروباری ئێران هاتبێتە هەولێر یان ئەوە بەشێك بێت لە ئەركەكانی، بەڵام پێناچێت ناردنیشی هەروا لەخۆوەو بەبێ مەبەستێكی تایبەت بە ئێران بووبێت، لە كاتێكدا ئەو شارەزاترین بەرپرسی ئەمەریكییە لەسەر دۆخی ئێران، بەتایبەت كە نێوانی ئەمەریكاو ئێران لە 4-11-2018 كە ڕۆژی سەپاندنی گەمارۆ قورسەكانی ئەمەریكایە، دەچێتە قۆناغێكی تووندترەوە.