بەرهەم ساڵح لای ئێرانییەكان كاندیدی بەهێزی سەرۆكایەتی عێراقە

28-07-2018 08:27
بەرهەم ساڵح. وێنە؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

هەوڵەكانی ئێران بەردەوامە بۆ یەكلاییەكردنەوەی ئەو كەسەی دەبێتە سەرۆك كۆماری داهاتووی عێراق، لەو چوارچێوەیەشدا لەگەڵ یەكێتی‌و بەرهەم ساڵح لە پەیوەندی‌و گفتوگۆی بەردەوامدایە، ماڵپەڕێكی نزیك لە سوپای پاسداران بەرهەم ساڵح وەك كەسایەتییەكی بەهێز پیشاندەدات بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە.

 

پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق لە ساڵی 2005ەوە پشكی كوردەو لە چوارچێوەی ڕێككەوتنێكی نێوان پارتی‌و یەكێتی، دراوە بە یەكێتی ئەوەش لە بەرامبەر پۆستی سەرۆكی هەرێم، لەگەڵئەوەی ئێستا ئەو ڕێككەوتنە نەماوەو سەرۆكایەتی هەرێم هەڵپەسێردراوە، بەڵام هێشتا یەكێتی سوورە لەسەر ئەوەی ئەو پۆستە پشكی ئەوانە.

 

هەرچەندە یەكێتی خۆی كاندیدی هەیە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە، بەڵام ئێران كە ڕۆڵی گرنگی هەیە لە یەكلاییكردنەوەی ئەو پرسەدا پشتیوانیی كەسایەتییەكی "بەهێز" دەكات بۆئەوەش ناوی بەرهەم ساڵح لەسەرەوەی ئەو ناوانە دادەنێت كە جێگای پەسەندی ئەو وڵاتەن.

 

ماڵپەڕی تەسنیم كە سەربە  فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانە لە بابەتێكیدا دەربارەی سەرۆك كۆماری داهاتووی عێراق، باسلە ناوی چوار كەسایەتیی كورد دەكات، یەكەمیان فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆماری ئێستایە كە ماڵپەڕەكە هێرشی دەكاتەسەرو بە كەسێكی لاواز‌و پەیامبەری نێوان هەولێرو بەغدا ناوی دەبات.

 

فەیلەقی قودس بە فەرماندەیی قاسم سلێمانی سیاسەتی ئێران لە عێراق بەڕێوەدەبات، بەشێكی دیكەی ڕەخنەكانی تەسنیم لە فوئاد مەعسوم بەهۆی پرسی ڕیفراندۆمەوەیەو پێیوایە هەڵوێستێكی ڕوون‌و بەهێزی نەبووە لە دژی ئەو پڕۆسەیە.

 

ئێران بەتووندی دژی ڕیفراندۆمەكەی 25ی ئەیلولی هەرێمی كوردستان وەستایەوە، ئەو هەڕەشانەی قاسم سلێمانی لە هەرێمی دەكرد دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم سەرجەمیانی جێبەجێ كرد.

 

ناوێكی دیكە كە تەسنیم باسیكردووە بۆ سەرۆكایەتی داهاتووی عێراق، هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتییە، زێباری پێشتر وەزیری دارایی عێراق بوو، لەسەر پرسی "گەندەڵی" لە پۆستەكەی دورخرایەوە، ئەوەش هۆكاری سەرەكییە كە تەسنیم پێیوایە شیاوی وەرگرتنی پۆستی سەرۆكایەتی داهاتووی عێراق نییە.

 

حزبەكەی هۆشیار زێباری براوەی یەكەمی ناو حزبە كوردییەكانە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، هەرچەندە پارتی چەند جارێك وتویەتی كە مەرج نییە پۆستی سەرۆك كۆمار ئەمجارەش بۆ یەكێتی بێت، بەڵام پەرەگراف لە سەرچاوەی ئاگادارەوە زانیویەتی پارتی جددی نییە لەو قسەیەیداو دەیەوێت لە بەرامبەر كەركوكدا سەوداو مامەڵەی پێوەبكات.

 

پارتی دوو داواكاریی هەیە دەربارەی كەركوك؛ یەكەمیان بۆ عێراقە كە داوای هاوبەشیی دەكات لە دۆسیەی ئە منیی پارێزگاكە‌و گەڕانەوەی پێشمەرگە، دووەمیان بۆ ناوخۆی هەرێم‌و یەكێتییە كە داوای پۆستی پارێزگاری كەركوك دەكات كە ئێستا پشكی یەكێتییە.

 

لە درێژەی بابەتەكەیدا ماڵپەڕەكەی سەربە لە فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران، ناوی هەریەكە لە بەرهەم ساڵح‌و لەتیف ڕەشید ئاوەڵزاوای مام جەلال دەهێنێت بۆ سەرۆكایەتی عێراق.

 

تەسنیم بە گرنگییەوە باسلە ڕۆڵی جەلال تاڵەبانی‌و سەرۆكایەتییەكەی دەكات‌و بە كۆكەرەوەی عێراقییەكان‌و چارەسەركاری كێشەكان لە قەڵەمی دەدات، تاڵەبانی لە ساڵی 2005 تا نەخۆشكەوتنی لە كۆتایی 2012 سەرۆك كۆماری عێراق بوو.

 

ئەگەرچی تەسنیم بە ڕوونی‌و ڕاستەوخۆ نەیوتووە بەرهەم ساڵح باشترە بۆ سەرۆكایەتی عێراق، بەڵام لە بابەتەكەدا وادەردەكەوێت ئەویان پێ باشتر بێت‌و مەرجی كەسایەتییەكی بەهێز بۆ سەرۆكایەتی عێراق لەودا دەبینن.

 

بەرهەم ساڵح چوار ساڵ لەمەوبەر هەوڵی چڕیدا كە ئەو پۆستە وەربگرێت، ئەوكات هێشتا لەناو یەكێتیدا بوو، ململانێكانی لەگەڵ ماڵی مام جەلال بێبەشیانكرد لە وەرگرتنی ئەو پۆستە، ئێستاش كە لە دەرەوەی یەكێتی سەرۆكایەتی حزبێكی دیكە دەكات هێشتا ڕەزامەندی ماڵی مام جەلالی پێویستە تا ببێتە سەرۆك كۆماری عێراق.

 

ئێران هەژموونی تەواوی هەیە بەسەر عێراق‌و هەرێمی كوردستانەوە، لە عێراق لە ڕێی لایەنە شیعەكانەوەو لە هەرێمیش زیاتر لە ڕێی یەكێتییەوە كە لای زۆر كەس، ئێران بە ڕزگاركەری یەكێتی ناو دەبرێت‌و دەڵێن، ئەوە ئێرانە نایەڵێت یەكێتی بكەوێت.

 

سەرچاوەیەكی ئاگادار بۆ پەرەگراف ئەوەی خستەڕوو، ئێرانییەكان بەردەوامن لە گفتوگۆكردن لەگەڵ یەكێتی‌و بەرهەم ساڵح دەربارەی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق.

 

سەرچاوەكە وتی"ئێران نایەوێت ئەزموونی سەرۆك كۆمارێكی لاواز دووبارە بكاتەوەو بەرهەم ساڵحی بەدڵە، چونكە پێیوایە ئەو پۆستە گرنگە بۆ چارەسەری كێشەكان‌و باشكردنی پەیوەندی نێوان هەرێم‌و بەغداو ڕاگرتنی باڵانسی نێوان پێكهاتەكان، بەرهەم ساڵح دەتوانێت ئەوەبكات، هەربۆیە ئێستا لە هەوڵدایە یەكێتی‌و ئەو بگەیەنێت بە لێكتێگەیشتن‌و ڕێككەوتن."

 

ئەو سەرچاوەیە وتیشی"حزبەكانی دیكەش وەك هاوپەیمانی‌و گۆڕان لەوە تێگەیشتوون كە یەكێتی ناكەوێت‌و دەبێت مامەڵەی لەگەڵدا بكەن، گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەش كە بە بوونیان لە پۆست‌و دەسەڵات‌و كاركردن دەتوانن چاكسازی‌و گۆڕانكاریی بكەن نەك وەستان لە دوورەوەو تەنها قسەكردن."

 

پەرەگراف زانیویەتی مەرج‌و داواكاریی یەكێتی بۆ بەرهەم ساڵح پەیوەندیی بە چارەنوس‌و ئایندەی حزبە نوێیەكەیەوە هەیە كە ڕەنگە سەربكێشێت بۆ داواكاریی هەڵوەشاندنەوەو نەمانی هاوپەیمانی دیموكراسی‌و دادپەروەری‌و گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ناو یەكێتی.

 

پێشتریش چەندجارێك ئەوە ڕوبەڕوی بەرهەم ساڵح كراوەتەوە كە لەناو حزبە نوێیەكەیەوە كار بۆ ڕازیكردنی لایەنەكانی دیكە دەكات بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار، لە بەرامبەردا ڕێبوار كەریم وتەبێژی حزبەكەی بەرهەم ساڵح دەڵێت"زۆرجار وتومانە ئەگەر باس باسی سەرۆك كۆماری بێت هەرزوو وەریدەگرت بەبێ دروستكردنی هاوپەیمانی."

 

ئێستا ئێرانییەكان دەیانەوێت بە پشتیوانیكردنی بەرهەم ساڵح بۆ سەرۆكایەتی عێراق دوو ئامانج بەدی بهێنن، یەكەمیان؛ سەرۆك كۆمارێكی بەهێز لە عێراق كە ئێران پێیوایە لەناو كەسایەتییە كوردەكاندا بەرهەم ساڵح لەوانی دیكە بەهێزترەو پێگەی ناوخۆیی‌و عێراقی‌و نێودەوڵەتیی باشترە.

 

ئامانجی دووەمی ئێران لەوكارە ئەوەیە، گوڕوتینێك ببەخشێتەوە بە ناوماڵی یەكێتی‌و ئەو حزبە بەهێز بكاتەوە، بەتایبەت بە نزیككردنەوەی بەرهەم ساڵح لە یەكێتی.