دەركەوتن‌و ناسراویی لەسەر شاشەی تەلەفزیۆن كورسی پەرلەمان مسۆگەر دەكات؟

30-07-2018 07:42
دانیشتنێكی پەرلەمانی كوردستان. وێنە؛ ڕۆیتەرز.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

حزبەكان چاویان بڕیوەتە ڕۆژنامەنوسان‌و ئەوكەسانەی لە شاشەی تەلەفزیۆنەوە زۆرترین دەركەوتنیان هەبووە تا لە ڕێیانەوە دەنگیان پێ كۆبكەنەوە لە هەڵبژاردندا، ئەو كەسانەش دەركەوتن‌و ناسراوییان بە دەرفەت دەزانن تا بگەنە كورسییەكانی پەرلەمان.

 

پێشتر ئەو میكانیزمە تاقیكراوەتەوەو سەركەوتوو بووە لە كۆكردنەوەی دەنگ، بەڵام زۆرێك پێیانوایە زیانی هەبووە بۆ پڕۆسەی سیاسی‌و كاری پەرلەمانتاریی‌و ئەوانەی بەهۆی دەركەوتنیانەوە دەرچوون "سەركەوتوو نەبوون‌و قابیلی چاولێكردن‌و دووبارە كردنەوە نین"، بۆئەوەش پسپۆڕانی سیاسی پێیانباشە حزبەكان ڕێگای دیكە بگرنەبەرو بەدیلی ئەو میكانیزمە پێشنیار دەكەن.

 

"ئەو ڕۆژنامەنوسانەی لە خولی ڕابردوو لە پەرلەمان بوون تەنها كێشەیان دروست كردووە، خۆم یەكێكم لەوانەی دەمەوێت بیسەلمێنم كە ئەمجارە ئێمە كێشە دروست ناكەین‌و چارەسەری كێشەكانی خولی چوارەم دەكەین" ئەمە وتەی هێڤیدار ئەحمەد، پەیامنێری كەناڵی ڕووداوە بۆ پەرەگراف كە ئێستا كاندیدی لیستی پارتییە بۆ پەرلەمان.

 

هێڤیدار دوای كاندید بوونی كۆتایی بە گرێبەستی كاركردنی هات لەگەڵ ڕووداو، ئەو ناوێكی دیاری ناو ڕاگەیاندنی كوردییەو زۆرترین دەركەوتنی هەبووەو كەناڵەكەی بایەخی زۆری پێداوە، بەجۆرێك كەم كەس هەیە لە كوردستان هێڤیدار نەناسێت.

 

هێڤیدار پێیوایە ڕۆژنامەنوس بیری تیژەو دەزانێت چارەسەری كێشەكان لە كوێن، هەربۆیە شیاوە بۆ پەرلەمانتاریی.

 

"15 ساڵە من ڕۆژنامەنوسم‌و كێشەی خەڵك دەگەیەنم بەشێكیان چارەسەركراون‌و بەشێك ماون، ئاگادارم بەشێك لە كێشەكان چارەسەریان هەیەو دەكرێ، بەڵام ئەوانەی لەوێن نەیانكردووە. پەرلەمان بووە هۆی نائومێدی‌و چەقی ململانێی سیاسی، بڕوام وایە بچینە پەرلەمان ئومێدێك بۆئەو وڵاتە دەگەڕێنینەوە" هێڤیدار وای وت.

 

ڕۆژنامەنوسان‌و دەركەوتووانی سەر شاشەكانی تەلەفزیۆن زۆرترین دووبارە بوونەوەیان هەیە لەناو لیستی حزبە سیاسیەكاندا، ڕەنگە حزبەكان لەوە تێگەیشتبن كە دەنگدەر زیاتر بە چاو دەنگ دەدات نەك بە عەقڵ‌و بیركردنەوە.

 

ئەو دیاردەیە زیاتر لە دوای بەشداریی بزووتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردن سەریهەڵداو بەجۆرێك تەشەنەی كرد ئێستا زۆربەی حزبە گەورەكان دووبارەی دەكەنەوەو پشت بە دەركەوتن لە شاشەی تەلەفزیۆن دەبەستن بۆ دەنگ كۆكردنەوە كە بەرژەوەندییەكی دوولایەنەیە لە نێوان حزب‌و كاندیدە ناسراوەكاندا.

 

بۆئەم هەڵبژاردنەش گۆڕان زۆرترین ڕۆژنامەنوس‌و دەركەوتوانی سەرشاشەی كاندید كردووە، تەنانەت سەرۆكی لیستەكەشی عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتارەو زۆرترین دەركەوتنی هەبووەو پێش پەرلەمانتاریش پێشكەشكار بووە لە كەناڵی كەی ئێن ئێن.

 

لیستی كاندیدانی گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی خولی نوێی پەرلەمانی كوردستان كە بڕیارە 30-9 بەڕێوەبچێت، 5 بێژەرو پێشكەشكاری كەی ئێن ئێنی تێدایە، ئاشنا عەبدوڵا یەكێكە لەوانە.

 

ئاشنا، ڕۆژنامەنوس بە چینێكی زۆر هۆشیاری كۆمەڵگا دادەنێت، كاندیدبوون بە مافی هەركەس دەزانێت كە مەرجەكانی خۆپاڵاوتنی تێدابێت، ئەو نمونەی بە چەند ڕۆژنامەنوسێكی حزبەكەی هێنایەوە كە لە خولەكانی پێشتر كاندیدبوون ‌و دەرچوون بۆ پەرلەمان، كاری ئەوانی بە ئەزموونێكی "سەركەوتوو" لە قەڵەمدا.

 

ئاشنا كە ماوەیەكی كەمە لە شاشەی كەناڵەكە دوركەوتووەتەوە بۆ پەرەگراف وتی"بێگومان ناتوانیت ئینكاری دەركەوتن لە شاشە بكەیت، بەڵام هەموو ڕێگایەك بە هەنگاوێك دەستپێدەكات ئەمەش هەروایە" وتیشی"بزوتنەوەكە پێشنیاری كردووەو من قبوڵم كردووە."

 

ئەو پێشكەشكارەی پێشووی كەی ئێن ئێن، ئاماژەی بەوەشكرد، بەدەر لە زمانی كوردی 3 زمانی دیكە دەزانێت‌و خوێندكاری ماستەرە لە ڕاگەیاندن، ئەوانەی وەك خاڵی بەهێزیی خۆی باسكرد بەدەر لەكاری پێشكەشكاری لە كەی ئێن ئێن.

 

ئاشنا وتیشی"سێ ساڵ هەموو شەوێك پرۆگرامێكی سەرەكی سیاسیی تەلەفزیۆنەكە من كردوومەو بەوهۆیەوە ئاگاداری سیاسەتی ناوخۆ و ناوچەكەو دەرەوەش بووم‌و واجب بووە بیزانم."

 

بەپێی یاسا مەرجەكانی پاڵێوراو بۆ ئەندامێتی پەرلەمانی كوردستان ئاسانە، هەر هاوڵاتییەكی هەرێم كە لێرە نیشتەجێ بێت‌و تەمەنی 25 ساڵ بێ، خوێندن‌و نوسین بە باشی بزانێت، حوكمی سجن نەدرابێت بە چەند تاوانێك كە یاساكە دیاری كردوون، دەتوانێت خۆی كاندید بكات.

 

پسپۆڕانی سیاسی بەمافی حزبەكانی دەزانن بیر لەهەر چین‌و توێژێك بكەنەوە بۆ بەدەست هێنانی زۆرترین دەنگ، بەڵام بەلایانەوە ئەوە گرنگە ئەو كاندیدانە تاچەند دەتوانن بە فیعلی نوێنەرایەتیی بكەن‌و ئەركەكانی پەرلەمانتاریی تێگەیشتوون‌و دەتوانن كاریان تێدا بكەن.

 

پەرلەمان سێ ئەركی سەرەكیی هەیە؛ یاسادانان، چاودێری حكومەت‌و پەسند كردنی بودجەی ساڵانە، بۆ جێبەجێ كردنیان پەرلەمانتاران دابەشدەكرێن بەسەر چەند لیژنەیەكی پەرلەمانیدا.

 

د.ئومێد ڕەفیق، سەرۆكی سەنتەری لێكۆڵینەوەی ئایندەیی‌و پسپۆڕی فكری سیاسی، بەدووری دەزانێت ئەو كەسانە بتوانن خزمەت بكەن كە پسپۆڕییان نەبێت‌و ببنە ئەندامی لیژنەكان، بۆنمونە؛ لیژنەی كشتوكاڵ، یاخود دارایی‌و یاساو هەر لیژنەیەكی دیكە، لەبەرئەوەی دەبێت ئەو تایبەتمەندییانە لەو كەسانەدا هەبێت لە ڕووی بڕوانامەو شیاوی‌و توانای بیركردنەوە.

 

سەرۆكی سەنتەری لێكۆڵینەوەی ئایندەیی بۆ پەرەگراف وتی"ڕۆژنامەنوس‌و بێژەر بەكەم نازانم، بەڵام هەركەس ئیشی خۆی بكات باشە، ئەگەر كەسێك بێژەرێكی سەركەوتووبێت بۆچی كارەكەی خۆی بگۆڕێتەوە بە پەرلەمانتاریی."

 

د. ئومێد باسیلەوەشكرد، كاندیدكردنی ڕۆژنامەنوسان، بەشێكی چاولێكەری سیاسییە‌و كاتێك حزبێك بەو ڕێگایە دەنگی هێناوە، حزبێكی دیكەش دەڵێت بامنیش لەهەمان ڕێگەوە دەنگ بهێنم، بەشێكی دیكەشی ئەوەیە ئەو كەسە زۆر لە شاشە دەركەوتووە یان زمانێكی بەكارهێناوە خەڵك ئەو جۆرە زمانەی دەوێت.

 

بەدەر لە ڕۆڵە سیاسیەكەی، پایەی كۆمەڵایەتی‌و مووچەی بەرزو ئیمتیازات، لە پاڵنەرە سەرەكییەكانن بۆ خۆكاندید كردن‌و چوونە ناو پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمان.

 

لەبارەی دەنگ هێنانی ئەو كەسانەی لە شاشەكانەوە دەردەكەون، د. ئومێد پێیوایە سیستمی هەڵبژاردن لە كوردستان كە لیستی كراوەیە ڕۆڵی هەیە، هەروەها ڕەفتاری سیاسی‌و هەڵبژاردن لە ئەمجۆرە بیركردنەوەیەی بەرهەمهێناوە‌و بەشێكی زۆریشی پەیوەندی بە كەم ئەزموونییەوە هەیە لە هەڵبژاردندا.

 

"ئەزموونێكی باشمان نییە، پێمانوایە مادەم كەسێك دەتوانێت لە تەلەفزیۆنەوە قسەبكاو ڕای هەبێت دەتوانێت پەرلەمانتارێكی باش بێت، بەڵام ئەوەی ئەزموون كراوە سەركەوتوو نەبووە، ئەوانەی بەم شێوەیە چوون ئەزمونێكی سەركەوتوویان پێشكەش نەكردووە تا قابیلی چاولێكردن‌و دووبارە كردنەوە بێت"ئەو پسپۆڕەی فكری سیاسی وای وت.

 

د.ئومێد پێیباشە حزبەكان ڕۆڵی سەندیكاكان بەهێز بكەن‌و لەوێوە نوێنەر هەڵبژێردرێت‌و كاندید بكرێت، وتی"بەوە هەم خەڵكی پسپۆڕ دێتە پێشەوە هەم دەبن بە نوێنەری ڕاستەقینەی ئەو چین‌و توێژە، ئەوكاتە ئاساییە بێژەرو پێشكەشكاریشی تێدا بێت."