پژاك: فرە هێزیی مەترسیدارەو گرنگە پێشمەرگەی حزبەكانی ڕۆژهەڵات لە ژێر چەترێكدابن

02-08-2018 01:15
باران بێریتان، ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبەریی (مەجلیس)ی پژاك.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

پژاك هێزی جیاوازی پێشمەرگەی حزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان وەك مەترسی دەبینێت بۆ ڕوودانی شەڕی ناوخۆ لە نێوانیاندا، بۆئەوەش پشتیوانیی یەكخستنی پێشمەرگە‌و هێزی چەكداری سەرجەم حزبەكان دەكات لە ژێر یەك چەترو یەك فەرماندەیی گشتیدا، لەو بارەیەوە پڕۆژەی ئاڕاستەی حزبەكان كردووە بۆ گفتوگۆكردن.

 

ئەوە تەنها خواستی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان(پژاك) نییە، 5 حزبی دیكەی ڕۆژهەڵات كە لە بەرەیەكدا بەناوی ناوەندی هاوكاریی حزبەكانی كوردستانی ئێران كۆبوونەتەوە، هەمان ئامانجی هاوبەشیان هەیەو كاری بۆدەكەن، بەڵام پژاك‌و ئەو حزبانە جیاوازن‌و هێشتا گفتوگۆ لە نێوانیاندا نییە.

 

باران بێریتان، ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبەریی(مەجلیس)ی پژاك –مەجلیسێكی 12 كەسییەو 2یان هاوسەرۆكی پارتەكەن-، لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ پەرەگراف باسلە خاڵی هاوبەش‌و ناكۆكی پارتەكەیان‌و حزبەكانی دیكەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەكات، سەرباری جیاوازییان، پێیوایە لەچەند پرسێكدا دەتوانن كاری پێكەوەیی بكەن.

 

"خاڵی هاوبەشمان هەیەو هەمیشە پێداگریمان لەسەركردووە كە لەسەر هەندێك خاڵ ژورێكی هاوبەش هەبێت وەك پرسی دیبلۆماسی، پێویستە بەهێزەوە بچیت دیبلۆماسیەت بكەیت نەك یەك لایەن بە تەنها، بۆئەمە ژوری هاوبەش زۆر پێویستە" باران بێریتان وای وت.

 

بە بڕوای ئەو بەرپرسەی پژاك، پرسی سەربازی‌و یەكخستنی هێزی پێشمەرگەی حزبەكانی ڕۆژهەڵات خاڵێكی دیكەی هاوبەشە كە بەلای ئەوانەوە "زۆر گرنگە."

 

ئەو وتی"لەسەر مەسەلەی سەربازی، لەباتی ئەوەی ئەو لایەنانە هەركەس هێزی سەربازی خۆی هەبێت، هەموو ئەو هێزانە دەتوانن هێزی سەربازییان لەژێر یەك چەتر كۆبكەنەوە."

 

حزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان خاوەن یەك هێزی چەكداری یەكگرتوو نین، هەر حزبێك هێزی چەكداری هەبێت سەربەخۆیەتی‌و لەژێر فەرماندەیی حزبەكەدایە، بەڵام ئێستا لایەنەكانی دیكە بە جیا لە پژاك كاربۆ یەكخستنی هێزەكانیان دەكەن لەو ناوەندە هاوبەشەی پێكیان هێناوە.

 

دەربارەی ئەوەی ئەوان ئامادەن بچنە ناو ناوەندی هاوكاریی حزبەكانی كوردستانی ئێران، باران وتی"ئێمە ئامادەین گفتوگۆی لەسەر بكەین‌و ئەوە خاڵێكی هاوبەشە."

 

لە وەڵامی ئەوەی بۆ تائێستا گفتوگۆ لەوبارەیەوە دەستی پێنەكردووە؟ ئەو ئەندامەی مەجلیسی پژاك وتی"پێموایە ئەوان ئامادەنین، لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسیەكان پەیوەندیمان كردووەو پڕۆژەی خۆمان بەدەستیی ڕادەست كردوون وتومانە فەرمون ئەمە پڕۆژەی ئێمە با كاری هاوبەشی لەسەر بكەین، دەڵێین ئەمە پڕۆژەیەكە با گفتوگۆی لەسەر بكەین، ئەگەریش دەیانەوێت گۆڕانكاری تێدا بكەین با گفتوگۆی لەبارەوە بكەین."

 

حزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان كاتێك باسلە یەكخستنی هێزی چەكدار دەكەن، دەڵێن نایانەوێت ئەزموونی "شەڕی براكوژی" ساڵانی نەوەدەكانی باشوری كوردستان دووبارە بكەنەوە.

 

باشوری كوردستان لە دوای ڕاپەڕین لە بەهاری 1991و ڕزگاربوونی لە ڕژێمی بەعس، زنجیرەیەك شەڕی ناوخۆیی بەخۆیەوە بینی، بەجۆرێك تەواوی ئەو حزبانەی هێزی چەكداریان هەبوو لە كاتە جیاوازەكانی ئەو دەیەیەدا كەوتنە شەڕەوە لەگەڵ لایەنێك یان زیاتر لە لایەنێكی ناوخۆی هەرێم، خوێناویترینیان شەڕی نێوان پارتی‌و یەكێتی بوو.

 

"ئێران بەرەو گۆڕانكاری جددی دەچێت، نامانەوێت ئەزمونی باشوری كوردستان دوبارە بكەینەوە، لەهەرشوێنێك دوو هێزی سەربازی هەبێت لەوێ شەڕ لە سەدا 100 هەیە، ئەمە ئەزموونی باشوری كوردستان پیشانیدەدات" باران بێریتان وای وت، پێیوابوو بوونی هێزی چەكداری جیاواز "دەبێتە هۆكاری شەڕی براكوژی."

 

پژاك وەك ئەو حزبانەی دیكەی ڕۆژهەڵات كە هێزی چەكداریان هەیە، لەناوخۆی ڕۆژهەڵات بوونی هەیە، بەوتەی باران، نەك تەنها لەسەر سنورەكان، بەڵكو لەناو قوڵایی ستراتیژی ڕۆژهەڵاتی كوردستان هێزی چەكدارو ڕێكخستنیان هەیە.

 

باران بێریتان باسیلەوەشكرد، ساڵی 2011 دوای شەڕێكی سەخت لەگەڵ ئێران، پژاك‌و سوپای پاسداران ئاگربەستێكی فەرمییان واژۆكردووە، هەرچەندە ئێران بە فەرمی دان بەوەدا نانێت ئاگربەستی لەگەڵ پژاك كردبێت.

 

لەوكاتەوە هەر چالاكییەكی سەربازیی كە پژاك ئەنجامیدابێت لە چوارچێوەی "پاراستنی مافی ڕەوا" بووەو لە كاردانەوەی كارێكی ئێراندا بووە كە دواینیان هێرشەكەی مانگی ڕابردووی پژاك بوو بۆسەر سەربازگەیەكی سوپا لە نزیك مەریوان كە ئێران بە فەرمی كوژرانی 10 ئەندامی سوپای ڕاگەیاند، بەڵام پژاك دەڵێت ژمارەی كوژراوان لەوە زیاترە.

 

جیاوازیی پژاك لەگەڵ حزبەكانی دیكە

 

پژاك لەگەڵ حزبەكانی دیكەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان جیاوازیی ڕیشەیی هەیە لە نێوانیاندا، باران بێریتان دەڵێت"دونیابینیمان جیاوازە، ئێمە لەگەڵ جەوهەری دەوڵەت كێشەمان هەیەو دەوڵەتی نەتەوەیی بەباش نازانین، ئەوان بڕوایان بە دەوڵەتی نەتەوە هەیەو ئێمە خۆسەری دیموكراتی."

 

خاڵێكی دیكەی جیاوازییان تێڕوانینیانە بۆ دۆخی ئێستای ئێران‌و گۆڕانكاریی لەو وڵاتە، پژاك داوای چاكسازیی لە دەوڵەتی ئێران دەكات بۆ بەدەستهێنانی مافی گەلان، بەڵام حزبەكانی دیكە داوای ڕووخاندنی دەكەن‌و پێیانوایە ئەو سیستمە چاكسازیی هەڵناگرێت، بۆئەوەش هەرلایەكیان پاساوی خۆیان هەیە.

 

باران وتیشی"لەگەڵ هێرشكردنەسەر ئێران نین‌و پێمانوایە شەڕ كێشەكان چارەسەر ناكات. بە ڕووخاندن هەموو كێشەیەك چارەسەر نابێت، گرنگ ئەوەیە دوای ڕووخاندن چی دەكەیت."

 

پژاك سیستمێكی نزیك لەوەی پەیەدە لە ڕۆژئاڤای كوردستان پیادەی دەكات بە باش دەزانێت بۆ ڕۆژهەڵات، بەڵام بە ڕەچاوكردنی تایبەتمەندییەكانی ڕۆژهەڵات.

 

فراوانكردنی كارو چالاكی‌و ئامادەسازیی حزبەكانی ڕۆژهەڵات بۆ كاری پێكەوەیی، لە چوارچێوەی خۆئامادەكردنیانە بۆ ئەگەری گۆڕانكاریی لە ئێران، ئەوەش لەكاتێكدایە ئیدارەی نوێی ئەمەریكا بە سەرۆكایەتی دۆناڵد ترەپ بە تووندی ڕوبەڕوی ئێران وەستاوەتەوەو لە هەنگاوە سەرەتاییەكانیدا لە ڕێككەوتنی ئەتۆمی كشایەوەو دۆخی ئابوری ئێرانی ڕوبەڕوی كێشەی سەخت كردووەتەوە.

 

پژاك‌و حزبەكانی دیكەش باسلەوە دەكەن پێیانباشە بەرەیەكی كوردستانی دروست بكەن وەك ئامادەكارییەك بۆ قۆناغی نوێی ئێران‌و ئەگەری گۆڕانكاریی، بەڵام پێدەچێت تێڕوانینیان بۆچۆنییەتی ئەو بەرەیەش جیاواز بێت.

 

باران بێریتان ئاماژەی بەوەكرد، لە داهاتوودا پڕۆژەیەكی تایبەتیان دەبێت بۆ دروستكردنی بەرەی كوردستانی، وتی"بەرەیەكی كوردستانی كە تەنها حزب نەبێت، كێشەیەكی حزبی كوردیی ڕۆژهەڵات هەیە كە پێیانوایە تەنها حزبی تێدابێت، پێویستە لەناویدا ڕۆشنبیرو ئەو لایەنانەی سیاسی نین بەشداربن، بەتایبەت ئاكادیمیستەكان، چونكە تۆ ناتوانی تەنها بەهێزی حزبی گۆڕانكاری بكەیت."

 

پێدەچێت هۆكارێكی سەرەكی كە حزبەكانی دیكەی ڕۆژهەڵات نایانەوێت لەگەڵ پژاك مامەڵە بكەن، پەیوەندیی بە پارتی كرێكارانی كوردستان(پەكەكە)وە هەبێت‌و ئەو حزبانە پژاك وەك لقێكی پەكەكە بۆ ڕۆژهەڵات سەیر بكەن، لەسەر ئەم خاڵە پژاك وەڵامی خۆی هەیە.

 

"پەكەكە وەكو هاوپەیمانی ستراتیژی خۆمان دەبینین، بەڕوونی دەڵێم شانازی پێوە دەكەین هاوپەیمانێكی وەكو پەكەكەمان هەیە، بەڵام بۆ بڕیاری سیاسی‌و سەربازی‌و هەموو بڕیارێك سەربەخۆمانین‌و ئەو قسانە ڕاست نین، ئەو قسانە بەشێكە لە شەڕی ئێران دژی ئێمە" باران بێریتان وای وت.

 

بەدەر لەوەی پژاك لەژێر كاریگەری فكرو بیروڕاو دونیابینییەكانی عەبدوڵا ئۆجەلان ڕێبەری زیندانیكراوی پەكەكەدایەو سەربەو ڕێبازەیە، هاوكات پەكەكە هەرلەسەرەتاوە بە كرداریی پشتیوانیی دامەزراندنی پژاكی كردووەو ساڵی 1999 هەموو جۆرە هاوكارییەكی ژمارەیەك گەنجی ڕۆژهەڵاتی كوردستانی كردووە كە بوونە هەوێنی دامەزراندنی پژاك‌و ساڵی 2004 ئەو پارتە نوێیەیان دامەزراند.

 

یەكێكە لە خاڵە هاوبەشەكانی ئەو حزبانەی بە نزیك‌و سەربە پەكەكە ناودەبرێن لە پارچەكانی دیكەی كوردستان ئەوەیە، خەڵكی پارچەیەكی كوردستان بەشداریی شەڕو شۆڕشی پارچەیەكی دیكە دەبێت، بۆنمونە؛ خەڵكی چوار پارچەی كوردستان بەشداری شۆڕشی پەیەدە بوون لە ڕۆژئاڤاو شەهیدیاندا، ئەمە بۆ پژاكیش ڕاستەو خەڵكی پارچەكانی دیكە بەشدارن لەگەڵ پژاك لە ڕۆژهەڵات.

 

باران بێریتان كە خۆی خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستانە، بەشداریی خەڵكی پارچەكانی دیكە لەگەڵیان بە خاڵێكی ئەرێنیی دادەنێت، وتی"كێشەی ئەحزابی ڕۆژهەڵاتی كوردستان ئەوەیە ئەوان باسی نەتەوەیی دەكەن، بەڵام تەنها لەچوارچێوەی ڕۆژهەڵات یان هەندێك شار، تۆ ناتوانی بە لەبەرچاوگرتنی یەك پارچە كێشەكان چارەسەر بكەیت، خەڵكی ڕۆژئاواو باكور لەگەڵمان بەشدارن، وەكو چۆن ڕۆژهەڵاتی هەیە دەچێت لە دەریاری ڕەش شەهید دەبێت."

 

لەگەڵئەوەشدا ئەو ئەندامەی مەجلیسی پژاك ئاماژەی بەوەكرد، زۆربەی بڕیاردەرانی پارتەكەیان خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستانن.