كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق هۆشداری‌و نیگەرانییەكانی فەرامۆش كردووە

05-08-2018 05:52
دەنگدان بۆ پەرلەمانی عێراق لە وێستگەیەكی سلێمانی/ 12-5-2018. وێنە؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف

 

كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق 11 نوسراوی هۆشداری‌و نیگەرانیی ئەنجومەنی باڵای وردبینی عێراقی فەرامۆش كردووە كە ئاڕاستەی كراوە دەربارەی متمانەو بڕوابوون بە، دروستیی كاركردنی سیستم‌و ئەو ئامێرانەی لە هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەی 12ی ئایار بەكارهێنران.

 

نوسراوەكان بەرلە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكە ئاڕاستەی كۆمسیۆن كراون، بەڵام وەڵامی هیچیانی نەداوەتەوە، ئەوەش بە "یاسا شكێنی" دادەنرێت.

 

لایخۆیەوە ئەو كۆمپانیا كۆرییەی سیستمەكەی دابینكردووە، هەرجۆرە كێشەیەك لە سیستم‌و ئامێرەكان ڕەتدەكاتەوەو لەو بارەیەوە تیمێكی ناردووە بۆ عێراق‌و ڕاپۆرتێكیان ئامادەكردووە.

 

هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەی عێراق نیگەرانیی فراوانی لێكەوتەوە، تا ئێستا ئەنجامەكانی پەسەند نەكراون‌و ئەو دادوەرانەی لە شوێنی كۆمسیۆن دانراون بەردەوامن لە كارەكانیان بۆ ژماردنەوەی دەستیی ئەو سندوقانەی سكاڵایان لەسەر بووە، هێشتا ئەنجامی ژماردنەوەكەیان لە هیچ پارێزگایەك ئاشكرا نەكردووە.

 

لە نوێترین بەدواداچوونی ڕۆژنامەوانیدا دەربارەی ئەو پڕۆسەیەو كێشەكانی، ئاژانسی ڕۆیتەرز ناوەڕۆكی ڕاپۆرتێكی ئەنجومەنی باڵای وردبینی عێراقی بڵاوكردووەتەوە كە تێیدا هاتووە، ئەنجومەنی باڵای وردبینی عێراق سێ رۆژ بەرلە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكەی پەرلەمانی عێراق، كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی ئاگاداركردووەتەوە لەبوونی گومانیان لەو ئامێرانەی دەنگەكان دەژمێرێت.

 

لەو راپۆرتەدا باسلەوەكراوە كە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان وەڵامی 11 نیگەرانی‌و ڕاپۆرتی ئەنجومەنەكەی نەداوەتەوە لەبارەی میكانیزمەكانی بەڕێوەبردن‌و ژماردنی دەنگەكانی هەڵبژاردنی 12ی ئایار.

 

"پشتگوێخستن‌و وەڵامنەدانەوەی ڕاپۆرتەكانمان یاسا شكاندنێكی ڕوونە كە بووە هۆی ئەوەی پەنا ببرێتەبەر دووبارە ژماردنەوەی دەستیی دەنگەكان، سەرەڕای ئەو ناسەقامگیرییەی هەڵبژاردنەكان بەدوای خۆیدا هێنای" ئەنجومەنی باڵای وردبینی عێراق لە ڕاپۆرتەكەیدا وادەڵێت.

 

هەروەها ڕاپۆرتەكە باس لە نامەیەكی باڵیۆزی عێراق دەكات لە كۆریای باشور كە دەڵێت، سیستمی میرو(ئەو سیستمە ئەلكترۆنییەی هەڵبژادنەكانی 12ی ئایاری پێئەنجامدرا) لە كۆریا بەستراوە، نەك لەوێ دروست كرابێت، هاوكات ئاماژەی بە نرخی سیستمەكە كردووە كە پێویست بووە هەرزانتر بێت.

 

بەرپرسانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن ڕەتیان كردووەتەوە قسە بۆ ڕۆیتەرز بكەن.

 

هاوكات كۆمپانیای میروی كۆریی كە ئامێرەكانی هەڵبژاردن‌و سیستمەكەی بۆ كۆمسیۆن دابین كردووە، ڕەتیدەكاتەوە ئامێرەكان كێشەیان هەبووبێت یان هاككرابن.

 

بەرپرسێكی میرو كە نەیویستووە ناوی ئاشكرابكرێت بە ڕۆیتەرزی وتووە، "ئامێرەكان درۆ ناكەن"، ئەو خۆی‌و 5 كارمەندی میرو چوون بۆ عێراق بۆ تاقیكردنەوەی ئامێرەكان‌و هیچ بەڵگەیەكیان نەدۆزیوەتەوە كە هاككرابن.

 

"ئێمە ئەو ئامێرانەی دەنگدانمان وردبینی كرد كە بۆ عێراقمان ناردبوو، دوای ئەوەی دەنگۆی هاككردنیان هەبوو، ئێمە گەیشتینە ئەو بڕوایەی ئامێرەكەو سیستمەكەش كێشەی نەبووە" ئەو بەرپرسەی میرو وادەڵێت، وتیشی"ڕاپۆرتێكمانداوە بە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق دوای ئەوەی بەدواداچوونی تەواومان كردووە بۆئەو ئامێرانە."

 

ئەو سیستمەی لە هەڵبژاردنەكەدا بەكارهێنرا بە ئەلیكترۆنیی دەنگەكانی جیاكردەوەو هەژماری كرد، لەگەڵ كۆتایی هاتنی هەڵبژاردنەكەدا ئەنجامی ئەلیكترۆنیی پڕۆسەكە ناڕەزایی فراوانی لێكەوتەوەو لایەنە ناڕازییەكان ڕایانگەیاند، "هاككراوەو پێشتر ئەنجامەكانی لەسەر تۆماركراوە."

 

زۆرترین ناڕەزاییەكان لە پارێزگاكانی سلێمانی‌و كەركوك بوون، لەو دوو پارێزگایە تەنها یەكێتی بە ئەنجامەكان ڕازییە(لەسلێمانی 8 كورسی‌و لە كەركوك 6 كورسی هێناوە)و سەرجەم لایەنەكانی دیكە ڕەتیدەكەنەوەو ئەو حزبە تۆمەتبار دەكەن بە ئەنجامدانی "ساختەكاریی زەبەلاح."

 

پەرەگراف پێشتر لە دوو بەدواداچوونی ورددا زانیاریی‌و بەڵگەی لەبارەی "ساختەكاریی هەڵبژاردن لە سلێمانی" بڵاوكردەوە، ئەوە لەكاتێكدایە یەكێتی ئەو تۆمەتانە ڕەتدەكاتەوە كە ئاڕاستەی دەكرێن‌و بەرپرسانی كۆمسیۆنیش كە ئێستا لەكارەكانیان سڕ كراون، ئامادەنەبوون وەڵام بدەنەوە.

 

بەپێی بەدواداچوونی یەكەمی پەرەگراف، لایەنە ناڕازییەكان لەناو بەڵگەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردندا "تەزویرێكی زەبەلاح"یان دۆزیوەتەوە‌و وەك خۆیان دەڵێن، لایەنە عێراقی‌و نێودەوڵەتییەكان توشی "شۆك" بوون كاتێك بەڵگەكانی ئەو "تەزویرە"یان پیشاندراوە.
ئەوان، لە ئەنجامی وردبینی بۆ وێنەی فۆرمی دەنگدانی دەنگدەرانی سلێمانی، بۆیان دەركەوتووە 6 كاندیدی دەرچووی یەكێتی "هەریەكەیان بە هەزاران دەنگی بۆ دووبارە كراوەتەوەو ساختەیە" ئەوەشیان وەك بەڵگە پێشكەش بە دەستەی دادوەری هەڵبژاردن كردووە لە بەغداد.

 

پەرەگراف لە بەدواداچوونی دووەمدا ئەوەی ئاشكرا كرد، ئەو بەڵگانەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن پێشكەشی حزبەكانی كردووە لە پارێزگای سلێمانی جیاوازە لە هەمان بەڵگەكانی كۆمسیۆن كە لە پارێزگای هەولێر دراوە بە حزبەكان، لە سلێمانی هەندێك زانیاریی لە حزبەكان "شاردراوەتەوە"، ئەوەش وەك "بەشێكی دیكەی پڕۆسەی ساختەكارییەكە" لە قەڵەم درا.