بارزانی: مەكگۆرك داوای دواخستنی هەڵبژاردنی نەكردووەو ئەو داوایە لە كەس قبوڵ ناكەم

07-08-2018 08:05
مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان. وێنە؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف

 

مەسعود بارزانی ڕەتیدەكاتەوە برێت مەكگۆرك داوای دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی لێكردبێت‌و دەڵێت، بۆ دەبێت ئەوەندە خۆمان بە كەم بزانین كەسێك پێمان بڵێت ئەوە بكەن‌و ئەوە مەكەن، "من ئەوە لە كەس قبوڵ ناكەم."

 

ئەو وتەیەی بارزانی‌و تەئكیدكردنەوەی لە ئامادەكاریی حزبەكەی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا، دوای ئەوەدێت هەندێك لە بەرپرسانی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانی هەرێم دەنگۆی ئەوەیان بڵاوكردەوە برێت مەكگۆرك لە دواین سەردانیدا بۆ هەرێم كە بارزانی بینیوە داوای لێكردووە هەڵبژاردن دوابخرێت.

 

سەرۆكی پارتی لە وتارێكیدا كە لە كۆنگرەی لاوانی حزبەكەی پێشكەشی كرد، باسی لە پرسی ڕیفراندۆمەكەی 25ی ئەیلولی ساڵی ڕابردوو كردو تەئكیدی كردەوە مافێكی دەستوری بووەو پیادە كراوەو سەركەوتوو بووە بەوپێیەی لەسەدا 93ی خەڵكی كوردستان دەنگی بۆ داوە.

 

دەربارەی پرسی سەربەخۆیی بارزانی وتی"ئێستاش ئەگەر كەسێك، یان لایەنێك وا بیر بكەنەوە كە ئێمە ئەو مافەمان نییە، بەڕاستی هەڵەن... ئەگەر تەسەور بكەن ئێمە پەشیمان دەبینەوە و پاشەكشە دەكەین خەیاڵە ئەمە."

 

سەرۆكی پارتی جارێكی دیكە ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرو لە دەستدانی خاكی كوردستانی گەڕاندەوە بۆ "خیانەتی هەندێك كەس" وتیشی"بەڵام ئێستاش لەگەڵ ئەوەش بۆ هەموو لایەك دەركەوت كە ئەو زوڵمەی لە كورد كرا، هەڵەیەك بوو راست نەبوو، زۆر لایەنیش پەشیمانن لەوەی كە كرا."

 

مەسعود بارزانی داوای لە ئەندامانی حزبەكەی كرد خۆیان ئامادەبكەن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان‌و باسیلە سەركەوتنی حزبەكەی كرد لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.

 

مەسعود بارزانی وتی"دەركەوت وەكو حیزب.. وەكو حیزب لەسەر ئاستی عێراق پارتی حیزبی یەكەمە، ئەوانەی دیكە هەموو هاوپەیمانی و ئیئتیلافن چەند لایەنێك بە یەكەوەن، بەڵام پارتی بە تاقی تەنیا بە حیزبی یەكەم دەرچوو، سەرەڕای ئەوەی زۆر غەدریش لە پارتی كراو و زۆر لە كورسییەكانی پارتیش دزران، بەلای كەمییەوە 4 تاوەكو 6 كورسی پارتی لەو هەڵبژاردنە دزراوە."

 

هاوكات بارزانی ڕەتیكردەوە برێت مەكگۆرك نوێنەری سەرۆكی ئەمەریكا بۆ شەڕی داعش داوای لێكردبێت بۆ دواخستنی هەڵبژاردن، وتی"نە وتویەتی دوای بخەن و نە دوای نەخەن، تەنانەت ئەگەر واشبڵێت یان لایەكی دیكە یان یەكێكی دیكە، ئەی ئێمە خۆمان وەكو خەڵكی كوردستان دەڵێین چی، ئیللا دەبێت ئەوەندە خۆمان بە كەم بزانین و چاومان لەوەبێت یەكێك بێت و بە ئێمە بڵێت ئەمە بكەن و ئەمە نەكەن، من ئەمە قبووڵ ناكەم لە هیچ كەسێك."

 

هەر لەسەر هەمان پرس، نێچیرڤان بارزانی دوای كۆبوونەوەی ئەمڕۆی حكومەتی هەرێم تەئكیدی كردەوە هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا دەكرێت‌و وتی"تاوەكو ئێستا هیچ حیزب و لایەنێك بە فەرمی داوای لە حكومەتی هەرێمی كوردستان نەكردووە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دوابخرێت."

 

ئەوانە لەكاتێكدان هەندێك لە بەرپرسانی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانی هەرێم‌و یەكێتی نیشتمانی لێدوانی جیاواز دەدەن‌و ڕاڕایی‌و دوودڵیی بڵاودەكەنەوە دەربارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا كە 30-9-2018یە.

 

یەكێتی لەگەڵئەوەی دەڵێت ئامادەیە بۆ هەڵبژاردن لەو وادەیەی بۆی دیاریكراوە، بەڵام بەرپرسانی ئەو حزبە نەیان شاردووەتەوە كە پێیان باشە پڕۆسەكە دوابخرێت، دوێنێش قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند، "هەموولایەك لەگەڵ دواخستنیەتی بەس كەس ناوێرێت بیڵێ."

 

ئەو وتەیەی قوباد تاڵەبانی كاردانەوەی پارتی دیموكراتی كوردستانی بەدواداهات، وتەبێژی فەرمی ئەو حزبە دوای چەند كاتژمێرێك لەو وتەیە، لە ڕونكردنەوەیەكدا ڕەتیكردەوە ئەوان لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردندا بن.

 

بەپێی یاسا دەبێت چوار ساڵ جارێك هەڵبژاردن لەهەرێمی كوردستان ئەنجامبدرێت‌و ڕۆژی 21-9-2013 هەڵبژاردن بۆ خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامدراو 21-9-2017 چوار ساڵ بەسەر ئەو وادەیەدا تێپەڕی، هەروەها 6-11-2017 چوارساڵ بەسەر یەكەم دانیشتنی خولی چوارەمی پەرلەماندا تێپەڕی.

 

لە دوای ئەو ڕێكەوتەوە ماوەی یاسایی ئەم خولەی پەرلەمان كۆتایی دەهات، بەڵام بەرلەو ڕێكەوتەو لە 24-10-2017 پەرلەمان تەمەنی خۆی بۆ دوو وەرز درێژكردەوە(8 مانگ) هەڵبژاردنی دواخست.

 

گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی بەشداریی كۆبونەوەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانیان نەكرد، یەكگرتووی ئیسلامیش دەنگی بە پڕۆژەكە نەداو پێی باش بوو 3 بۆ 6 مانگ تەمەنی پەرلەمان درێژ بكرێتەوە، پارتی‌و یەكێتی‌و حزبە بچووك‌و كەمینەكان پڕۆژەكەیان تێپەڕاند.