كەجەكە بۆ پەرەگراف دواین زانیاریی دەربارەی دوو بەرپرسە دەستگیركراوەكەی میت ئاشكرا دەكات

09-08-2018 06:24
دوو میتە دەستگیركراوەكە.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

دوو بەرپرسە دەستگیركراوەكەی میت "لە ژیاندا ماون‌و تەندروستییان باشە"، ئازادكردنیان لە بەرنامەی كەجەكەدا نییەو ئەو پرسەیان لای خۆیانەوە داخستووە، ئەوە سەرباری هەوڵە بەردەوامەكانی توركیا.

 

سەرحەد وارتۆ، وتەبێژی پەیوەندییەكانی دەرەوەی كۆما جڤاكێن كوردستان(كەجەكە) لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ پەرەگراف باسلە دۆخی ئەو دوو بەرپرسەی میت دەكات‌و فشارەكانی توركیا بۆسەر حزبەكانی باشوری كوردستان‌و ڕوانینی كەجەكە بۆ چارەسەری كێشەكانی كورد لە ڕۆژهەڵات‌و ڕۆژئاوای كوردستان ڕووندەكاتەوە.

 

وارتۆ، ئەوەشدەخاتەڕوو، توركیا بە ناڕاستەوخۆو لە ڕێی لایەنی دیكەوە هەوڵی زۆریداوە بۆ ئازادكردنی ئەو دوو بەرپرسەی میت كە لای ئەوانن، بەڵام ڕەتیانكردۆتەوە ئازادیان بكەن.

 

ئەو دوو بەرپرسە باڵایەی میت سەرەتای مانگی هەشتی ساڵی ڕابردوو لەلایەن تیمێك لە گەریلاكانی پەكەكەوە دەستگیركران‌و گەیەندرانە قەندیل، پەرەگراف پێشتر لە بەدواداچوونێكدا ئەوەی ئاشكرا كرد، ئەو دوو میتە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە ڕەجەب تەیب ئەردۆغانەوە هەبووەو بۆ كێشانی دواین نەخشەی ئۆپەراسیۆنێكی تایبەت كە لە ڕێگەی هەلیكۆپتەرەوە ئەنجامبدرێت‌و جەمیل بایك هاوسەرۆكی كۆنسەی بەڕێوەبەرایەتیی كەجەكە بكرێتە ئامانج، سەردانی ڕێگای (ڕانیە-دوكان)یان كردبوو.

 

ئەرهان پەكچەتین‌و ئایدین گونەل ئەو دوو كەسە دەستگیركراوەن كە بۆ ماوەی 20 ساڵ لە شوێنە جیاجیاكانی كوردستان لە پۆستە باڵاكانی میتدا كاریان كردووە.

 

سەرحەد وارتۆ كە كەسی ڕێگە پێدراوە قسە بۆ ڕاگەیاندنەكان بكات‌و هەڵوێستی فەرمیی كەجەكە ڕوونبكاتەوە(چەتری كۆكەرەوەی تەواوی ڕێكخراوە هاوفكرەكانی سەربە پەكەكەیە)، دەربارەی دۆخی ئێستای ئەو دوو میتە دەڵێت"ڕەوش‌و تەندروستیی ئەوان باشە."

 

وارتۆ وتیشی"هەڤاڵ موراد قەرەیلانیش لە لێدوانێكدا ئەوەی ئاشكرا كرد توركیا هەوڵدەدات شوێنی ئەوان دەستنیشان بكات‌و لێی بدات، ئەو هەوڵە هەیەو زانیاریی لەوبارەیەوە گەیشتووەتە دەستی ئێمە."

 

لە وەڵامی ئەوەی توركیا گفتوگۆی لەگەڵ كەجەكە كردووە بۆ ئازادكردنیان؟ وارتۆ وتی"ڕاستەوخۆ نا، بەڵام هەوڵدانی زۆری توركیا لەو بارەیەوە هەبووە لە ڕێی لایەنی سێیەمەوە."

 

دەربارەی ئەوەی مەرج‌و داواكارییان هەیە لە بەرامبەر ئازادكردنیان؟ سەرحەد وارتۆ ئەوەی خستەڕوو ئەو پرسە لای ئەوان داخراوەو لە بەرنامەیاندا نییە، وتی"لە ڕۆژەڤی ئێمەدا گفتوگۆ لەوبارەیەوە نییە. ئەو ڕۆژەڤ هاتووەتە گرتن‌و لای ئێمە نییە."

 

فشارەكانی توركیا بۆسەر حزبەكانی باشوری كوردستان

 

لە دوای دەستگیركردنیان لەلایەن پەكەكەوە پەیوەندییەكانی توركیاو یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە حزبی باڵادەستی سلێمانییە‌و پۆستە ئەمنییەكانی بەدەستەوەیە چووە دۆخێكی دژوارو نوێنەری یەكێتی لە ئەنقەرە دەركرا، توركیا چەند مانگێكە گەمارۆی خستووەتەسەر فڕۆكەخانەی سلێمانی‌و تائێستا ئامادەنییە گەمارۆكە لاببات.

 

هەروەها ئەو وڵاتە فشاری خستووەتەسەر حزبەكانی باشوری كوردستان‌و ڕەخنەی تووندی ئاڕاستە كردوون كە "هاوكاریی پەكەكە دەكەن" بەتایبەت لە ئاستی باڵادا وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە ڕووەوە یەكێتی‌و گۆڕان چەند جارێك ئەو قسەیەی كردووە، بەڵام ئەو فشارانە كاریگەریی نەبووە لەسەر پەیوەندیی ئەو حزبانە لەگەڵ پەكەكە، وەك سەرحەد وارتۆ دەڵێت.

 

 

 سەرحەد وارتۆ، وتەبێژی پەیوەندییەكانی دەرەوەی كەجەكە. وێنە؛ پەرەگراف. 

 

"سیاسەتی توركیا لە باشور فشار خستنەسەر حزب‌و لایەنەكانە تا لەدژی پەكەكە كاربكەن، حزب‌و لایەنەكانی باشور زۆربەیان بۆشاییەك هەیە لە نزیكبوونەوەیان لەگەڵ توركیا، چونكە پارتی كوردین، هەربۆیە ئەو ئەنجامەی توركیا دەیەوێت نەیتوانیوە بە دەستی بهێنێت، لەبەرئەوە فڕۆكەخانەی سلێمانی قەدەغە كردووە، لێرەدا پێویست بوو حكومەتی هەرێم خاوەنی هەڵوێست بێت، چونكە ئەمە هەرێمێكەو پێویستە هەڵوێستی لە دژی دەوڵەتی توركیا هەبێت، چونكە توركیا دەیەوێت هێزە كوردییەكان لە دژی یەك بەكاربهێنێت" سەرحەد وارتۆ وادەڵێت.

 

وتەبێژەكەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی كەجەكە ئەوەشی خستەڕوو، پەیوەندییان لەگەڵ لایەنە كوردییەكان باشە، "بێگومان حزب‌و لایەنە كوردییەكان ناتوانن ئەو سیاسەتەی توركیا قبوڵ بكەن، ئەگەر قبوڵی بكەن ئەوكاتە چۆن حزب‌و لایەنی كوردین؟ بۆیە هەڵوێستی یەكێتی‌و گۆڕان‌و حزبەكان زیاتر نەتەوەییە، بەڵام پارتی جیایەو پەیوەندی خۆی بەدەوڵەتی توركیاوە هەیە."

 

لەبارەی پەیوەندیی نێوان كەجەكەو پارتی، سەرحەد وارتۆ وتی"بەتەواوی نەپچڕاوە، بەڵام پەیوەندییەكە لەو ئاستەدا نییە كە بتوانین لەسەری كاربكەین."

 

ڕوانینی كەجەكە بۆ كوردستانی ڕۆژهەڵات‌و ڕۆژئاوا

 

كەجەكە لەگەڵ چارەسەری سیاسیی پرسی كوردەو داوای یەكگرتوویی هێزو لایەنە كوردییەكان دەكات، لەو بارەیەوە پێی باشە پژاك‌و حزبەكانی دیكەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە چوارچێوەیەكدا كۆببنەوە.

 

5 حزبی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە بەرەیەكدا بەناوی ناوەندی هاوكاریی حزبەكانی كوردستانی ئێران كۆبوونەتەوە، هەرچەندە ئامانجی هاوبەشیان لەگەڵ پارتی ژیانی ئازادی كوردستان(پژاك) هەیە كە هاوفكرو هاوپەیمانی ستراتیژی پەكەكەیە، بەڵام پژاك‌و ئەو حزبانە كە هێزی چەكداری جیاوازیان هەیە هێشتا گفتوگۆ لە نێوانیاندا نییە بۆ كاری پێكەوەیی.

 

"ئێمە لەگەڵ یەكێتی نەتەوەیین لەهەر پارچەیەك، داوادەكەین هێزە كوردییەكان لەسەر پرەنسیپی دیموكراتی یەكبن‌و پێكەوە كاربكەن" سەرحەد وارتۆ وای وت.

 

حزبەكانی ڕۆژهەڵات‌و پژاك جیاوازی زۆر هەیە لە نێوانیاندا، ئەوان داوای ڕووخاندنی ئێران دەكەن‌و پژاك داوای چاكسازیی‌و گۆڕانكاریی دەكات، دەربارەی زەمینەی یەكگرتنیان بەو جیاوازییانەوە، سەرحەد وارتۆ وتی"ڕاستە قورسە، بەڵام بەومانایە نییە نەتوانن بگەنە یەك، دەرفەتی لێكتێگەیشتن هەیە."

 

لە وەڵامی ئەوەی پەیوەندیی كەجەكە لەگەڵ ئێران چۆنە؟ وارتۆ وتی"ئێمە هێزێكین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەگەڵ هەموو هێزەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كاردەكەین پەیوەندیمان لەگەڵ زۆر لایەن هەیە، لەسەر دوو پرەنسیپ ئەوانیش؛ چارەسەری پرسی كورد و دیموكراتیبوونی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەگەڵ هەر هێزێك پەیوەندیمان هەبێت لەسەر ئەو دوو پرەنسیپەیە."

 

وتەبێژی پەیوەندییەكانی دەرەوەی كەجەكە وتیشی"چارەسەری پرسی كورد لە ئێران قسەكەری خۆی هەیەو حزبەكانی ڕۆژهەڵات هەن، ئێمە هانی حزبەكانی ڕۆژهەڵات دەدەین‌و بۆ ئێرانیش بە ئاشكرا دەڵێین پێویستە ئەو كێشانە بە ڕێی سیاسی چارەسەر بكرێن، چونكە ئەزمونی توركیاو سوریا دیارەو بەشەڕ كێشەكان چارەسەر نەبوون، لە ئێرانیش ئەگەر شەڕ ببێت هەمان ئەنجامی دەبێت."

 

هەرلەو چوارچێوەیەدا كەجەكە پشتیوانیی گفتوگۆكانی نێوان كوردانی ڕۆژئاواو ڕژێمی سوریا دەكات بۆ چارەسەركردنی كێشەكان.

 

"بێگومان كۆتایی هەموو شەڕەكان گفتوگۆ هەیەو تاسەر شەڕ نابێت، گفتوگۆ لەگەڵ ڕژێم هەنگاوێكی باشەو هیوادارین هەردوولا بەرپرسیارانە كێشەكان چارەسەر بكەن" سەرحەد وارتۆ وای وت.

 

لە وەڵامی ئەوەی كەجەكە پێشنیارو داواكاریی هەبووە لە كوردانی ڕۆژئاوا لەبارەی گفتوگۆیان لەگەڵ ڕژێمی ئەسەد، وارتۆ وتی"نەخێر، ئەوان ئیرادەی خۆیان هەیەو دامودەزگای خۆیان هەیەو كاری خۆیان بۆخۆیان دەیكەن."