چوار حزبەكە دژی ئەنجامی هەڵبژاردن هەنگاو دەنێن‌و داوای دایەلۆگی نیشتیمانی دەكەن

11-08-2018 04:24
كەسانی یەكەمی چوار حزبەكە.

 

پەرەگراف

 

چوار حزبە ناڕازییەكەی هەرێم كۆبوونەوەی لوتكەیان ئەنجامداو ڕێكاری یاسایی‌و سیاسی دژی ئەنجامی هەڵبژاردنەكەی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراق دەگرنەبەر، هاوكات داوای دایەلۆگێكی نیشتیمانی دەكەن لە كوردستان بۆ چارەسەری كێشەكان.

 

ئەمڕۆ كەسانی یەكەمی هەریەكە لە گۆڕان، یەكگرتوو، كۆمەڵ‌و هاوپەیمانی لە سلێمانی كۆبوونەوەو دەرئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق‌و دۆخی كوردستان‌و هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیان تاوتوێ كرد.

 

بەپێی ڕاگەیەندراوی كۆتایی كۆبوونەوەكە، چوار حزبەكە هەژماركردنەوەی دەستیی بەشێك لە سندوقەكانی هەڵبژاردن بە "بەلاڕێدابردن"ی یاساكەی پەرلەمانی عێراق ناودەبەن بۆ هەژماركردنەوەی گشتیی سندوقەكانی دەنگدان.

 

"ئەوەی رون و ئاشكرا بو ئەم هەژماركردنە بۆ پەردەپۆشكردن و تێپەڕاندنی ئەو ساختەكارییە گەورەیە بو كە ئەنجام درا، لێرەوە جارێكی تر ڕایدەگەیەنین كە ئەم دەرەنجامانە ڕەتدەكەینەوە و پێداگریی لەسەر هەڵوێستەكانی پێشومان دەكەینەوە و ڕێكاری یاسایی و سیاسی پێویست دەگرینەبەر لە پێناو گێڕانەوەی متمانە بۆ پڕۆسەی سیاسی و پاراستنی دەنگی دەنگدەرانمان" چوار حزبەكە وادەڵێن.

 

كۆبوونەوەی چوار حزبە ناڕازییەكە دوای ئەوەهات كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق(دادوەرەكان) كۆتایی بە پڕۆسەی جیاكردنەوەو هەژماركردنەوەی دەستیی ئەو سندوقانە هێنا كە سكاڵایان لەسەر بوو، دواتریش ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكەی ڕاگەیاند، بەپێی ئەنجامەكە هیچ گۆڕانكارییەك بەسەر كورسی حزبەكان نەهاتووە لە هەرێمی كوردستان‌و پارێزگای كەركوك.

 

چوار حزبەكە لە بەشێكی دیكەی ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكەیاندا دەڵێن"سەرەڕای ئەم ستەمە سیاسیە گەورەیە بەرامبەر بە بەشێك لە لایەنە سیاسییەكان و هاوڵاتیان لە سۆنگەی هەستكردنمان بە بەرپرسیارێتی ئێستا و ئایندەی گەلەكەمان و هەستیاری بارودۆخەكە جەخت دەكەینەوە لەسەر پێویستی دایەلۆگێكی نیشتیمانی بەرپرسیارانە لە كوردستان بۆ دۆزینەوەی چارەسەری ڕیشەیی و بنەڕەتی بۆ قەیران و گرفتەكانی ئەم دۆخە سیاسیە و دەربازكردنی كوردستان لەم بارودۆخە نالەبار و چەقبەستوە و پتەوكردنی یەكڕیزی نیشتیمانی لەسەر بنەمای سازان و هاوسەنگی سیاسی و شەراكەتی ڕاستەقینە و ڕەچاوكردنی ئەگەرەكانی بەردەم دۆخی سیاسی عێراق و ناوچەكە و ڕێگریی لە پشێوی و ناتەبایی و ئاڵۆزی زیاتر."

 

 

كۆبوونەوەی لوتكەی چوار حزبەكە لە ماڵی نەوشیروان مستەفا ڕێكخەری كۆچكردووی گۆڕان لە سلێمانی. وێنە؛ بڕیار نامیق.

 

بەشێكی دیكەی گفتوگۆی كۆبوونەوەی كەسانی یەكەمی چوار حزبەكە تایبەت بووە بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە بڕیارە لە 30-9 ئەنجامبدرێت.

 

لەوبارەیەوە چوار حزبەكە دەڵێن"داوا دەكەین كاری جدیی بكرێت لە پێناو ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد لە هەرێمی كوردستاندا و كە دڵنیایی بداتە هاوڵاتیان و لایەنە سیاسیەكان ئەمەش بە پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران و چاكسازیی لە ڕێكار و یاساكانی كۆمیسیۆن كە كات و زەمینەی هەڵبژاردنێكی بێ ساختەكاری فەراهەم بكات وە ببێتە مایەی پتەوكردنی ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی."

 

ئەو چوارحزبە تەئكید لەوەش دەكەنەوە، لە كۆبوونەوەكەدا هاوڕابوون لەسەر یەك هەڵویستییان لە بەغدا و هەنگاوی هاوبەشی زیاتر لە پێناو پاراستنی مافە دەستوری و نەتەوەییەكان.