چوار حزبەكەو یەكێتی هەوڵی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەدەن

16-08-2018 03:54

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

چوار حزبە ناڕازییەكە لە هەوڵدان هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دوابخەن، ئەوەش هەمان خواستی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە، ئەو حزبانە بۆ ئەو كارە دوو ڕێگایان لەبەردەمدایە، ڕێگایەكیان بە نێچیرڤان بارزانیدا تێدەپەڕێت، بەڵام ناوبراو نائومێدی كردوون‌و تەنها ڕێگای پەنابردنەبەر پەرلەمانی كوردستانی بۆ هێشتوونەتەوە.

 

پاساوەكانی ئەو حزبانە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن زۆرن‌و هەندێكیان حزبیین، بەڵام پاساوێك كە سەرجەمیان هاوبەشن تێیدا گەرەنتی نەكردنی هەڵبژاردنێكی پاك‌و بێگەردە، بەتایبەت چوار حزبەكە چەندین خەوش‌و كەموكورتی لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پڕۆسەكەو تۆماری دەنگدەران دەخەنەڕوو، ئەوانەش وەك مەترسی دەبینن بۆ ئەنجامدانی "ساختەكاریی گەورە."

 

بەدەر لە گۆڕان، كۆمەڵ، هاوپەیمانی‌و یەكگرتوو، یەكێتیش لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردنەو بە ئاشكرا وتویەتی ئەگەر هەوڵێكی لەوجۆرە بدرێت دژی ناوەستنەوە، بەڵام چوار حزبەكە تائێستا بەئاشكرا ئەو خواستەیان نەخستووەتەڕوو هەرچەندە دوور لەچاوی میدیا كاری لەسەر دەكەن.

 

ڕێگاكانی دواخستنی هەڵبژاردن؛ ئایا پارتی دەبێتە بەربەست؟

 

هێشتا ئەنجامدانی هەڵبژاردن یان دواخستنی، پرسێكی گەرمی گۆڕەپانی سیاسی كوردستانە، هەرچەندە هیچ لایەنێك تائێستا بە فەرمی‌و بە ئاشكرا داوای دواخستنی نەكردووەو پڕۆژەی نییە لەوبارەیەوە، بەڵام تەنها پارتی‌و دوای ئەویش نەوەی نوێ پێداگریی دەكەن لەسەر ئەنجامدانی لە وادەی خۆیدا كە 30-9یە.

 

ئێستا ئەگەر حزبەكان بیانەوێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دوابخەن، دەبێت جارێكی دیكە تەمەنی پەرلەمان درێژ بكەنەوە، بۆئەوەش دوو ڕێگایان لەبەردەستدایە.

 

یەكێكیان ئەوەیە حكومەت پڕۆژە یاسایەك بنێرێتە پەرلەمان‌و داوای دواخستنی هەڵبژاردن‌و درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بكات، ئەم ڕێگایە سەری لە نائومێدییەوە دەرچووە، لەبەرئەوەی سەرۆكی حكومەت دژیەتی‌و ناچێتە ژێرباری ئەوكارە.

 

پەرەگراف لە سەرچاوەی ئاگادارەوە زانیویەتی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، بەتووندی ئەوەی ڕەتكردووەتەوە كە حكومەت پڕۆژەی هەبێت بۆ دواخستنی هەڵبژاردن.

 

سەرچاوەیەكی ئاگادار وتی"نێچیرڤان بارزانی لە وەڵامی داوایەكی بەرپرسانی یەكێتیدا بە ڕوونی وتویەتی هیچ پاساوێك نابینێت بۆ دواخستنی هەڵبژاردن‌و حكومەت ناچێتە ژێرباری كارێكی لەوجۆرەو ئەگەر حزبەكان هەر هەوڵێكیان هەیە با بیبەنە پەرلەمان."

 

ڕێگای دووەمی دواخستنی هەڵبژاردن لە ڕێی پەرلەمانی كوردستانەوە دەكرێت، بۆئەوەش پێویستە 10 پەرلەمانتار واژۆ كۆبكەنەوە بۆ درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان‌و دواخستنی هەڵبژاردن.

 

لەو حاڵەتەداو دوای ئامادەكردنی پڕۆژە یاسا بۆ دواخستنی هەڵبژاردن، لە ڕووی سیاسییەوە پێویستە ئەوەندە حزبی سیاسی ڕێكبكەون كە 50+1 كورسییان هەبێت لە پەرلەمان(56 پەرلەمانتار) بۆئەوەی بتوانن پڕۆژەكە تێپەڕێنن.

 

ئەم ڕێگایەش بەبێ پارتی دیموكراتی كوردستان سەرناگرێت، هەرچەندە حزبە ناڕازییەكان‌و یەكێتی زیاتر لە 56 پەرلەمانتاریان هەیە بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژەكە، بەڵام بۆئەوەی پڕۆژەكە بخرێتە بەرنامەی كاری پەرلەمان پێویستی بە ڕەزامەندی سەرۆكایەتی پەرلەمانە، ئێستا لە غیابی سەرۆكدا جێگری سەرۆك كە لە پشكی پارتییە سەرۆكایەتی دانیشتنەكان دەكات‌و بەبێ ڕەزامەندی ئەو هیچ پڕۆژەیەك ناخرێتە بەرنامەی كارەوە.

 

پێناچێت پارتی ڕێگریی لە هەوڵێكی لەوجۆرە بكات لەناو پەرلەمان، ئەگەر ئەو حزبانەی دیكە هەموویان یەكدەنگیی لەسەر دواخستنی هەڵبژاردن دروست بكەن، سەرچاوەكەی پەرەگراف كە ئاگادارە لە ناوەندی بڕیاری پارتی، دەڵێت"ئەگەر سەرجەم ئەو حزبانەی دیكە كۆدەنگیی لەسەر دروست بكەن‌و پڕۆژەیان هەبێت بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەكە لە پەرلەمانەوە، پارتی ڕێگریی ناكات، ئەگەر دەنگیشی نەداتێ بێلایەنیی هەڵدەبژێرێت‌و ئەو حزبانەی دیكە دەتوانن خۆیان پڕۆژەكە تێپەڕێنن."

 

چوار حزبەكەو نزیكبوونەوە لە یەكێتی‌و پارتی

 

چوارحزبەكە دەیانەوێت لە چوارچێوەی "دایەلۆگێكی نیشتیمانی" بۆ چارەسەری كێشەكانی كوردستان بچنەسەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ پارتی‌و یەكێتی، ئامانجی سەرەكییان لەو هەنگاوە گفتوگۆكردنە لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمان بە ئاڕاستەی دواخستنی پڕۆسەكە.

 

پەرەگراف لە بەرپرسانی باڵای ئەو حزبانەوە زانیویەتی، جگە لە گۆڕان، سێ حزبەكەی دیكە دوور لە چاوی ڕاگەیاندنەكان لە ئاستی جیاوازدا گفتوگۆو یەكتربینینیان هەیە لەگەڵ پارتی‌و یەكێتی، گۆڕانیش ئەو خواستەی هەیە.

 

چوار حزبەكە سەرەتای ئەم هەفتەیە لە كۆبوونەوەی لوتكەی نێوانیان بە فەرمی دەرگایان بەڕووی پارتی‌و یەكێتیدا كردەوە، كاتێك لە ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكەیاندا هاتبوو"جەخت دەكەینەوە لەسەر پێویستی دایەلۆگێكی نیشتیمانی بەرپرسیارانە لە كوردستان بۆ دۆزینەوەی چارەسەری ڕیشەیی و بنەڕەتی بۆ قەیران و گرفتەكانی ئەم دۆخە سیاسیە..."

 

هەرلەو كۆبوونەوەیەدا چوار حزبەكە دەربارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیش چەند بژاردەیەكیان تاوتوێ كردووە، لەوانە؛ دواخستنی پڕۆسەكە، بایكۆتكردنی، ئەنجامدانی بە وەرگرتنی گەرەنتی لە كۆمسیۆن، بەڵام هەوڵدان بۆ دواخستنی "كراوەتە ئەولەویەت."

 

لە ڕاگەیەندراوی كۆتایی كۆبوونەوەكەشدا داوایان كرد، "كاری جدیی بكرێت لە پێناو ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد لە هەرێمی كوردستاندا و كە دڵنیایی بداتە هاوڵاتیان و لایەنە سیاسیەكان ئەمەش بە پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران و چاكسازیی لە ڕێكار و یاساكانی كۆمیسیۆن كە كات و زەمینەی هەڵبژاردنێكی بێ ساختەكاری فەراهەم بكات وە ببێتە مایەی پتەوكردنی ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی."

 

حزبە ناڕازییەكان داوای گەرەنتی هەڵبژاردنێكی پاك دەكەن، بۆئەوەش چەندین سەرنج‌و پێشنیاریان ئاڕاستەی كۆمسیۆن كردووەو تانەیان لە تۆماری دەنگدەران داوە، بەڵام پێناچێت كۆمسیۆن بتوانێت ئەو سەرنج‌و تێبینییانەیان جێبەجێ بكات بەوكاتەی لەبەردەمیدا ماوە.

 

هاوپەیمانی دیموكراسی‌و دادپەروەری یەكێكە لەو حزبانەی یاداشتی ئاڕاستەی كۆمسیۆن كردووە‌و سێ قۆناغ دەگرێتەوە؛ پێش هەڵبژاردن، ڕۆژی دەنگدان‌و دوای هەڵبژاردن، بۆهەر قۆناغێك بە چەند خاڵێك سەرنج‌و پێشنیارەكانیان خراونەتەڕوو.

 

د.ڕێبوار كەریم، وتەبێژی هاوپەیمانی، تەئكید دەكاتەوە ئەو لایەنانە سوورن لەسەر گەرەنتی پێشوەختی هەڵبژاردنێكی پاك، لە وەڵامی ئەوەی ئەگەر گەرەنتی نەكرێت هەڵوێستیان چی دەبێت؟ وتی"ئەوكات هەرچوار لایەنەكە كۆدەبینەوەو دیراسەی دەكەین‌و بڕیاری كۆتایی دەدەین."

 

بەپێی یاسا دەبێت چوار ساڵ جارێك هەڵبژاردن لەهەرێمی كوردستان ئەنجامبدرێت‌و ڕۆژی 21-9-2013 هەڵبژاردن بۆ خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامدراو 21-9-2017 چوار ساڵ بەسەر ئەو وادەیەدا تێپەڕی، هەروەها 6-11-2017 چوارساڵ بەسەر یەكەم دانیشتنی خولی چوارەمی پەرلەماندا تێپەڕی.

 

لە دوای ئەو ڕێكەوتەوە ماوەی یاسایی ئەم خولەی پەرلەمان كۆتایی دەهات، بەڵام بەرلەو ڕێكەوتەو لە 24-10-2017 پەرلەمان تەمەنی خۆی بۆ دوو وەرز درێژكردەوە(8 مانگ) هەڵبژاردنی دواخست.

 

گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی بەشداریی كۆبونەوەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانیان نەكرد، یەكگرتووی ئیسلامیش دەنگی بە پڕۆژەكە نەداو پێی باش بوو 3 بۆ 6 مانگ تەمەنی پەرلەمان درێژ بكرێتەوە، پارتی‌و یەكێتی‌و حزبە بچووك‌و كەمینەكان پڕۆژەكەیان تێپەڕاند.