بارزانی: بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردن نین‌و نابین

16-08-2018 08:13
مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان. وێنە؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف

 

مەسعود بارزانی سووربوونی حزبەكەی لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە وادەی خۆیدا دووپاتدەكاتەوەو دەڵێت، با لەباتی بیركردنەوە لە دواخستنی، بیرلەوە بكرێتەوە هەڵبژاردنەكە بێگەردو شەفاف ئەنجامبدرێت.

 

ئەو وتانەی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كاتێكدایە چوارحزبە ناڕازییەكەو یەكێتی نیشتمانی لەهەوڵی دواخستنی هەڵبژاردنەكەدان كە بڕیارە 30-9 ئەنجامبدرێت، بۆئەوەش دەیانەوێت لە پەرلەمانی كوردستانەوە ئەوكارە بكەن، ئەگەر پارتی نەبێتە بەربەست لەبەردەمیاندا.

 

مەسعود بارزانی، ئێوارەی ئەمڕۆ لە وتارێكدا كە بەبۆنەی یادی 72 ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان پێشكەشیكرد، وتی"ئومێدەوارم لەجیاتی ئەوەی بیرلەوە بكرێتەوە هەڵبژاردن دوابخرێت، بیرلەوە بكەینەوە چۆن هەموومان پێكەوە هەڵبژاردنێكی بێگەردو بێگیروگرفت‌و شەفاف ئەنجامبدەین، فەرموون لە نەتەوەیەكگرتووەكان‌و ڕێكخراوە بیانیی‌و ناوخۆییەكان، چی پێویستە بكرێت بۆئەوەی چاودێری بكرێت‌و نەهێڵین هیچ گلەییەك بێتەسەر ئەو هەڵبژاردنە، هەڵبژاردنەكە ئەنجامبدرێت‌و بەرەو دامەزراندنی حكومەتێكی بەهێز بچین، ئەمە چارەسەرە."

 

بارزانی وتیشی"دەمەوێت بە ڕاشكاوی بڵێم وەكو پارتی بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردن نین‌و لەگەڵی نابین."

 

دوای ئەوەی نێچیرڤان بارزانی حزبەكانی نائومێد كردووە لەوەی هەڵبژاردن لەسەر داوای حكومەت دوابخرێت، ئێستا تەنها ڕێگای پەرلەمانی كوردستانیان لەبەردەمدایە، بەڵام ئەم ڕێگایەش پارتی دەتوانێت پەكی بخات‌و ببێتە بەربەست لەبەردەمیدا.

 

هەرچەندە حزبە ناڕازییەكان‌و یەكێتی زیاتر لە 56 پەرلەمانتاریان هەیە كە پێوستە بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژەیەكی یاسایەك لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردن، بەڵام بۆئەوەی پڕۆژەكە بخرێتە بەرنامەی كاری پەرلەمان پێویستی بە ڕەزامەندی سەرۆكایەتی پەرلەمانە، ئێستا لە غیابی سەرۆكدا جێگری سەرۆك كە لە پشكی پارتییە سەرۆكایەتی دانیشتنەكان دەكات‌و بەبێ ڕەزامەندی ئەو هیچ پڕۆژەیەك ناخرێتە بەرنامەی كارەوە.

 

هاوكات سەرچاوەیەكی ئاگادار لە ناوەندی بڕیاری پارتی بۆ پەرەگراف ئەوەدەخاتەڕوو، پێناچێت پارتی ڕێگریی لە هەوڵێكی لەوجۆرە بكات لەناو پەرلەمان، ئەگەر ئەو حزبانەی دیكە هەموویان یەكدەنگیی لەسەر دواخستنی هەڵبژاردن دروست بكەن.

 

سەرچاوەكە وتی"ئەگەر سەرجەم ئەو حزبانەی دیكە كۆدەنگیی لەسەر دروست بكەن‌و پڕۆژەیان هەبێت بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەكە لە پەرلەمانەوە، پارتی ڕێگریی ناكات، ئەگەر دەنگیشی نەداتێ بێلایەنیی هەڵدەبژێرێت‌و ئەو حزبانەی دیكە دەتوانن خۆیان پڕۆژەكە تێپەڕێنن."

 

بارزانی داوای یەكگرتوویی كورد دەكات

 

بەشێكی دیكەی وتارەكەی مەسعود بارزانی لە یادی دامەزراندنی حزبەكەیدا تایبەت بوو بە یەكڕیزی ناوخۆیی حزبە كوردییەكان‌و پێكەوەبوونیان لە بەغداد.

 

بارزانی باسیلەوەكرد، كاتی بەخۆیدا چوونەوەو كردنەوەی لاپەڕەیەكی نوێیەو ئەوان دەستی هاوكاریی بۆ هەموولایەك درێژ دەكەن‌و بە پێكەوەبوونی حزبەكان دەتوانن دەسكەوتی زیاتر بەدەست بهێنن‌و لە مێژووشدا هەروابووەو پێویستە پەندی لێوەربگرن.

 

سەرۆكی پارتی بەخۆشحاڵییەوە باسیلە ڕێككەوتنی نێوان حزبەكەی‌و یەكێتی نیشتمانی كرد بۆ دانانی پڕۆژەی هاوبەش‌و پێكەوەبوونیان لە بەغداد، داوای لە هەموو لایەنەكانی دیكەش كرد بچنە ناو ئەو ڕێككەوتنەوەو پێكەوەبن.

 

بارزانی وتی"هەقە دەست لە یەكتر شكاندن‌و دژایەتی یەكتر هەڵگرین، هیچ سوودێكمان لەوە وەرنەگرتووە، من داوایان لێدەكەم ئەوانیش لەگەڵ یەكێتی‌و پارتی پێكەوەبن‌و لە بەغداد پێكەوەبین."

 

بارزانی وتیشی"هەرچی دەسكەوتی گەورەیە كە بەدەست هاتووە لەو كاتانەدا بەدەست هاتووە كە ئێمە تەبا بووین‌و پێكەوەبووین، ئیتر پێویستە عیبرەت لەو ئەزموونە وەربگرین."