بەرهەم ساڵح جیاواز لە سێ حزبە ناڕازییەكەی دیكە هاوڕای بارزانییە بۆ یەكڕیزیی

17-08-2018 03:12
مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی - بەرهەم ساڵح سەرۆكی هاوپەیمانی دیموكراسی‌و دادپەروەری

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

بەرهەم ساڵح هیوادارە یادی دامەزراندنی پارتی ببێتە مایەی یەكڕیزیی نێوان حزبەكانی كوردستان، بۆئەو مەبەستەش جیاواز لە سێ حزبە ناڕازییەكەی دیكە پەیامێكی ئاڕاستەی مەسعود بارزانی‌و پارتی كرد.

 

هاوپەیمانیەكەی بەرهەم ساڵح پێكەوە لەگەڵ گۆڕان، كۆمەڵ‌و یەكگرتوو لە بەرەیەكدان‌و هەڵوێست‌و هەنگاوی هاوبەشیان هەیە‌و بڕیاریانداوە لە بەغداش پێكەوەبن، بەڵام وادەردەكەوێت جیاوازی هەبێت لە نێوانیاندا لەبارەی یەكڕیزیی‌و پێكەوەبوونیان لەگەڵ پارتی‌و یەكێتی.

 

هەڵوێست‌و پەیامەكەی بەرهەم ساڵح بۆ یەكڕیزیی لە كاتێكدایە خولی نوێی پەرلەمانی عێراق نزیكبووەتەوە لە دەستبەكاربوون، بەوەش پرسی پێكهێنانی حكومەت‌و دابەشكردنی پۆستەكان دەستپێدەكات، بەرهەم ساڵح یەكێكە لەو ناوانەی دەهێنرێن بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، بۆئەوەش خۆی كاری بۆدەكات‌و پێویستی بە بەدەستهێنانی ڕەزامەندی پارتی‌و یەكێتی هەیە.

 

سەرۆكی هاوپەیمانی دیموكراسی‌و دادپەروەری لە پەیامێكدا بەبۆنەی 72 ساڵەی دامەزراندنی پارتی، ئومێدەوارە یادەكە ببێتە مایەی ئەوەی هەموو لایەك بەرنامەی تۆكمە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەگەرو پێشهاتەكان گەڵاڵە بكەن‌و"یەكڕیزی" دەستەبەر بكەن.

 

بەرهەم ساڵح باسلەوەشدەكات، سەرباری ناكۆكی‌و ڕەخنە ناوخۆییەكان، هەلومەرجی ‏‎سیاسی عێراق‌و ناوچەكەو ئاڕاستەی گۆڕانكارییەكان ئەركی ئەوە دەخاتەسەر هەموو لایەكیان كە "گفتوگۆیەكی نیشتمانی فراوان دەست پێبكات" بۆ دەربازبوون لە دۆخی چەقبەستووی سیاسی‌و چارەسەری كێشەكان.

 

ئەوە یەكەمجار نییە هاوپەیمانییەكەی بەرهەم ساڵح داوای دەستپێكردنی گفتوگۆو كاری پێكەوەیی سەرجەم حزبە كوردستانییەكان دەكات، پێشتریش چەندجارێك ئەو داوایەی كردووە، لە كۆتا كۆبوونەوەی لوتكەی نێوان چوار حزبە ناڕازییەكەدا دەستپێكردنی "دایەلۆگی نیشتمانی" بووە داوای هەر چوار لایەنەكە.

 

لایەنە ناڕازییەكان پێشتر ڕەخنەی تووندیان لە دروشم‌و داواكاریی پارتی‌و یەكێتی گرتووە بۆ "یەكڕیزیی"‌و كاری پێكەوەیی بەتایبەت لە بەغداد، ئەولایەنانە پێیانوایە پارتی‌و یەكێتی لە كوردستان "گەندەڵیی‌و ساختەكاریی دەكەن" هەربۆیە ڕەتیاندەكردەوە لە بەغداد لەگەڵیاندابن.

 

گۆڕان‌و كۆمەڵ‌و یەكگرتوو پیرۆزباییان لە پارتی نەكرد بەبۆنەی یادی دامەزراندنیەوە كە دوێنێ بوو، لە وتارێكدا كە لە یادەكەدا پێشكەشیكرد، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی، هاوشێوەی بەرهەم ساڵح داوای یەكڕیزیی‌و كاری پێكەوەیی نێوان سەرجەم حزبەكانی كرد.

 

بارزانی باسیلەوەكرد، كاتی بەخۆدا چوونەوەو كردنەوەی لاپەڕەیەكی نوێیەو ئەوان دەستی هاوكاریی بۆ هەموولایەك درێژ دەكەن‌و بە پێكەوەبوونی حزبەكان دەتوانن دەسكەوتی زیاتر بەدەست بهێنن‌و لە مێژووشدا هەروابووەو پێویستە پەندی لێوەربگرن.

 

سەرۆكی پارتی، ڕێككەوتنی نێوان حزبەكەی‌و یەكێتی نیشتمانی بە مایەی خۆشحاڵیی وەسفكرد بۆ دانانی پڕۆژەی هاوبەش‌و پێكەوەبوونیان لە بەغداد، داوای لە هەموو لایەنەكانی دیكەش كرد بچنە ناو ئەو ڕێككەوتنەوەو پێكەوەبن.

 

بارزانی، وتی"هەقە دەست لە یەكتر شكاندن‌و دژایەتی یەكتر هەڵگرین، هیچ سوودێكمان لەوە وەرنەگرتووە، من داوایان لێدەكەم ئەوانیش لەگەڵ یەكێتی‌و پارتی پێكەوەبن‌و لە بەغداد پێكەوەبین."

 

سەرۆكی پارتی، وتیشی"هەرچی دەسكەوتی گەورەیە كە بەدەست هاتووە لەو كاتانەدا بەدەست هاتووە كە ئێمە تەبا بووین‌و پێكەوەبووین، ئیتر پێویستە عیبرەت لەو ئەزموونە وەربگرین."