قەرەیلان بۆ خوێنی زەكی شەنگالی دەڵێت: تۆڵەیەكی مێژوویی لە توركیا دەكەینەوە

17-08-2018 09:25
مام زەكی شەنگالی - موراد قەرەیلان.

 

پەرەگراف

 

موراد قەرەیلان ڕایگەیاند، تۆڵەیەكی مێژوویی لە توركیا دەكەنەوە لە بەرامبەر شەهید كردنی مام زەكی شەنگالی.

 

قەرەیلان، فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندیی پاراستنی گەل(نەپەگە) كە لەڕێی ئامێری ڕاگەیاندنەوە بۆ هێزەكانی گەریلا قسەی كردووە، بەتووندی شەهیدكردنی زەكی شەنگالی ئیدانەكردو دەڵێت"لە ڕۆژەڤی ئێمەدا تۆڵەكردنەوەیەكی مێژوویی هەیە. تۆڵە لەم دوژمنە ترسنۆك و نامەردە دەكرێتەوە."

 

ئیسماعیل ئوزدەن ناسراو بە مام زەكی شەنگالی، ئەندامی كۆردیناسیۆنی جڤاكی ئێزدی‌و ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبەری كەجەكە-چەتری كۆكەرەوەی سەرجەم حزب‌و ڕێكخراوەكانی سەربە پەكەكەیە- ئێوارەی 15ی ئەم مانگە دوای گەڕانەوەی لە یادی كۆمەڵكوژی گوندی كۆجۆ، بووە ئامانجی هێرشی فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی توركیاو شەهید بوو.

 

شەهیدبوونی زەكی شەنگالی كاردانەوەی فراوانی لێكەوتەوەو كەجەكە بە فەرمی داوای ڕوونكردنەوەی لە حكومەتی عێراق‌و پارتی دیموكراتی كوردستان كرد دەربارەی ڕۆڵیان لەو هێرشەداو داواشیكرد ئاسمانی شەنگال بەڕووی فڕۆكەكانی توركیادا دابخرێت.

 

ئەمڕۆش وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئیدانەی هێرشی  سەر شەنگالی كردو ڕەتیكردەوە هەماهەنگیی لەگەڵ توركیا هەبێت لەوبارەیەوە.

 

شەهیدكردنی زەكی شەنگالی لە كاتێكدایە هێزەكانی پاراستنی گەل(هەپەگە) بە فەرمی لە شەنگال كشاونەتەوەو وەك موراد قەرەیلان دەڵێت، مام زەكی لە شەنگال كاری سەربازیی نەكردووەو سەرقاڵی كاری مەدەنی بووە، "دوژمن لە كارەكەی دەترسا، هەر بۆیە ترسنۆكانەو نامەردانە هێرشێكی وەهای كردە سەر هەڤاڵ زەكی."

 

قەرەیلان ئەو هێرشەی توركیا بە "گەورەترین تیرۆر" ناودەبات‌و دەڵێت"ئێمە ئەم هێرشە ترسنۆك و نامەردانەیە شەرمەزار دەكەین. نەك تەنیا شەرمەزاری دەكەین، بەڵكوو تۆڵەشی دەكەینەوە. با كۆمەڵگەی ئێمەی ئێزدی و تەواوی گەلی كورد بزانێت، خوێنی هەڤاڵ زەكی لە گۆڕێ نامێنێتەوە. خوێنی هاوڕێ زەكی و خوێنی هەڤاڵ ئاتاكان لە گۆڕێ نامێننەوە. لە ڕۆژەڤی ئێمەدا تۆڵەكردنەوەیەكی مێژوویی هەیە. تۆڵە لەم دوژمنە ترسنۆك و نامەردە دەكرێتەوە. با هەموو كەس ئەم ڕاستییە بزانێت."

 

مام زەكی كێ بوو؟

 

زەكی شەنگالی تەمەن 66 ساڵ، كەسی یەكەمی پەكەكە بووە لە شەنگال، ساڵی 1978 لە ئەڵمانیا پەكەكەی ناسیوەو لە 1983 وەك ئەركدار چووەتە هەرێمەكانی گەریلاو دواتر گەڕاوەتەوە بۆ ئەوروپاو دوو ساڵ دواتر چووەتەوە هەرێمەكانی گەریلاو عەبدوڵا ئۆجەلا ڕێبەری پەكەكەی بینیوە.

 

مام زەكی لە 1987 بە تەواوی چووەتە ڕیزەكانی گەریلا، دوو ساڵ دواتر كوڕەكەی شەنگالی كە ناوی سیپان بووە بەهەمانشێوەی باوكی ڕووی لە چیاكانی كوردستان كردووەو بووەتە گەریلا. سیپان ساڵی 1992 لە مێردین لە شەڕدا شەهید بووە.

 

زەكی شەنگالی دواتر دەگەڕێتەوە ئەوروپا بۆ درێژەدان بە خەبات، بەڵام دوای دەستگیركردنی عەبدوڵا ئۆجەلان لە 1999و ڕادەستكردنەوەی بە توركیا، زەكی شەنگالی ڕووی لە چیاكانی كوردستان كردووەتەوەو لە ڕیزەكانی گەریلادا بووە.

 

مام زەكی دوای هێرشی داعش بۆسەر شەنگال لە مانگی 8ی 2014، ڕووی لەو ناوچەیە كردووەو ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە لە سەرپەرشتیكردنی گەریلاو ڕوبەڕوبوونەوەی داعش، تا ئێوارەی پێرێ لەلایەن توركیاوە شەهید كرا.