ئەشواق لە ئەڵمانیا ئەو داعشەی بینی كە كڕیبووی بە 100 دۆلار

18-08-2018 05:33
ئەشواق لەكاتی قسەكردنی بۆ كەناڵی بی بی سی.

 

پەرەگراف

 

كچێكی ئێزدی دوای خۆ ڕزگاركردنی لە داعش‌و گەیشتنی بە ئەڵمانیا، تووشی شۆك بوو كاتێك لەسەر شەقامێكی ئەو وڵاتە ئەو پیاوە قسەی لەگەڵدا كردو ناسییەوە كە پێشتر لەناو داعشدا كڕیبووی‌و خۆی كردبوو بە خاوەنی.

 

ئەو كاتەی داعش پەلاماری ناوچەكەیانیدا لە 2014دا، ئەشواق تەمەنی 14 ساڵ بووەو یەكێك بوە لەو هەزاران ژن‌و كچە ئێزدییەی داعش ڕفاندنی‌و بازرگانیی پێوەكردن‌و وەك كۆیلەی سێكسی بەكاریهێنان، ئەشواق فرۆشرا بە پیاوێك بەناوی ئەبو هومام بە 100 دۆلار.

 

دوای سێ مانگ ئەشواق هەڵدێت، لە ئەبو هومام ڕزگاری دەبێت‌و خۆی دەگەیەنێتەوە سنورەكانی پێشمەرگەو دەگەڕێتەوە كوردستان، پاشان لەگەڵ دایكی‌و برایەكی ڕوودەكەنە ئەڵمانیاو لەوێ نیشتەجێ دەبن.

 

چەند مانگێك لەمەوبەر لەسەر شەقامێك لە دەرەوەی سۆپەر ماركێتێك، ئەشواق گوێی لە كەسێك دەبێت كە بانگی دەكات‌و ناوی دەهێنێت.

 

ئەشواق دەڵێت"لە ڕێگای گەڕانەوەم لە قوتابخانە ئۆتۆمبێلێك لە تەنیشتمەوە ڕاوەستا. پیاوێك لە پێشەوەی ئۆتۆمبێلەكە دانیشتبوو. بە ئەڵمانی قسەی لەگەڵ كردم‌و پرسیاری كرد: تۆ ئەشواقی؟ من زۆر ترسام‌و لەرزم لێهات. وتم: نەخێر. تۆكێیت؟."

 

پیاوەكە وەڵامی داوەتەوەو وتویەتی"من دەزانم تۆ ئەشواقی، من ئەبو هومامم" پیاوەكە دواتر بە عەرەبی دەستدەكات بە قسەكردن لەگەڵیداو پێی دەڵێت، درۆی لەگەڵ نەكات.

 

"وتی من تۆ دەناسم. دەزانم لە كوێ دەژیت‌و لەگەڵ كێ دەژیت. ئەو هەموو شتێكی دەزانی لەبارەی ژیانی من لە ئەڵمانیا" ئەشواق بەمجۆرە چیرۆكەكەی بۆ كەناڵی بی بی سی گێڕاوەتەوە.

 

ئەو كچە ئێزدییە كە بۆ دەستپێكردنی ژیانێكی نوێ‌و خوێندن چووەتە ئەڵمانیا، دەشڵێت"هەرگیز باوەڕم نەكردووە لە ژیانمدا شتێكی لەمجۆرە ببینم لە ئەڵمانیا. من خێزان‌و وڵاتەكەمم بەجێهێشت‌و چووم بۆ ئەڵمانیا تا لێدان‌و ئازارەكانم بیربچێتەوە. دواهەمین شت كە پێشبینیم دەكرد ئەوەبوو كە ئەو كەسەی داعش ببینمەوە كە منی دەستبەسەر كردبوو هەروەها ئەو كەسە هەموو شتێك دەربارەی من بزانێت."

 

ئەشواق دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا لە ڕووداوەكە ئاگادار دەكاتەوە، ئەوان پێی دەڵێن هەركات ئەبو هومامی بینییەوە دەستبەجێ پەیوەندی بە پۆلیسەوە بكات، ئەشواق دەڵێت، پێی وتوون لە ڕێی كامێرای چاودێری سۆپەرماركێتەكەوە دەتوانن بەدواداچوون بكەن، بەڵام ئەوە نەكراوە، "چەند مانگێك چاوەڕێم كرد، بەڵام هیچ هەواڵێكم بەدەست نەگەیشت."

 

ئەشواق‌و خێزانەكەی ترسی داعش لە ئەڵمانیاش ژیانیان لێ تاڵ دەكات، هەربۆیە بڕیاری گەڕانەوە دەدەن بۆ كوردستان.

 

باوكی ئەشواق بە بی بی سی وتووە، هێشتا دەیان كەس لە خزمەكانیان چارەنوسیان نادیارە.

 

فراوك كۆلێر، وتەبێژی دادگای باڵای ئەڵمانیا دەڵێت، پۆلیس هەموو هەوڵێكیانداوە بۆ دەستنیشانكردنی شوێنی ئەبو هومام، بەڵام نەیانتوانیوە بیدۆزنەوە. كاتێكیش لە چوارچێوەی بەدواداچوونەكاندا مانگی 6ی ئەمساڵ پەیوەندییان بە ئەشواقەوە كردووە، ئەو ئەڵمانیای بە جێهێشتووەو گەڕاوەتەوە بۆ عێراق.

 

چالاكوانان دەڵێن، ئەشواق تاكە كەیسی لەوجۆرە نییە. دوزێن تیككال، چالاكوان‌و دامەزرێنەری ڕێكخراوی هاوار كە بارەگاكەی لە ئەڵمانیایەو بەرگری لە مافی ئێزدییەكان دەكات، دەڵێت، ئەو چەندین كەیسی دیكەی بیستووە كە ژنە ئێزدییە پەنابەرەكان چەكدارانی داعشیان ناسیوەتەوە لە ئەڵمانیا.

 

ئەشواق ئێستا لە كوردستانەو لە كەمپێكی ئێزدییەكان دەژی، ئەو دەیەوێت خوێندنەكەی تەواو بكات، خۆی‌و خێزانەكەی خوازیارن جارێكی دیكە بچنە دەرەوەی وڵات، بەڵام بۆ ئەڵمانیا نا.

 

"ئێمە لە خەڵكانی داعش دەترسین" باوكی ئەشواق بۆ بی بی سی وادەڵێت. ئەو ڕووداوەی ئەڵمانیا بەجۆرێك كاریگەریی هەبووە، ئەشواق دەڵێت"ئەگەر هەموو دونیا وێران ببێت، من جارێكی دیكە ناچم بۆ ئەڵمانیا."

 

وەك زۆرێك لە ئێزدییەكان، خێزانی ئەشواق داواكارییان پێشكەش كردووە بۆئەوەی بچنە ئوسترالیاو لەوێ بژین، ئەوەش لە چوارچێوەی بەرنامەیەكی تایبەت بە ژنانی ڕفێندراو لەلایەن داعش.

 

ئەشواق بۆ بی بی سی دەدوێت