دادگای فیدراڵی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی پەسەند كرد

19-08-2018 02:34
دەنگدانی تایبەت لە وێستگەیەكی سلێمانی بۆ پەرلەمانی عێراق/ 10-5-2018. وێنە؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف

 

دادگای فیدراڵی دوای وردبوونەوەو پێداچوونەوە بە ناوی كاندیدە دەرچووەكان‌و ئەو تانانەی لەسەر هەندێكیان هەبووە، بڕیاریدا بە پەسەند كردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەبێ هیچ گۆڕانكارییەك.

 

ئەیاس ساموك، وتەبێژی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لە ڕاگەیەندراوێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ دادگاكە كۆبووەتەوە بۆ لێكۆڵینەوە لە ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق‌و دواین لیستی ناوی دەرچووان كە لەلایەن كۆمسیۆنەوە بۆ دادگاكە نێردراوە لە 16-8-2018.

 

ئەیاس ساموك، وتیشی"دوای وردبینی‌و پێداچوونەوە بۆ ئەو ناوانەی بەدەستی گەیشتووەو ئەو تانانەی لە هەندێكیان دراوە، دادگای باڵای فیدراڵی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ بڕیاریدا بە پەسەندكردنی ناوەكان‌و بڕیارەكە بە كۆی دەنگ دراوە."

 

دوای پەسەندكردنی ئەنجامەكان، لە ماوەی 15 ڕۆژدا خولی نوێی پەرلەمان بە سەرۆکایەتی بەتەمەنترین پەرلەمانتار یەكەم دانیشتن ئەنجامدەدات‌و سەرۆکی پەرلەمان و دوو جێگری سەرۆک هەڵدەبژێرێت.

 

دواتر پەرلەمان لە ماوەی 30 ڕۆژدا سەرۆك كۆمار هەڵدەبژێرێت‌و  سەرۆک کۆمار کاندیدی گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانیی ڕادەسپێرێت بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، ئێستاش گفتوگۆی نێوان لایەنە براوەكانی هەڵبژاردن بەردەوامە بۆ پێكهێنانی گەورەترین فراكسیۆن.

 

پەسەندكردنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكە دوای ئەوەهات كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق(دادوەرەكان) پڕۆسەی جیاكردنەوەو هەژماركردنەوەی دەستیی ئەو سندوقانەی تەواوكرد كە سكاڵایان لەسەر بوو، دواتریش ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكەی ڕاگەیاندو ناردی بۆ دادگای فیدراڵی.

 

بەپێی ئەنجامی كۆتایی، هیچ گۆڕانكارییەك بەسەر كورسی حزبەكان نەهاتووە لە هەرێمی كوردستان‌و پارێزگای كەركوك، كە ناڕەزایی زۆری لیكەوتەوە، حزبە ناڕازییەكان كۆتا ئەنجامیش ڕەتدەكەنەوە.

 

ئەنجامی هەڵبژادنی پەرلەمانی عێراق ڕیزبەندی حزبە كوردییەكانی گۆڕی‌و پارتی لە پلەی یەكەمدا مایەوەو یەكێتی بووە حیزبی دووەمی هەرێم بە جیاوازییەكی زۆر لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان كە بووەتە هێزی سێیەم، هاوكات نەوەی نوێ بووەتە هێزی چوارەم.

 

بەپێی ئەنجامەكان لە سێ پارێزگاكەی هەرێم پارتی نزیكەی دوو ئەوەندەی یەكێتی، یەكێتی دووئەوەندەی گۆڕان، نەوەی نوێ دووئەوەندەی هەریەكە لە هاوپەیمانییەكەی بەرهەم ساڵح‌و كۆمەڵ‌و یەكگرتوو كورسییان بەدەستهێناوە.

 

لە كوردستان تەنها یەكێتی‌و پارتی ڕازین بە ئەنجامەكان، پارتیش ئەنجامی سلێمانی‌و هەڵەبجە ڕەتدەكاتەوە، تەواوی حزبەكانی دیكە كۆی پڕۆسەكە ڕەتدەكەنەوەو پێیانوایە سیستمی جیاكردنەوەو ژماردنی ئەلیكترۆنیی دەنگەكان دەستكاریی كراوەو ئەنجامەكان "ساختەن."

 

ژمارەی كورسی حزبە براوەكانی هەرێم لە خولی نوێی پەرلەمانی عێراق 2018

 

پارتی 28

یەكێتی 18

گۆڕان 5

نەوەی نوێ 4

هاوپەیمانی 2

كۆمەڵ 2

یەكگرتوو 2

كۆی گشتی كورسییەكانی كورد دەكاتە 61 كورسی لە كۆی 329