دایكانی شەممە لە 700 هەمین هەفتەدا هێرشیان كرایەسەر

25-08-2018 04:21
پۆلیس دایكانی شەممەی دەستگیركرد‌و هێرشی كردە سەریان.

 

پەرەگراف

 

دایكانی شەممە ڕوبەڕوی هێرش‌و پەلاماری پۆلیسی ئەستەنبوڵ بوونەوەو ڕێگە نەدرا 700 هەمین چالاكیی هەفتانەیان ئەنجام بدەن‌و جارێكی دیكە داوای چارەنوسی ڕۆڵەو كەسە بێسەروشوێنەكانیان‌و بكوژ‌و تاوانباران بكەن.

 

ئەمڕۆ پۆلیس ڕێوشوێنی تووندی ئەمنیی گرتبووەبەر لە مەیدانی گاڵاتەسەرای ئەستەنبوڵ كە شوێنی چالاكیی هەفتانەی دایكانی شەممەیە، بە پاساوی قەدەغەكردنی چالاكییەكە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی توركیاوە، پۆلیس ڕێگەینەدا دایكان بچنە مەیدانەكە، ئەوەش گرژیی‌و ئاڵۆزیی لێكەوتەوە، پۆلیس گازی فرمێسك ڕێژی بەكارهێنا.

 

دایكانی شەممە كە دایكانی ئاشتی-شیان پێدەوترێت، دایك‌و كەسوكاری ئەو سیاسەتمەدارو چالاكوانە كوردانەن كە ساڵانی ڕابردوو بە تایبەت 90دەكانی سەدەی ڕابردوو لە توركیاو باكوری كوردستان كوژراون یان بێسەروشوێن كراون‌و تائێستا ئەنجامدەرانی تاوانەكان نادیارن.

 

دایكانی شەممە بە گوڵی سوورەوە دەچنە مەیدانەكە.

 

ئەوان ڕۆژانی شەممەی هەموو هەفتەیەك لە مەیدانی گاڵاتەسەرای چالاكیی مەدەنی ئەنجامدەدەن، داواكاریی سەرەكییان ئاشكراكردنی چارەنوسی بێسەروشوێنكراوان‌و تاوانبارانە.

 

ئەمڕۆ 700 هەمین شەممەیان بوو، بەڵام پۆلیس ڕوبەڕویان بووەوەو توندوتیژی بەرامبەر بەكارهێنان، ژمارەیەك لە دایكان‌و هەندێك چالاكوانی دیكەی دەستگیركرد كە بۆ پشتیوانیی چالاكییەكە دەیانویست بچنە مەیدانی گاڵاتەسەرای.

 

"ئەوە 23 ساڵە ئێمە دێینە ئەم مەیدانەو لە چارەنوسی ونبووەكان دەپرسین. من لەم مەیدانە بۆ باوكی خۆم دەگەڕێم. ئێرە مەیدانی ئێمەیە" ئەمە وتەی كچێكی مەیدانەكە بوو بەناوی بێسنا تۆسون كە فەهمی تۆسونی باوكی یەكێكە لەوانەی بێسەروشوێن كراوە.

 

 

دایكێكی دیكەی شەممە كە ئەمڕۆ لە مەیدانەكەی ئامادەبوو، پەروین بوڵدان هاوسەرۆكی پارتی دیموكراتی گەلان(هەدەپە) بوو، بوڵدان ڕەخنەی تووندی لە حكومەتی توركیا گرت لە دروستكردنی ئاستەنگی بۆ چالاكییەكە.

 

هاوسەرۆكی هەدەپە وتی، دادپەروەری‌و ماف لە توركیا نەماوە، بۆ دادپەروەریی دەبێت هەموو كەس دەنگی خۆی بەرز بكاتەوە‌و ئەم مەیدانە مەیدانی دادپەروەرییەو ئەوە 700 هەفتەیە دایكان داوای چارەنوسی ڕۆڵەكانیان دەكەن‌و دەیانەوێت بكوژان ئاشكرا ببن، وتیشی"توركیا لە ناڵەی دایكانی كورد دەترسێت."

 

پەروین بوڵدان دوای تیرۆركردنی ساواش بوڵدانی هاوسەری چووەتە ڕیزی دایكانی شەممە.

 

ساواش بۆڵدان، كەسایەتییەكی دیاربووە لە توركیاو باكوری كوردستان‌و خەباتكاری مافی كورد بووە، لە ساڵی 1994 لە لایەن گروپێكی نادیارەوە ڕفێندراوەو دوای دوو ڕۆژ تەرمەكەی دۆزراوەتەوە، پەروین بوڵدان دوای ساڵێك لە ڕفاندن‌و تیرۆركردنی هاوسەرەكەی چووەتە ڕیزی دایكانی شەممە.

 

دایكانی شەممە كێن؟

 

گرژی‌و ئاڵۆزییەكانی ئەمڕۆ لەدژی چالاكیی دایكانی شەممە.

 

سەرەتای ساڵانی 90ی سەدەی ڕابردوو شاڵاوی كوشتن‌و بێسەروشوێنكردنی سیاسەتمەدارو چالاكوانە كوردەكان لە توركیاو باكوری كوردستان پێینایە قۆناغێكی تووندو فراوان بەبێ ئەوەی ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانە دیاربن.

 

لە ساڵی 1995 دایكانی شەممە دامەزران، ئەوان كوڕو هاوسەرو خزمی نزیكیان لەو كەسانەبوون كە تاوانیان بەرامبەر ئەنجامدراوە، هەندێكیان كوژراون‌و هەندێكی دیكەیان بێسەروشوێن كراون، تائێستاش ئەنجامدەرانی تاوانەكان دیار نین.

 

دایكانی شەممە مەیدانی گاڵاتەسەرای ئەستەنبوڵ دەكەن شوێنی چالاكیی مەدەنی.

 

ئەوان 23 ساڵە لە ژێر باران‌و بەفر، بە گەرماو سەرما، سەرباری فشارو ئاستەنگییەكان بەردەوامن لە چالاكیی، دایكانی شەممە داوای دیاریكردنی چارەنوسی ڕۆڵەو كەسە بێسەروشوێنەكانیان دەكەن لەگەڵ دیاریكردنی بكوژو ڕفێنەران كە ئەنجامدەری ئەو تاوانانەبوون كە بەرامبەر چالاكوان‌و سیاسەتمەدارە كوردەكان كراون لە توركیا، دایكان نایەڵن ئەو ڕووداوانە ون ببن‌و دۆسیەكانیان بە زیندویی دەهێڵنەوە.