چوار حزبەكە هاوپەیمانێتییان ڕاگەیاندو ئامادەن بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ پارتی‌و یەكێتی

26-08-2018 06:51
كەسانی یەكەمی چوار حزبەكە.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

گۆڕان، كۆمەڵ، هاوپەیمانی‌و یەكگرتوو لیستەكانیان لە پەرلەمانی عێراق لەچوارچێوەی هاوپەیمانێتییەكدا كۆكردەوەو كارنامەیەكی هاوبەشیان دەبێت بۆ كاركردن لە بەغداد.

 

ئەوە جێبەجێكردنی خاڵی یەكەمی كۆبوونەوەی لوتكەی 11ی ئەم مانگەی نێوان ئەوچوار حزبەیە كە یەك هەڵوێستی‌و هەنگاوی هاوبەشی نێوانیانە، لە ڕۆژانی داهاتووشدا هەنگاوی كرداریی بۆ خاڵێكی دیكەی ئەو كۆبوونەوەیە دەنرێت كە دایەلۆگی نیشتمانییەو كۆبوونەوە لەگەڵ پارتی‌و یەكێتی دەگرێتەوە.

 

"ئامادەین بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ پارتی‌و یەكێتی‌و پێشتر بڕیارمان لەوبارەیەوە داوە" ڕێبوار كەریم، وتەبێژی هاوپەیمانی دیموكراسی‌و دادپەروەری بۆ پەرەگراف وای وت.

 

وتەبێژی هاوپەیمانی كە كاندیدی دەرچووە بۆ پەرلەمانی عێراق‌و بەشداربوو لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی چوار حزبەكە كە هاوپەیمانێتییان تێدا ڕاگەیاند، دەربارەی كاتی كۆبوونەوەیان لەگەڵ پارتی‌و یەكێتی، وتی"هەندێك شتمان پێگەیشتووەو پێدەچێت لەم ماوەیەدا كۆبوونەوە بكرێت."

 

ئەو چوار حزبە خاوەنی 11 پەرلەمانتارن لە خولی نوێی پەرلەمانی عێراق، هەرچەندە ئەنجامی هەڵبژاردنەكە پەسەند ناكەن‌و پێیانوایە "ساختەكاریی گەورە"یان بەرامبەر كراوەو دەنگەكانیان "دزراوە"، بەڵام بایكۆتی پەرلەمان‌و پڕۆسەی سیاسی ناكەن.

 

بەدەر لەو چوار حزبە، پارتی‌و یەكێتی كە پێكەوە خاوەنی 46 پەرلەمانتارن لە بەغداد ڕێككەوتوون كە پێكەوەبن‌و كارنامەی هاوبەشیان هەیە، هەروەها كار بۆ كۆكردنەوەی سەرجەم حزبە كوردییەكانی دیكەش دەكەن لە هاوپەیمانێتییەكدا.

 

جیاواز لە چوار حزبەكەو پارتی‌و یەكێتی، نەوەی نوێ 4 پەرلەمانتاری دەبێت لە بەغداد، بەڵام ئەوان تائێستا گفتوگۆیان لەگەڵ چوار حزبەكە نەكردووەو ڕاشیانگەیاندووە پارتی‌و یەكێتی لە هەر هاوپەیمانییەكدا بوونیان هەبێت نەوەی نوێ بەشداریی تێدا ناكات.

 

دەربارەی بەشداریی نەوەی نوێ لە دایەلۆگی نیشتمانی كە چوار حزبەكە داوای دەكەن، ڕێبوار كەریم وتی"دایەلۆگەكە نیشتمانییە، بەڵام ئەوەی ئێستا هەیە پارتی‌و یەكێتی دەیانەوێت لەگەڵماندا كۆببنەوە."

 

لە وەڵامی ئەوەی چوار حزبەكە هیچ پەیوەندییەكیان لەگەڵ نەوەی نوێ هەیە؟ وتەبێژەكەی هاوپەیمانی وتی"تائێستا نەبووە، نە ئێمە دەستپێشخەریمان كردووە نە ئەوانیش. ئێمە بەگشتی باسی دایەلۆگێكی نیشتمانیمان كردووە."

 

لە ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی چوار حزبەكەدا ئەوە خراوەتەڕوو كارنامەیەكی هاوبەش بۆ هاوپەیمانێتییەكەیان دادەنێن‌و لە پێكهێنانی حكومەتی عێراقدا پێداگریی لەسەر چارەسەركردنی ڕیشەیی كێشەكانی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی و مافە دەستورییەكانی خەڵكی كوردستان دەكەن لەگەڵ داوای پێداچونەوە بە تەواوی پڕۆسەی سیاسی و ئیداریی لە عێراق.

 

چوار حزبەكە هێشتا ناویان بۆ هاوپەیمانێتییەكەیان دیاریی نەكردووەو پرسی یەكلاكردنەوەی سەرۆكایەتیكردنی هاوپەیمانێتییەكەیان سپاردووە بە كۆبوونەوەكانی داهاتووی نێوانیان.

 

"ناو یەكلا نەبۆتەوەو باسی ئەوەمان كردووە ناوەكە دورودرێژ نەبێت، ئەگەر هاوپەیمانییەكەش فراوان بكرێت واباشترە جارێ ناو دانەنرێت. سەرۆكایەتیكردنیش كێشە نییە لەلامان‌و لەسەر خاڵە بنەڕەتییەكانی هاوپەیمانێتییەكە ڕێككەوتووین‌و كێشەمان نییە" ڕێبوار كەریم وای وت.