سەرۆكی دەستەی دەسپاكی: دۆسیەی چەند گەورە ئەفسەرێكی وەزارەتی پێشمەرگە لە دادگایە

27-08-2018 03:35
ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆكی دەستەی دەسپاكی هەرێمی كوردستان. وێنە؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

زیاتر لە 5 ئەفسەری پلە باڵای وەزارەتی پێشمەرگە تۆمەتبار كراون بە بەهەدەردانی پارەی گشتیی، دۆسیەكەیان هەڕەشەی داخستنی لەسەر بووە، بەڵام دانەخراوە‌و لە دادگای هەولێرە بۆ یەكلایی كردنەوە.

 

ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆكی دەستەی دەسپاكی هەرێمی كوردستان لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ پەرەگراف زانیاریی لەبارەی دۆسیەی ئەو ئەفسەرە باڵایانە ئاشكرا دەكات‌و باسلە پرسی شەفافیەت‌و گەندەڵیی دەكات لە دامودەزگاكانی هەرێم.

 

سەرۆكی دەستەی دەسپاكی، لەبارەی دۆسیەی ئەو ئەفسەرانە ئەوەی خستەڕوو، سەرەتای شەڕی داعش لە ساڵی 2014 حكومەتی هەرێم پارەی تەرخانكردووە بۆ كڕینی چەك‌و پێداویستی بە بڕی زیاتر لە 15 ملیار دینار، سەرچاوەی كڕینەكەش بازاڕی قاچاخ بووە، وتی"گومانی ئەوەیە هەیە بەشێك لەو پارەیە بەهەدەردانی تێدا كرابێت."

 

ئەحمەد ئەنوەر وتیشی"ئەو ئەفسەرانە سەروی 5 كەسن‌و لە ئامر لیوا بەرزترن، كاتێك لێبوردنی گشتی دەرچوو بەشێك لە دادگاكان چاوەڕێیان دەكرد ئەو كەیسانە بە لێبوردنی گشتی دابخرێن، تائێستا نزیكەی 10 كەیسمان داخراوە بە لێبوردنی گشتی، سەرباری ئەوەی لە لێبوردنەكەدا تاوانی گەندەڵی هەڵاوێر كراوە، بەڵام زۆرجار دادوەرو دادگاكان بە گۆڕینی مادەی یاسایی یان ئیجتیهادی خۆیان دایانخستووە، كەیسی ئەو ئەفسەرە باڵایانە یەكێك لەو كەیسانەبوو هەڕەشەی داخستنی لەسەربوو، بەڵام دانەخراوەو لە قۆناغی دادگایی كردنە."

 

دەربارەی بوونی بەڵگە دۆسیەكەیاندا، سەرۆكی دەستەی دەسپاكی وتی"كەبووەتە كەیس جۆرێك لە بەڵگە هەیە، بەڵام یەكلاییكردنەوەی ئەوە دادگا دەزانێت، ئێمە كاری خۆمان لەسەر كردووەو ئێستا لە ئەستۆی دادگایەو لە ئەستۆی ئێمە نەماوە."

 

دەستەی دەسپاكی چەند بابەتێكی دیكەشی لەبەردەستدایە لەسەر وەزارەتی پێشمەرگە، "هەندێكیان كەیسەو هەندێكیان لە قۆناغی لێكۆڵینەوەدایە كە پەیوەندی بە بەهەدەردانی سامانی گشتی هەیە."

 

سەرۆكی دەستەی دەسپاكی ئاماژەی بەوەشكرد، یەكێك لە خاڵە لاوازەكانی كەرتی پێشمەرگە مەترسییە لە هەبوونی بندیوار، خاڵێكی دیكەی لاوازیش ئەوەیە لیوا یەكگرتووەكان كەمینەن بەراورد بە هێزەكانی 80 و 70 كە سەربە دوو لایەنی سیاسین(پارتی‌و یەكێتی)، وتی"ئەمانە موچەو نەسریە لە حكومەت وەردەگرن وەزارەت مەرجەعیانە بۆ پرسی دارایی، بەڵام نەبووەتە مەرجەعیان بۆ ئیداری‌و خزمەتگوزاری‌و پلە بەرزكردنەوە."

 

هێزەكانی پێشمەرگە ماوەی 3 ساڵ لەشەڕی دژی تیرۆریستانی داعشدا بوون بە درێژایی سنورەكانی هەرێمی كوردستان، لەو ماوەیەدا هەزاران شەهیدو برینداریانداوە، بەڵام لەپاڵ ئەوەدا چەند بەرپرسێكی پێشمەرگە تۆمەتبارن بە بازرگانیكردن لەگەڵ داعش، دۆسیەی ئەوانە لە دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستانە، بەوپێیەی دەچێتە چوارچێوەی مامەڵەكردن لەگەڵ تیرۆر، دەستەی دەسپاكی زانیاریی لەبارەی دۆسیەكانیان نییە.

 

"كەرتی نەوت شەفاف نییە"

 

سەرۆكی دەستەی دەسپاكی باسلەوەدەكات گەندەڵی پێشتر زیاتر لەو كەرتانەدا هەبووە كە داهاتێكی زۆری بۆ تەرخاندەكرا وەك؛ پڕۆژەی خزمەتگوزاری‌و ڕێگاوبان‌و تەندەرین، بەڵام لەم چەندساڵەدا بەهۆی قەیرانی داراییەوە ئەو پڕۆژانە نەماون یان كەمبوونەتەوە، وتی"ئێستا گەندەڵی زیاتر لەو كەرتانەدا دەكرێت كە خزمەتگوزاری پێشكەش دەكەن وەكو تەندورستی‌و كارەباو شارەوانی."

 

ئەحمەد ئەنوەر، وتیشی"دوو ساڵی ڕابردوو بەرتیل وەرگرتن سەریهەڵداوەتەوە بە كاریگەری قەیرانی دارایی، هەروەها تەجاوزات بۆسەر موڵكی گشتی زۆرە، بەڵام بەشێكیان بەرلێبوردنی گشتی كەوتوون."

 

دەستەی دەسپاكی لە 6 مانگی یەكەمی ئەمساڵدا 125 داوای هەواڵدەری‌و سزایی هەبووە‌و وەكو كەیسی گەندەڵی تۆماركراوەو لێكۆڵینەوەی تێدا دەكرێت، هەرلەو ماوەیەدا 59 كەیس ڕەوانەی دادگاكان كراون لە هەولێر‌و سلێمانی‌و دهۆك، بەكۆی گشتی 112 كەیسیان لە دادگایە.

 

لەو 6 مانگەدا 32 كەیس لە دادگای حوكمی كۆتاییان وەرگرتووەو 15یان حوكمەكەیان ئیدانەكردن بووە، واتە ئەو بەڵگانەی لەسەریان هەبووە بڕواپێهێنەربوون بۆ دادگا.

 

"كەیسەكانی ئێمە ئاوێنەی ڕاستەقینەی گەندەڵی نین لە كوردستان، ئەگەر كەیسمان لەسەر شوێنێك نەبێت مانای وانییە پاكە، بەڵكو ئەوانە بەدەست ئێمە گەیشتوون" سەرۆكی دەستەی دەسپاكی وا دەڵێت.

 

دەربارەی كەرتی نەوت‌و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان كە زۆرترین قسەی لەبارەوە دەكرێت، ئەحمەد ئەنوەر ئەوەی خستەڕوو، ژمارەیەك كەیسیان لایە لەسەر سامانە سروشتییەكان وەكو زانیاریی‌و هەواڵدەری.

 

وتی"لە هەموو كەیسەكان هەنگاوی یەكەم داوای ڕاپۆرت لە دیوانی چاودێری دارایی دەكەین، هیچ كەیسێك بەبێ وردبینی دیوان ناچێتە قۆناغی دادگایی كردن، یەكێك لە كێشەكان ئەوەیە دیوانی چاودێری دارایی دەڵێن وەكو پێویست ڕێگەیان پێنەدراوە وردبینی لە كەرتی نەوت بكەن."

 

سەرۆكی دەستەی دەسپاكی وتیشی"كەرتی نەوت وەكو پێویست شەفاف نییەو بە دامەزراوەیی نەكراوە كە ئەو دوانەش نەبوو واتە زەمینە هەیە بۆ گەندەڵی."

 

ئەحمەد ئەنوەر وردبینیكردنی لە كەرتی نەوت لەلایەن كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانی دیلۆیت‌و ئیرنست ئاند یەنگ كە حكومەتی هەرێم گرێبەستی لەگەڵدا كردوون، بە "سەرەتایەكی باش" ناوبرد، وتی"بەڵام ئەو متمانەیەی ون بووە ڕەنگە بە تەنها بە ئیشی ئەو كۆمپانیایانە نەگەڕێتەوە، پێویستمان بە لایەنێكی ناوخۆیی هەیە كە دیوانی چاودێری داراییە وردبینی بۆئەو پڕۆسەیە بكات."