دواین هەڵوێستی پارتی‌و یەكێتی دەربارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان

28-08-2018 07:09
كۆبوونەوەی ئەمڕۆی مەكتەبی سیاسی پارتی‌و یەكێتی. وێنە؛ ڕووداو.

 

پەرەگراف

 

پارتی‌و یەكێتی لە دوای كۆبوونەوەی ئەمڕۆی مەكتەبی سیاسی هەردوو حزب ڕایانگەیاند، پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیان باسكردووەو تا ئەم ساتە گۆڕانكاریی نییەو لەكاتی خۆیدا دەكرێت.

 

ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسی هەردوو حزب لە هەولێر كۆبوونەوەو پێكهێنانی حكومەتی عێراق‌و یەكڕیزی نێوان لایەنە كوردستانییەكانیان تاوتوێ كردووە، هاوكات پرسێكی دیكەی گفتوگۆكانیان هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بووە كە بڕیارە 30-9 بەڕێوەبچێت.

 

لە دوای كۆبوونەوەكە وتەبێژانی هەردوو حزب كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییان ئەنجامدا، سەعدی پیرە وتەبێژی یەكێتی لە بارەی هەڵبژاردنەوە وتی"پرسی هەڵبژاردن باسكراو هەركات گۆڕانكارییەك بێت باسی دەكەین، بەڵام تا ئەم ساتە پرسی هەڵبژاردن 30-9یە."

 

بەهەمانشێوە، مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی تەئكیدی لەوەكردەوە، تا ئێستا وادەی هەڵبژاردن گۆڕانكاریی بەسەردا نەهاتووەو گۆڕانكاریش لەو وادەیە ئاسان نییە.

 

وتەبێژی پارتی كە حزبەكەی چەندینجار تەئكیدی لەوە كردووەتەوە لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردندا نییە، ئەوەشی خستەڕوو، وادەی بڕیار لێدراوی هەڵبژاردن كە 30-9یە بڕیاری هەموو لایەنەكانەو لەكاتی خۆیدا پرسیان پێكراوە.

 

هەرچەندە هیچ لایەنێك بە فەرمی داوای دواخستنی هەڵبژاردنی نەكردووە، بەڵام لایەنە ناڕازییەكان‌و یەكێتی ئەو خواستەیان پیشانداوە، بۆئەوەش دەیانەوێت لە پەرلەمانی كوردستانەوە ئەوكارە بكەن، ئەگەر پارتی نەبێتە بەربەست لەبەردەمیاندا.

 

دوای ئەوەی نێچیرڤان بارزانی حزبەكانی نائومێد كردووە لەوەی هەڵبژاردن لەسەر داوای حكومەت دوابخرێت، ئێستا تەنها ڕێگای پەرلەمانی كوردستانیان لەبەردەمدایە، بەڵام ئەم ڕێگایەش پارتی دەتوانێت پەكی بخات‌و ببێتە بەربەست لەبەردەمیدا.

 

هەرچەندە حزبە ناڕازییەكان‌و یەكێتی زیاتر لە 56 پەرلەمانتاریان هەیە كە پێوستە بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژەیەكی یاسایەك لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردن، بەڵام بۆئەوەی پڕۆژەكە بخرێتە بەرنامەی كاری پەرلەمان پێویستی بە ڕەزامەندی سەرۆكایەتی پەرلەمانە، ئێستا لە غیابی سەرۆكدا جێگری سەرۆك كە لە پشكی پارتییە سەرۆكایەتی دانیشتنەكان دەكات‌و بەبێ ڕەزامەندی ئەو هیچ پڕۆژەیەك ناخرێتە بەرنامەی كارەوە.

 

حزبە ناڕازییەكان داوای گەرەنتی هەڵبژاردنێكی پاك دەكەن، بۆئەوەش چەندین سەرنج‌و پێشنیاریان ئاڕاستەی كۆمسیۆن كردووەو تانەیان لە تۆماری دەنگدەران داوە، بەڵام پێناچێت كۆمسیۆن بتوانێت ئەو سەرنج‌و تێبینییانەیان جێبەجێ بكات بەوكاتەی لەبەردەمیدا ماوە.

  

بەپێی یاسا دەبێت چوار ساڵ جارێك هەڵبژاردن لەهەرێمی كوردستان ئەنجامبدرێت‌و ڕۆژی 21-9-2013 هەڵبژاردن بۆ خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامدراو 21-9-2017 چوار ساڵ بەسەر ئەو وادەیەدا تێپەڕی، هەروەها 6-11-2017 چوارساڵ بەسەر یەكەم دانیشتنی خولی چوارەمی پەرلەماندا تێپەڕی.

 

لە دوای ئەو ڕێكەوتەوە ماوەی یاسایی ئەم خولەی پەرلەمان كۆتایی دەهات، بەڵام بەرلەو ڕێكەوتەو لە 24-10-2017 پەرلەمان تەمەنی خۆی بۆ دوو وەرز درێژكردەوە(8 مانگ) هەڵبژاردنی دواخست.

 

گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی بەشداریی كۆبونەوەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانیان نەكرد، یەكگرتووی ئیسلامیش دەنگی بە پڕۆژەكە نەداو پێی باش بوو 3 بۆ 6 مانگ تەمەنی پەرلەمان درێژ بكرێتەوە، پارتی‌و یەكێتی‌و حزبە بچووك‌و كەمینەكان پڕۆژەكەیان تێپەڕاند.