بەرهەم ساڵح بایكۆتی هەڵبژاردنی كوردستان دەكات‌و كەناڵی خەندان دادەخات

28-08-2018 09:34
بەرهەم ساڵح سەرۆكی هاوپەیمانی دیموكراسی‌و دادپەروەری. وێنە؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

هاوپەیمانی دیموكراسی‌و دادپەوەری بە سەرۆكایەتی بەرهەم ساڵح بایكۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكات، هاوكات كەناڵی ئاسمانیی خەندان دادەخات.

 

پەرەگراف لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە زانیویەتی، چەند ڕۆژێكە بەرهەم ساڵح لەگەڵ بەرپرسانی حزبەكەی لە كۆبوونەوەی بەردەوامدایەو گەیشتوونەتە بڕیاری كۆتایی دەربارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان‌و بایكۆتی پڕۆسەكە دەكەن، لە چەند ڕۆژی ئایندەدا بە فەرمی ڕایدەگەیەنن.

 

بەرپرسی دامەزراوەی هەڵبژاردنی هاوپەیمانی دەڵێت، هێشتا بڕیاری كۆتاییان نەداوەو ڕەنگە بایكۆت بژاردەی بەهێزیان بێت، هەرچەندە پەرەگراف لە چەند سەرچاوەیەکی ناو حزبەکەوە ئەوەی پشتڕاست کردووەتەوە کە بایکۆتی پڕۆسەکە دەکەن.

 

"ئەمڕۆ د.بەرهەم كۆبوونەوەی لەگەڵ كاندیدەكانی لیستەكەی كردووەو سوپاسی كردوون‌و وتویەتی ئێمە بەشداریی هەڵبژاردن ناكەین" سەرچاوەیەكی ئاگادار بۆ پەرەگراف وای وت، سەرچاوەیەكی دیكەش هەمان زانیاریی پشتڕاست كردەوە.

 

هەروەها دوێنێ لە كۆبوونەوەیەكی دیكەدا كە چەند كەسێكی دەرەوەی هاوپەیمانی ئامادەی بوون، بژاردەكانی بەردەمیان تاوتوێ كراوە دەربارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، بەشداربوویەكی كۆبوونەوەكە وتی"لە كۆبوونەوەكەدا سێ بژاردە تاوتوێ كران، یەكەمیان هەوڵدان بۆ دواخستنی هەڵبژاردن لەگەڵ حزبەكانی دیكە، دوەمیان ئەگەر هەڵبژاردن كرا لەگەڵ حزبە ناڕازییەكان بایكۆتی بكەن، ئەگەر ئەوەش نەكرا هاوپەیمانی خۆی بەتەنها بایكۆتی پڕۆسەكە بكات."

 

لەو كۆبوونەوەیەدا كە لەبینای هاوپەیمانی لە سلێمانی ئەنجامدراوە، بەرهەم ساڵح سەرۆكی هاوپەیمانی ئامادەی بووەو قسەی كردووە، "قسەكانی خۆشی بە ئاڕاستەی بایكۆت بوو، وتیشی ئەو لەگەڵ ڕای زۆرینەدایە كە بایكۆتیان پێباشە."

 

لایخۆیەوە حەسەن بارام، بەرپرسی دامەزراوەی هەڵبژاردنی هاوپەیمانی دیموكراسی‌و دادپەروەری بۆ پەرەگراف ئەوەی خستەڕوو، هێشتا بڕیاری كۆتاییان نەداوە دەرباری بایكۆتی هەڵبژاردن، وتی"كۆمەڵێك بژاردە لەبەردەستماندایەو لە یەك دوو ڕۆژی داهاتوودا كۆتا بڕیار دەدەین."

 

بەرپرسی دامەزراوەی هاوپەیمانی ئامادەنەبوو باسلە بژاردەكان بكات، بەڵام وتی"ڕەنگە یەكێك لە بژاردە بەهێزەكان بایكۆتكردنەكە بێت."

 

حزبە ناڕازییەكان داوای گەرەنتی هەڵبژاردنێكی پاك دەكەن، بۆئەوەش چەندین سەرنج‌و پێشنیاریان ئاڕاستەی كۆمسیۆن كردووەو تانەیان لە تۆماری دەنگدەران داوە، بەڵام پێناچێت كۆمسیۆن بتوانێت ئەو سەرنج‌و تێبینییانەیان جێبەجێ بكات بەوكاتەی لەبەردەمیدا ماوە.

 

هاوپەیمانی دیموكراسی‌و دادپەروەری یەكێكە لەو حزبانەو یاداشتی ئاڕاستەی كۆمسیۆن كردووە‌و یاداشتەكەی سێ قۆناغ دەگرێتەوە؛ پێش هەڵبژاردن، ڕۆژی دەنگدان‌و دوای هەڵبژاردن، بۆهەر قۆناغێك بە چەند خاڵێك سەرنج‌و پێشنیارەكانیان خراونەتەڕوو.

 

حەسەن بارام باسیلەوەكرد هێشتا كۆمسیۆن وەڵامی یاداشتەكەی نەداونەتەوە، بەدەر لەو سەرنجانەی لە یاداشتەكەیاندا خستوویانەتەڕوو، وتی"شتی دیكەشمان هەیەو لەكاتی خۆیدا ڕایدەگەیەنین."

 

دەربارەی ئەوەی لە كاتی بایكۆتدا دەنگدەرانیان دەنگ بە چ لیستێكی دیكە دەدەن‌و پەیامیان چی دەبێت بۆیان، بەرپرسی دامەزراوەی هەڵبژاردنی هاوپەیمانی وتی"لەئێستادا لەسەر ئەوە قسە ناكەین، بەڵام بۆئەوەش وەڵامی خۆمان دەبێت."

 

هەرلە چوارچێوەی پڕۆسەی بایكۆتی هەڵبژاردندا، بەرهەم ساڵح بڕیاریداوە كەناڵی ئاسمانیی خەندان دابخات كە پێشتر بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەو كەناڵەی كردەوە، پەرەگراف لە چەند سەرچاوەیەكەوە داخستنی كەناڵەكەی پشتڕاست كردووەتەوە.

 

سەرچاوەیەكی ئاگادار بۆ پەرەگراف وتی"بەرپرسی بەشەكان ئەمڕۆ ئاگادار كراونەتەوە لە داخستنی كەناڵەكە."

 

هاوكات سەرچاوەیەك لە كەناڵی خەندان ئەوەی خستەڕوو، بەرپرسی ژوری هەواڵی خەندان بەناوی ئیدارەی كەناڵەكەوە پەیامێكی بۆ ڕۆژنامەنوسانی ژورەكە ناردووەو تێیدا هاتووە"وەك ئیدارەی كەناڵ دەمەوێت پێتان رابگەیەنم كە لەبەر ئەوەی پێداچوونەوەیەكی ریشەیی بۆ هەموو پێكهاتەو ئیدارەی كەناڵ دەكەینەوە، بۆیە بریارماندا كە لەسبەینێوە پەخشی هەوالەكان بەهەموو شێوەیەك راگرین.. بۆیە داواتان لێدەكەم بەسوپاسێكی زۆرەوە لەسبەینێوە هیچ پەیامنێرێك نەچێت بۆ ئیشكردن و دواتریش لەبڕیار و پێشهاتی تر ئاگادارتان دەكەینەوە."

 

بڕیاری داخستنی كەناڵی خەندان دوای بڕیاری بایكۆتكردنی هەڵبژاردن دراوە، بەرپرسانی هاوپەیمانی‌و خودی بەرهەم ساڵح ڕایان وابووە كە بەشداریی هەڵبژاردن نەكەن پێویستیان بە كەناڵی ئاسمانیی نییەو لەڕووی مادییەوە خەرجیی زۆرە لەسەریان.

 

هەرچەندە تائێستا هیچ لایەنێك بە فەرمی داوای دواخستنی هەڵبژاردنی نەكردووە، بەڵام لایەنە ناڕازییەكان‌و یەكێتی ئەو خواستەیان پیشانداوە، بۆئەوەش دەیانەوێت لە پەرلەمانی كوردستانەوە ئەوكارە بكەن، ئەگەر پارتی نەبێتە بەربەست لەبەردەمیاندا.

 

ئەمڕۆش دوای كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی پارتی‌و یەكێتی، هەردوو حزب تەئكیدیان لەوە كردەوە پڕۆسەكە لە وادەی خۆیدا بەڕێوەدەچێت‌و تائێستا هیچ گۆڕانكارییەك نییە لەو بارەیەوە.