بەرەی دواخستنی هەڵبژاردن لاواز دەبێت

29-08-2018 09:00

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

ئەو لایەنانەی داوای دواخستنی هەڵبژاردنی كوردستان دەكەن كەم دەبنەوەو ئێستا تەنها گۆڕان وەك حزب بە یەكگرتوویی لەگەڵ دواخستنی پڕۆسەكەدایەو هەریەكە لە یەكێتی نیشتمانی‌و یەكگرتووی ئیسلامی بوون بە دوو بەشەوە لەسەر ئەوپرسە، كۆمەڵیش چووەتە بەرەی پارتی‌و نەوەی نوێ‌و لەگەڵ دواخستندا نییە.

 

ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمان دەستپێدەكات، بەڵام هێشتا دواخستنی پڕۆسەكە كە بڕیارە 30-9 ئەنجامبدرێت، پرسێكی گەرمی گفتوگۆی نێوان حزبەكانە.

 

حەوت لایەنی سەرەكیی هەرێمی كوردستان دابەشبوون بەسەر دوو بەرەدا، هەرچەندە تائێستا هیچ لایەك بە فەرمی داوای دواخستنی هەڵبژاردنی نەكردووە، بەڵام گۆڕان‌و بەشێك لە یەكێتی‌و یەكگرتوو ئەو خواستەیان هەیە ئەگەر بۆیان بچێتەسەر، هاوپەیمانییەكەی بەرهەم ساڵحیش خۆی یەكلایی كردووەتەوە كە بایكۆتی پڕۆسەكە دەكات.

 

پەرەگراف لە سەرچاوەی ئاگاداری گفتوگۆی نێوان حزبەكانەوە زانیاریی ئەوەی دەستكەوتووە، بەشێك لەو بەرپرسانەی یەكێتی‌و یەكگرتوو كە پێشتر لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردندا بوون، "ئێستا پەشیمان بوونەتەوە."

 

هاوكات سەرچاوەیەكی ئاگادار لە دواین كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی پارتی‌و یەكێتی دەڵێت"لە كۆبوونەوەكەدا پارتی بە وەفدی یەكێتی وتووە بارودۆخەكە لە بەرژەوەندیی ئێوەیە وەكو حزب بۆ هەڵبژاردن، دۆخی ناوخۆی حزبەكانی دیكەی بە نمونە هێناوەتەوە."

 

ئەو لایەنانەی دەیانەوێت پڕۆسەكە دوابخەن، پاساوی خاوێن نەبوونی تۆماری دەنگدەران دەهێننەوەو باسلەوەدەكەن ترسیان هەیە ساختەكاریی بكرێت، بەڵام ئەوانە تاكە هۆكار نین‌و دۆخی ناوخۆیی‌و ترسی دەنگ كەم هێنان، لە هۆكارەكانی دیكەن.

 

ئەمڕۆش هەریەكە لە پارتی، یەكگرتوو، كۆمەڵ‌و گۆڕان لەسەر ئەوپرسە قسەیانكرد كە بووەتە بابەتی گفتوگۆی كۆبوونەوە حزبییەكان.

 

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامی ڕایگەیاند، هیچ ڕێككەوتنێك بۆ دواخستنی هەڵبژاردن نییەو لەكاتی خۆیدا ئەنجام دەدرێت.

 

سەرۆكی حكومەت ئەوەشی خستەڕوو، تائێستا هیچ لایەنێك داوای دواخستنی هەڵبژاردنی لە حكومەت نەكردووەو لایەنەكان لەنێوان خۆیاندا قسەیان كردووە.

 

هاوكات سەلاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتی یەكگرتوو باسیلەوەكرد ئەسڵ ئەوەیە هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا بكرێت، وتی"قسەهەیە كە دوابخرێت بە هەندێك مەرج‌و داواكاریی، گفتوگۆی لەسەر دەكرێت‌و هێشتا بڕیاری لەسەر نەدراوە، كەواتە تائێستا ئێمە لەسەر ئەوەین كە 30-9 هەڵبژاردن دەكرێت، ئەگەر ئیجماعی نیشتمانی لەسەر دروست بوو بۆ دواخستنی دوای گفتوگۆكان ئەوا داوا لە حكومەت دەكەین."

 

هەر ئەمڕۆ پرسی دواخستنی هەڵبژاردن بەشێك بووە لە كۆبوونەوەی نێوان یەكێتی‌و كۆمەڵی ئیسلامی، عەبدولستار مەجید، ئەندامی ئەنجومەنی سیاسی كۆمەڵ دوای كۆبوونەوەكە ڕایگەیاند"شاندی یەكێتی باسی ئەوەیانكرد، هەوڵێك هەیە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن‌و ئێوە ڕاتان چییە، ئێمەش وتمان ئێمە ڕامان لەسەر ئەوەیە لەكاتی خۆیدا بكرێت."

 

ئەو بەرپرسەی كۆمەڵ داواشیكرد هەر لایەنێك دەیەوێت هەڵبژاردن دوابخرێت با وەكو ئەوان بە ڕاشكاوانە داواكارییەكەی ڕابگەیەنێت.

 

ئەگەر حزبەكان بیانەوێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دوابخەن، دەبێت جارێكی دیكە تەمەنی پەرلەمان درێژ بكەنەوە، بۆئەوەش دوو ڕێگایان لەبەردەستدایە.

 

یەكێكیان ئەوەیە حكومەت پڕۆژە یاسایەك بنێرێتە پەرلەمان‌و داوای دواخستنی هەڵبژاردن‌و درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بكات، پێشتر پەرەگراف ئەوەی بڵاوكردەوە كە ئەم ڕێگایە سەری لە نائومێدییەوە دەرچووە، لەبەرئەوەی سەرۆكی حكومەت دژیەتی‌و ناچێتە ژێرباری ئەوكارە.

 

ڕێگای دووەمی دواخستنی هەڵبژاردن لە ڕێی پەرلەمانی كوردستانەوە دەكرێت، بۆئەوەش پێویستە 10 پەرلەمانتار واژۆ كۆبكەنەوە بۆ درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان‌و دواخستنی هەڵبژاردن.

 

لەو حاڵەتەداو دوای ئامادەكردنی پڕۆژە یاسا بۆ دواخستنی هەڵبژاردن، لە ڕووی سیاسییەوە پێویستە ئەوەندە حزبی سیاسی ڕێكبكەون كە 50+1 كورسییان هەبێت لە پەرلەمان(56 پەرلەمانتار) بۆئەوەی بتوانن پڕۆژەكە تێپەڕێنن.

 

ئەم ڕێگایەش بەبێ پارتی دیموكراتی كوردستان سەرناگرێت‌و بۆئەوەی پڕۆژەكە بخرێتە بەرنامەی كاری پەرلەمان پێویستی بە ڕەزامەندی سەرۆكایەتی پەرلەمانە، ئێستا لە غیابی سەرۆكدا جێگری سەرۆك كە لە پشكی پارتییە سەرۆكایەتی دانیشتنەكان دەكات‌و بەبێ ڕەزامەندی ئەو هیچ پڕۆژەیەك ناخرێتە بەرنامەی كارەوە.

 

پەرەگراف لە سەرچاوەیەكی ئاگادار لە ناوەندی بڕیاری پارتی زانیویەتی، پێناچێت ئەو حزبە ڕێگریی لە هەوڵێكی لەوجۆرە بكات لەناو پەرلەمان، ئەگەر ئەو حزبانەی دیكە هەموویان یەكدەنگیی لەسەر دواخستنی هەڵبژاردن دروست بكەن‌و بە فەرمی‌و بە نوسراو داوای بكەن، "ئەوەش دەبێتە دەستكەوت بۆ پارتی كە لەگەڵ دواخستنی ئەو پڕۆسەیەو درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان نابێت‌و لایەنەكانی دیكە ئەوكارە دەكەن."

 

بزوتنەوەی گۆڕان كە بەحزبی هەڵبژاردن ناسراوە، پێشتر زۆر دژی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان‌و دواخستنی هەڵبژاردن هەڵوێستی وەرگرتووەو هێرشی كردووەتەسەر پارتی‌و یەكێتی، بەڵام ئێستا ئەو بزوتنەوەیە داوای دواخستنی هەڵبژاردن دەكات.

 

د.ڕەئوف عوسمان، سەرۆكی جڤاتی گشتی بزوتنەوی گۆڕان بە دەنگی ئەمەریكای وتووە"ئێمە و یەكێتی هەمان بۆچونمان هەیە لەسەر دواخستنی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان چونكە گومانی ئەنجامدانی ساختەكاریەكی گەورە دەكەین بەجۆرێك پارتی دەیەوێت(٥٠+١) ڕێژەی دەنگەكان بهێنێت تا خۆی بتوانێت حكومەتی داهاتووی هەرێم بەتەنها پێكبهێنێت‌و دەستور بنوسێتەوە."

 

بەپێی یاسا دەبێت چوار ساڵ جارێك هەڵبژاردن لەهەرێمی كوردستان ئەنجامبدرێت‌و ڕۆژی 21-9-2013 هەڵبژاردن بۆ خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامدراو 21-9-2017 چوار ساڵ بەسەر ئەو وادەیەدا تێپەڕی، هەروەها 6-11-2017 چوارساڵ بەسەر یەكەم دانیشتنی خولی چوارەمی پەرلەماندا تێپەڕی.

 

لە دوای ئەو ڕێكەوتەوە ماوەی یاسایی ئەم خولەی پەرلەمان كۆتایی دەهات، بەڵام بەرلەو ڕێكەوتەو لە 24-10-2017 پەرلەمان تەمەنی خۆی بۆ دوو وەرز درێژكردەوە(8 مانگ) هەڵبژاردنی دواخست.

 

گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی بەشداریی كۆبونەوەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانیان نەكرد، یەكگرتووی ئیسلامیش دەنگی بە پڕۆژەكە نەداو پێی باش بوو 3 بۆ 6 مانگ تەمەنی پەرلەمان درێژ بكرێتەوە، پارتی‌و یەكێتی‌و حزبە بچووك‌و كەمینەكان پڕۆژەكەیان تێپەڕاند.