نێچیرڤان بارزانی: تەئكید دەكەینەوە هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا دەكرێت

30-08-2018 12:42
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم. وێنە؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف

 

ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی بە سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی سەرۆكی حزبەكە كۆبووەوەو تەئكید دەكاتەوە، هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 30-9 وادەی دیاریكراوی خۆی ئەنجامدەدرێت.

 

هەڵوێستەكەی پارتی لەكاتێكدایە هێشتا پرسی دواخستنی هەڵبژاردن بەشێكە لە گفتوگۆی نێوان حزبەكان، بەڵام ئەگەر پارتی لەگەڵدا نەبێت ناتوانرێت پڕۆسەكە دوابخرێت بەوپێیەی سەرۆكایەتی حكومەت‌و پەرلەمان لە دەست ئەو حزبەدایە.

 

نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت‌و جێگری سەرۆكی پارتی، دوای كۆبوونەوەی ئەمڕۆی حزبەكەی ڕایگەیاند"لەكۆبوونەوەكەدا تەئكیدمان كردەوە هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا بكرێت."

 

سەرۆكی حكومەت ئەوەشی خستەڕوو، هەڵبژاردنەكە ڕای پەرلەمان‌و حكومەت‌و كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی لەسەرەو كۆمسیۆن ئامادەكاریی بۆ كردووەو تەئكیدی كردووەتەوە لەسەدا 95ی ڕێكارەكانی هەڵبژاردنی تەواو كردووە.

 

هەڵبژاردنەكە دەبوو ساڵی ڕابردوو بكرایە، بەڵام دواخراو پەرلەمان تەمەنی خۆی درێژكردەوە، بەشێك لەو حزبانەی ئەوكات دژی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بوون ئێستا خۆیان كاری بۆ دەكەن، دیارترینیان بزووتنەوەی گۆڕانە.

 

هاوكات مەحمود محەمەد وتەبێژی فەرمی پارتی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی حزبەكەی خستەڕوو، دەربارەی هەڵبژاردن ڕایگەیاند"هیچ پاساوێكی سیاسی كۆمەڵایەتی تەكنیكی نییە بۆ دواخستنی بۆیە پێمانباشە لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا ئەنجام بدرێت."

 

وتەبێژەكەی پارتی باسیلەوەشكرد، كۆمەڵێك دەنگ هەبوون ناڕەزایەتییان لە حكومەت‌و هەندێك بابەت هەبووە، ئێستا كە هەڵبژاردن دەكرێت كابینەیەكی نوێی حكومەت دروست دەكرێت‌و ئەم كابینەیە زیاتر با بۆ ڕەواندنەوەی ڕەخنەكان بێت.

 

ئەگەر حزبەكان بیانەوێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دوابخەن، دەبێت جارێكی دیكە تەمەنی پەرلەمان درێژ بكەنەوە، بۆئەوەش دوو ڕێگایان لەبەردەستدایە.

 

یەكێكیان ئەوەیە حكومەت پڕۆژە یاسایەك بنێرێتە پەرلەمان‌و داوای دواخستنی هەڵبژاردن‌و درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بكات، پێشتر پەرەگراف ئەوەی بڵاوكردەوە كە ئەم ڕێگایە سەری لە نائومێدییەوە دەرچووە، لەبەرئەوەی سەرۆكی حكومەت دژیەتی‌و ناچێتە ژێرباری ئەوكارە.

 

ڕێگای دووەمی دواخستنی هەڵبژاردن لە ڕێی پەرلەمانی كوردستانەوە دەكرێت، بۆئەوەش پێویستە 10 پەرلەمانتار واژۆ كۆبكەنەوە بۆ درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان‌و دواخستنی هەڵبژاردن.

 

لەو حاڵەتەداو دوای ئامادەكردنی پڕۆژە یاسا بۆ دواخستنی هەڵبژاردن، لە ڕووی سیاسییەوە پێویستە ئەوەندە حزبی سیاسی ڕێكبكەون كە 50+1 كورسییان هەبێت لە پەرلەمان(56 پەرلەمانتار) بۆئەوەی بتوانن پڕۆژەكە تێپەڕێنن.

 

ئەم ڕێگایەش بەبێ پارتی دیموكراتی كوردستان سەرناگرێت‌و بۆئەوەی پڕۆژەكە بخرێتە بەرنامەی كاری پەرلەمان پێویستی بە ڕەزامەندی سەرۆكایەتی پەرلەمانە، ئێستا لە غیابی سەرۆكدا جێگری سەرۆك كە لە پشكی پارتییە سەرۆكایەتی دانیشتنەكان دەكات‌و بەبێ ڕەزامەندی ئەو هیچ پڕۆژەیەك ناخرێتە بەرنامەی كارەوە.

 

بەپێی یاسا دەبێت چوار ساڵ جارێك هەڵبژاردن لەهەرێمی كوردستان ئەنجامبدرێت‌و ڕۆژی 21-9-2013 هەڵبژاردن بۆ خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامدراو 21-9-2017 چوار ساڵ بەسەر ئەو وادەیەدا تێپەڕی، هەروەها 6-11-2017 چوارساڵ بەسەر یەكەم دانیشتنی خولی چوارەمی پەرلەماندا تێپەڕی.

 

لە دوای ئەو ڕێكەوتەوە ماوەی یاسایی ئەم خولەی پەرلەمان كۆتایی دەهات، بەڵام بەرلەو ڕێكەوتەو لە 24-10-2017 پەرلەمان تەمەنی خۆی بۆ دوو وەرز درێژكردەوە(8 مانگ) هەڵبژاردنی دواخست.

 

گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی بەشداریی كۆبونەوەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانیان نەكرد، یەكگرتووی ئیسلامیش دەنگی بە پڕۆژەكە نەداو پێی باش بوو 3 بۆ 6 مانگ تەمەنی پەرلەمان درێژ بكرێتەوە، پارتی‌و یەكێتی‌و حزبە بچووك‌و كەمینەكان پڕۆژەكەیان تێپەڕاند.