بەرهەم ساڵح هەوڵەكانی چڕدەكاتەوە بۆ بەدەستهێنانی كورسی سەرۆك كۆمار

01-09-2018 07:05
بەرهەم ساڵح چاوی لە كورسی سەرۆكایەتی عێراقە. وێنە؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

بەرهەم ساڵح هەوڵەكانی چڕدەكاتەوە بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، لەو چوارچێوەیەدا پەیوەندییەكانی لەگەڵ حزب‌و كەسایەتییەكان ئاسایی كردووەتەوەو لەگەڵ تاڵەبانی‌و بارزانییەكان دیدارو كۆبوونەوەی هەبووە.

 

هاوكات كاربۆئەوە دەكات، لەگەڵ خۆیدا، بزووتنەوەی گۆڕان نزیك بكاتەوە لە یەكێتی‌و پارتی لە ژێر ناوی "یەكڕیزی نیشتمانی"، بەرپرسێكی باڵای گۆڕان پێیوایە، بەرهەم ساڵح لەو كارەدا ئامانجێكی تایبەتی هەیە‌و گۆڕان وەك "قەڵغانێك بۆ خۆپاراستن" بەكاردەهێنێت.

 

هەوڵەكانی بەرهەم ساڵح بۆ سەرۆكایەتی كۆمار لەكاتێكدایە هێشتا ئەو پرسە لە نێوان پارتی‌و یەكێتی یەكلایی نەكراوەتەوەو هەردوو حزب وەرگرتنی ئەو كورسییە بە هەقی خۆیان دەزانن.

 

بەرپرسێكی باڵای گۆڕان كە داوایكرد ناوی نەهێنرێت بۆ پەرەگراف وتی"بەرهەم ساڵح گۆڕان بەكاردەهێنێت‌و دەیەوێت لە یەكێتی نزیكی بكاتەوە، ئامانجی سەرەكی ئەوەیە ئەگەر گۆڕانی لەگەڵدا بێت ڕوبەڕوی ڕەخنەو هێرشی شەقامی ناڕازیی نەبێتەوە بەهۆی نزیكبوونەوەو ڕێككەوتن لەگەڵ ئەو حزبانەی تا دوێنێ بە دزو گەندەڵ‌و تەزویرچی ناویان دەبردن."

 

لەناو بەرپرسانی گۆڕاندا پەیوەندیی نێوان بزوتنەوەكەیان‌و هاوپەیمانیەكەی بەرهەم ساڵح بووەتە بابەتی گفتوگۆ، دەنگی ئەوانە لە زیادبووندایە كە هۆشداریی دەدەن‌و داوادەكەن بۆشایی زیاتر لە نێوانیاندا بهێڵنەوە تا بەكار نەهێنرێن لەلایەن بەرهەم ساڵحەوە.

 

"ئەگەر گۆڕانی لەگەڵدا بێت بەرهەم ساڵح ئامادەیە تا یەكگرتن لەگەڵ یەكێتی‌و هەڵوەشاندنەوەی حزبە نوێیەكەی بڕوات" بەرپرسە باڵاكەی گۆڕان وای وت.

 

هاوكات سەرچاوەیەكی نزیك لە بەرهەم ساڵح وتی"كاك بەرهەم حەزی لێیە ئەگەر گۆڕانی لەگەڵدا بێت میكانیزمێك بدۆزنەوە لەگەڵ یەكێتی‌و هەر سێ لایەن لە ژێر چەترێكدا كۆببنەوە، بەڵام بەبێ گۆڕان قورسە ئەو هەنگاوە بنێت."

 

سەرچاوەكانی پەرەگراف كە ئاگاداری وردەكاری جموجوڵەكانی بەرهەم ساڵحن باسلەوەدەكەن، ناوبراو ئێستا وەك "نێوەندگیر" لە نێوان لایەنەكاندا خۆی پیشاندەدات نەك سەرۆكی حزبێك كە پەیامی ئۆپۆزسیۆن بوونی هەڵگرتبێت.

 

"لایەنە ناڕازییەكان‌و بەشێكی یەكێتی پشتیوانی كاك بەرهەمن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، ماڵی مام جەلال‌و بارزانییەكان ماون ڕەزامەندی پیشانبدەن، هێشتا لەگەڵ ئەوان لەوبارەیەوە قسە نەكراوە، بەڵام پەیوەندییەكان ئاسایی كراونەتەوەو یەكتربینین هەبووەو زەمینە خۆشكراوە بۆ باسكردنی ئەو پرسە" سەرچاوەیەكی ئاگادار لە جموجوڵەكانی بەرهەم ساڵح وای وت.

 

ئەو سەرچاوەیە وتیشی"كاك بەرهەم لەم ماوەیەدا لەگەڵ قوباد تاڵەبانی‌و نەجمەدین كەریم دانیشتنی هەبووەو لەگەڵ كاك كۆسرەت‌و بافڵ تاڵەبانی-ش پەیوەندیی بەهێزی هەیە‌و پشتیوانیی دەكەن، لای پارتیش كاك مەسعودو كاك نێچیرڤانی بینیوە."

 

هەرچەندە پارتی كورسی زیاتری هەیە لە خولی نوێی پەرلەمانی عێراق، بەڵام یەكێتی سوورە لەسەر ئەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار پشكی ئەوبێت، ئەو پۆستە لەوكاتەوەی دراوە بە كورد(ساڵی 2005) پشكی یەكێتی بووە، لە بەرامبەر ئەوەدا سەرۆكی هەرێم دراوە بە پارتی، بەڵام ئێستا ئەوپۆستە نەماوە.

 

حزبەكەی بەرهەم ساڵح(دوو کورسی هەیە لە خولی نوێی پەرلەمانی عێراق) پێكەوە لەگەڵ گۆڕان، كۆمەڵ‌و یەكگرتوو لە بەرەیەكدان‌و هەڵوێست‌و هەنگاوی هاوبەشیان هەیە‌و هاوپەیمانێتییان پێكهێناوە بۆ بەغداد، بەڵام وادەردەكەوێت جیاوازی هەبێت لە نێوانیاندا لەبارەی یەكڕیزیی‌و پێكەوەبوونیان لەگەڵ پارتی‌و یەكێتی.

 

ئەو لایەنانە كە بە "ناڕازییەكان" ناودەبرێن، پێشتر ڕەخنەی تووندیان لە دروشم‌و داواكاریی پارتی‌و یەكێتی گرتووە بۆ "یەكڕیزیی"‌و كاری پێكەوەیی بەتایبەت لە بەغداد، دەیانوت پارتی‌و یەكێتی لە كوردستان "گەندەڵیی‌و ساختەكاریی دەكەن" هەربۆیە ڕەتیاندەكردەوە لە بەغداد لەگەڵیاندابن.

 

لەچوارچێوەی كارەكانی بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندی نێوان حزبەكان‌و زەمینە خۆشكردن بۆ بەدەستهێنانی كورسی سەرۆكایەتی كۆمار، بەرهەم ساڵح بەشێك بووە لە هەوڵەكانی سەرخستنی كۆبوونەوەی نێوان یەكێتی‌و گۆڕان(27-8) كە ناڕەزایی لەناو گۆڕان دروست كرد.

 

سەرچاوەیەك لە جڤاتی نیشتمانی گۆڕان بۆ پەرەگراف وتی"چەندین ئەندامی جڤات دژی ئەو كۆبوونەوەیە ناڕەزاییان دەربڕیوەو پێیانباش نەبووە پێشوازی لە یەكێتی بكرێت."

 

كۆبوونەوەكە دوای زیاتر لە 3 مانگ نەبوونی پەیوەندیی لە نێوان گۆڕان‌و یەكێتی ئەنجامدرا، ئەوەش دوای ئەوەی یەكێتی داوای لێبوردنی لە گۆڕان كرد بەهۆی ڕووداوی هێرشكردنەسەر مەكۆی سەرەكی بزووتنەوەكە لە گردی زەرگەتەی سلێمانی دوای كۆتایی هاتنی هەڵبژاردنەكەی 12ی ئایاری ئەمساڵی پەرلەمانی عێراق.

 

پێشتریش چەندجارێك ئەوە ڕوبەڕوی بەرهەم ساڵح كراوەتەوە كە لەناو حزبە نوێیەكەیەوە كار بۆ ڕازیكردنی لایەنەكانی دیكە دەكات بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار، لە بەرامبەردا ڕێبوار كەریم وتەبێژی حزبەكەی بەرهەم ساڵح ئەم وەڵامەی هەبووە، "زۆرجار وتومانە ئەگەر باس باسی سەرۆك كۆماری بێت هەرزوو وەریدەگرت بەبێ دروستكردنی هاوپەیمانی."

 

خولی نوێی پەرلەمانی عێراق دووشەممەی داهاتوو یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجام دەدات، بەوەش پرسی پێكهێنانی حكومەت‌و دابەشكردنی پۆستەكان دەستپێدەكات‌و لەماوەی 30 ڕۆژدا سەرۆك كۆمار هەڵدەبژێردرێت.

 

هەرچەندە یەكێتی خۆی كاندیدی هەیە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە، بەڵام ئێران كە ڕۆڵی گرنگی هەیە لە یەكلاییكردنەوەی ئەو پرسەدا پشتیوانیی كەسایەتییەكی "بەهێز" دەكات بۆئەوەش ناوی بەرهەم ساڵح لەسەرەوەی ئەو ناوانە دادەنێت كە جێگای پەسەندی ئەو وڵاتەن، بۆئەو مەبەستەش لەگەڵ یەكێتی‌و بەرهەم ساڵح گفتوگۆی كردووە.

 

بەرهەم ساڵح چوار ساڵ لەمەوبەر هەوڵی چڕیدا كە ئەو پۆستە وەربگرێت، ئەوكات هێشتا لەناو یەكێتیدا بوو، ململانێكانی لەگەڵ ماڵی مام جەلال بەتایبەت هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بێبەشیانكرد لە وەرگرتنی ئەو پۆستە.

 

ئێستاش كە لە دەرەوەی یەكێتی سەرۆكایەتی حزبێكی دیكە دەكات هێشتا ڕەزامەندی ماڵی مام جەلالی پێویستە تا ببێتە سەرۆك كۆماری عێراق، لە ئەگەری ڕازیكردنی پارتی‌و لایەنەكانی دیكە، هێشتا دیارنییە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد كە خاوەنی قسەی كۆتایی ماڵی تاڵەبانییە، ئەمجارەیان ڕەزامەند دەبێت یاخود دژ؟.