هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئەو مەرجانەی ڕاگەیاند كە دەبێت لە كاندیدی یەكێتیدا هەبێت بۆ سەرۆك كۆمار

01-09-2018 09:12
هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسی‌ یەكێتی. وێنە؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف

 

هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد تەئكید دەكاتەوە كە پێویستە پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بۆ یەكێتی بێت‌و چەند مەرجێكی ڕاگەیاند كە دەبێت لەو كەسەدا هەبێت كە حزبەكەی كاندیدی دەكات بۆئەو پۆستە.

 

بەپێی مەرجەكانی ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، دەبێت ئەو كەسە "مولتەزیمی یەكێتی" و "دانەبڕاوی ڕێباز مام جەلال" بێت، بەپێی ئەو مەرجانە كاندیدی ئەو پۆستە بەرهەم ساڵح ناگرێتەوە كە ئێستا لە دەرەوەی یەكێتی سەرۆكایەتی حزبێك دەكات‌و هەوڵەكانی بۆ بەدەستهێنانی ئەو پۆستە چڕ كردووەتەوە.

 

هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسی‌ یەكێتی و خاوەن قسەی كۆتایی ماڵی تاڵەبانی، ڕاگەیەندراوێكی لەبارەی پێكهێنانی حكومەتی عێراق‌و دابەشكاریی پۆستەكان بڵاوكردەوەو بەشێكی تەرخانكردووە بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق.

 

"بەلامەوە زۆر پێویست‌و زەرووریە كە ئەم پۆستە یەكێتی نیشتمانی وەریبگرێتەوەو لای بمێنێتەوە، دیارە ئەمەش بە ڕێككەوتن دەبێت لەگەڵ برایانی پارتی دیموكراتی كوردستاندا" هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد وادەڵێت.

 

ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەشڵێت"بەلای منەوەو هەموو یەكێتیەكانەوە دەبێت‌و پێویستە سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان پێداگری تەواوەتی بكات لەسەر بەدەست هێنانەوەی ئەو پۆستە سیادیە كە ڕەمزە بۆ شكۆو سەركەوتنی بەڕێز مام جەلال لە سەرۆكایەتیكردنیدا وەك سەرۆك كۆماری هەڵبژێردراوی عێراق."

 

هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئەو مەرجانەش ڕادەگەیەنێت كە پێوستە لەو كەسەدا هەبێت كە یەكێتی كاندیدی دەكات، دەڵێت"دەبێت سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان هەڤاڵێكی بە ئەزموون‌و مولتەزیمی یەكێتی‌و قاڵبووی خەبات‌و تێكۆشان‌و دانەبڕاوی ڕێبازەكەی مام جەلالی بۆ كاندید بكات كە بتوانێت لە هەموو بوارێك‌و بارودۆخێكدا ئەركەكانی بەدەستهێنانی مافە دەستوریەكانی گەلەكەمان مسۆگەر بكات ‌و ڕێبازە پیرۆزەكەی مام جەلال‌و سیاسەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان پیادەبكات‌و بەجێی بهێنێت."

 

ڕاگەیەندراوەكەی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لەكاتێكدایە هێشتا پرسی پۆستی سەرۆك كۆمار لە نێوان پارتی‌و یەكێتی یەكلایی نەكراوەتەوەو هەردوو حزب وەرگرتنی ئەو كورسییە بە هەقی خۆیان دەزانن.

 

هەرچەندە پارتی كورسی زیاتری هەیە لە خولی نوێی پەرلەمانی عێراق، بەڵام یەكێتی سوورە لەسەر ئەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار پشكی ئەوبێت، ئەو پۆستە لەوكاتەوەی دراوە بە كورد(ساڵی 2005) پشكی یەكێتی بووە، لە بەرامبەر ئەوەدا سەرۆكی هەرێم دراوە بە پارتی، بەڵام ئێستا ئەوپۆستە نەماوە.

 

لەپاڵ پارتی‌و یەكێتیدا بەرهەم ساڵح سەرۆكی هاوپەیمانی دیموكراتی‌و دادپەروەری بە چڕیی لە هەوڵدایە بۆ بەدەستهێنانی كورسی سەرۆك كۆمار، بۆئەو مەبەستەش پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ حزب‌و كەسایەتییەكان ئاسایی كردووەتەوەو لەگەڵ قوباد تاڵەبانی كوڕە بچووكی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد دیدارو كۆبوونەوەی هەبووەو لەگەڵ بافڵ-ی كوڕە گەورەشی پەیوەندییەكی بەهێزی هەیە.

 

بەرهەم ساڵح چوار ساڵ لەمەوبەر هەوڵی چڕیدا كە ئەو پۆستە وەربگرێت، ئەوكات هێشتا لەناو یەكێتیدا بوو، ململانێكانی لەگەڵ ماڵی مام جەلال بەتایبەت هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بێبەشیانكرد لە وەرگرتنی ئەو پۆستە، ئێستاش ئاوەڵزاواكانی مام جەلال دەیانەوێت پۆستەكە بۆ ئەوان بێت‌و یەكێتی یەكێك لەوان كاندید بكات.

 

خولی نوێی پەرلەمانی عێراق دووشەممەی داهاتوو یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجام دەدات، بەوەش پرسی پێكهێنانی حكومەت‌و دابەشكردنی پۆستەكان دەستپێدەكات‌و لەماوەی 30 ڕۆژدا سەرۆك كۆمار هەڵدەبژێردرێت.

 

دەقی ڕاگەیەندراوەكەی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد كە میدیای یەكێتی بڵاویكردووەتەوە