بەرهەم ساڵح بە فەرمی بایكۆتی هەڵبژاردنی كوردستانی ڕاگەیاند

02-09-2018 01:10
بەرهەم ساڵح، سەرۆكی هاوپەیمانی دیموكراسی‌و دادپەروەری. وێنە؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف

 

بەرهەم ساڵح سەرۆكی هاوپەیمانی دیموكراسی‌و دادپەروەری بە فەرمی ڕایگەیاند، بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ناكەن كە بڕیارە 30-9 ئەنجام بدرێت.

 

سەرۆكی هاوپەیمانی دوای كۆبوونەوە لەگەڵ شاندێكی پارتی لە هەولێر، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەیان خستەڕوو، بەرهەم ساڵح ڕایگەیاند"تێبینیمان هەیە لەسەر كۆمەڵێك ڕێكارو تۆماری دەنگدەران، بڕیارمان وایە بەشدار نەبین لە پڕۆسەی هەڵبژاردندا، بەڵام هیوادارین پڕۆسەیەكی سەركەوتووبێت، چونكە كوردستان بەرگری بێنەوبەردەو ئاڵۆزیی دیكە ناگرێت."

 

هاوكات بەرهەم ساڵح ڕەتیكردەوە كاندیدی پارتی‌و یەكێتی بێت بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، لەوبارەیەوە وتی"ئەسڵ‌و ئەساسی نییە. لە هەندێك لایەنەوە باسكراوە، بەڵام هیچ باسێكی فەرمی لەو بارەیەوە نەكراوەو ئێمە سەرقاڵی خۆڕێكخستنەوەی هاوپەیمانین‌و مەبەستمانە بەشێك بین لە چارەسەری قەیرانەكانی كوردسان، هەر پۆستێكیش بێت بۆ خزمەتی خەڵكی كوردستانە نەك پشك پشكێنەی حزبی."

 

سەرۆكی هاوپەیمانی وتیشی"نە خۆمم كاندید كردووەو نە هاوپەیمانی كاندیدی كردووم، قسەو باسێك هەیە لەملاو ئەولا، ئەوانەی بە لوتفەوە باسی ئەو پرسە دەكەن ماڵیان ئاوابێ‌و ئەوانەشی دەیانەوێت بیكەنە مادەیەكی چەواشەكاری‌و ئەنواعی سەفقەی پشتی پەردە بۆ خۆیانی لێدەگەڕێم."

 

ئەو لێدوانانەی بەرهەم ساڵح دەربارەی پۆستی سەرۆك كۆمار لەكاتێكدایە، ناوبراو لە هەوڵی چڕدایە بۆ بەدەستهێنانی ئەو پۆستە، پەرەگراف وردەكاریی هەوڵەكانی بڵاوكردەوە

 

هەرلەو كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت‌و جێگری سەرۆكی پارتی باسیلەوەكرد، ڕێز لە بڕیارەكەی هاوپەیمانی دەگرن كە بەشداریی هەڵبژاردن ناكەن.

 

سەرۆكی حكومەت تەئكیدی كردەوە، هیچ هۆكارێك نابینن بۆ دواخستنی هەڵبژاردن‌و هیچ حزبێكیش تائێستا بە فەرمی ئەو داوایەی نەكردووە، وتی"پڕۆسەكە لەبەرژەوەندیی هەموو لایەنەكانەو كاتی ئەنجامدانی بە ڕاوێژ لەگەڵ لایەنەكان دیاریكراوە."

 

ڕاگەیاندنی بایكۆتی هەڵبژاردن لەلایەن بەرهەم ساڵح دوای ئەوەدێت، پەرەگراف 6 ڕۆژ لەمەوبەر ئەوەی ئاشكرا كرد كە هاوپەیمانی بەشداریی هەڵبژاردنی كوردستان ناكات.

 

پەرەگراف ئەوەشی بڵاوكردەوە، بەرهەم ساڵح بڕیاریداوە كەناڵی خەندان دابخات، ئەوەش دوای بڕیاری بایكۆتكردنی هەڵبژاردن، بەرپرسانی هاوپەیمانی‌و خودی بەرهەم ساڵح ڕایان وابووە كە بەشداریی هەڵبژاردن نەكەن پێویستیان بە كەناڵی ئاسمانیی نییەو لەڕووی مادییەوە خەرجیی زۆرە لەسەریان.

 

تەمەنی حزبەكەی بەرهەم ساڵح كەمترە لە ساڵێك، یەكەم ئەزموونی بەشداریكردنی لە هەڵبژاردن مانگی 5ی ئەمساڵ بوو بۆ پەرلەمانی عێراق كە تەنها 2 كورسی بەدەستهێنا، لەگەڵئەوەی ئەنجامەكانی پەسەند نەكردو دەڵێت"تەزویری گەورەی لێكراوە" بەڵام بەشداریی دەكات لە پەرلەمان‌و پڕۆسەی سیاسی عێراق.

 

حزبە ناڕازییەكان كە هاوپەیمانی یەكێكە لەوان، داوای گەرەنتی هەڵبژاردنێكی پاك دەكەن بۆ پەرلەمانی كوردستان، بۆئەوەش چەندین سەرنج‌و پێشنیاریان ئاڕاستەی كۆمسیۆن كردووەو تانەیان لە تۆماری دەنگدەران داوە، كۆمسیۆن وەڵامی داونەتەوە، بەڵام وەڵامەكان ڕازیكەر نین بۆ ئەوان.

 

بەپێی یاسا دەبێت چوار ساڵ جارێك هەڵبژاردن لەهەرێمی كوردستان ئەنجامبدرێت‌و ڕۆژی 21-9-2013 هەڵبژاردن بۆ خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامدراو 21-9-2017 چوار ساڵ بەسەر ئەو وادەیەدا تێپەڕی، هەروەها 6-11-2017 چوارساڵ بەسەر یەكەم دانیشتنی خولی چوارەمی پەرلەماندا تێپەڕی.

 

لە دوای ئەو ڕێكەوتەوە ماوەی یاسایی ئەم خولەی پەرلەمان كۆتایی دەهات، بەڵام بەرلەو ڕێكەوتەو لە 24-10-2017 پەرلەمان تەمەنی خۆی بۆ دوو وەرز درێژكردەوە(8 مانگ) هەڵبژاردنی دواخست.

 

گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی بەشداریی كۆبونەوەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانیان نەكرد، یەكگرتووی ئیسلامیش دەنگی بە پڕۆژەكە نەداو پێی باش بوو 3 بۆ 6 مانگ تەمەنی پەرلەمان درێژ بكرێتەوە، پارتی‌و یەكێتی‌و حزبە بچووك‌و كەمینەكان پڕۆژەكەیان تێپەڕاند.