ئەو ڕۆژنامەیەی بۆ یەكەمجار هاوكاریی ئەمەریكای بۆ شۆڕشی كورد ئاشكرا كرد داخرا

03-09-2018 05:56
مەلا مستەفاو ژمارەیەك پێشمەرگە لە شاخەكانی كوردستان.

 

پەرەگراف- ڕێنوار نەجم

 

ئەو ڕۆژنامەیە داخرا كە بۆ یەكەمجار لەساڵی 1976 ڕاپۆرتێكی نهێنیی كۆنگرێسی ئەمەریكای بڵاوكردەوە كە تێیدا هاوكاریی ویلایەتە یەكگرتووەكان بۆ شۆڕشی كورد ئاشكرا بوو.

 

پیتەر باربی، خاوەنی ڕۆژنامەی The Village Voice ڕایگەیاند، بەهۆی كێشەی داراییەوە چیتر ناتوانن بەردەوامیی بە ڕۆژنامەكە بدەن بەشێوەی ئەلكترۆنی، ئەوەش دوای ئەوەدێت ساڵی ڕابردوو ڕۆژنامەكە چاپی سەر كاغەزی وەستاند كە تیراژی نزیكەی 120 هەزار بوو. بڕیاری داخستنەكە دوای 63 ساڵە لە بڵاوبوونەوەی ڕۆژنامەكە بەشێوەی هەفتانە.

 

The Village Voice یەكێك بوو لە میدیا كاریگەر و سەنگینەكانی ئەمەریكا كە زیاتر بایەخی دەدا بە بەدواداچوون‌و ڕاپۆرتی بنكۆڵكاریی. ڕۆژنامەكە ئەوكاتە ناوبانگی گەیشتە ترۆپك كە لە ساڵی 1976 ڕاپۆرتی لیژنەی پایك-ی كۆنگرێسی ئەمەریكای بڵاوكردەوە كە تێیدا پەردەی لەسەر دەیان كاری نهێنیی دەزگا هەواڵگریی‌و ئەمنییەكانی ئەو وڵاتە لادابوو.

 

ڕاپۆرتی لیژنەی پایك‌و ئاشكرابوونی نهێنییەكان

لیژنەی پایك یەكێك بوو لە لیژنەكانی كۆنگرێسی ئەمەریكا لەو كاتەی كۆنگرێس لەلایەن ئۆتیس پایك-ی سەر بە حزبی دیموكراتەكانەوە سەرۆكایەتی دەكرا. لیژنەكە لە شوباتی 1975 دروستكرا و بە وردی لێكۆڵینەوەی كرد لەو كارە نایاساییانەی لەلایەن دەزگای هەواڵگریی ناوەندی(سی ئای ئەی)، نوسینگەی فیدراڵی لێكۆڵینەوە (ئێف بی ئای) هەروەها دەزگای ئاسایشی نیشتمانی(ئێن ئێس ئەی) ئەنجامدرابوون.

 

لیژنەی پایك لەبارەی چالاكییەكانی ئەو دەزگا ئەمنییانەی ئەمەریكاوە داوای زانیاریی لە جێراڵد فۆرد سەرۆكی ئەوكاتی ویلایەتە یەكگرتووكان كرد، ڕێگرییەكانی سەرۆكیش لە بەخشینی زانیارییەكان بەو لیژنەیە، هەروەها ڕەتكردنەوەكانی سی ئای ئەی بۆ دركاندنی زانیارییەكان، قەیرانێكی دەستوریی لە ساڵی 1975 لە ئەمەریكا دروستكرد.

 

لە كۆتاییداو ئەو كاتەی لیژنەی پایك ئامادەكاریی دەكرد بۆ بڵاوكردنەوەی ئەو بەڵگەنامانەی كۆیكردبوونەوەو سی ئای ئەی لە بردنەوەی داوای یاسایی دژ بە لیژنەكە بێئومێد بووبوو، سەرۆكی ئەمەریكا چارەسەرێكی ناوەندیی دۆزییەوە، بەشێوەیەك سی ئای ئەی بەڵگەنامە داواكراوەكان "بە خواستن" بدات بە لیژنەكە، ئەگەر هەر ناكۆكییەكیش لەبارەی بەڵگەنامەیەكەوە هەبوو، ئەوا سەرۆكی وڵات خاوەنی قسەی یەكلاكەرەوەیە.

 

ڕاپۆرتی كۆتایی لیژنەی پایك هەرگیز بە شێوەیەكی فەرمی بڵاونەكرایەوە ئەویش بەهۆی ناكۆییەكانی ناو كۆنگرێسەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، كۆپی نافەرمیی ڕاپۆرتەكە دزەیكرد بۆ میدیاكان، لەو میانەشدا دانیاڵ شۆر پەیامنێری كەناڵی CBS News بۆ لێپرسینەوە بانگهێشتی كۆنگرێس كرا، بەڵام ڕەتیكردەوە سەرچاوەی دەستكەوتنی ڕاپۆرتەكە ئاشكرا بكات.

 

سەرەكیترین بەشی ڕاپۆرتی لیژنەكە لەلایەن ڕۆژنامەی The Village Voice لەژێر ناونیشانی "ئەو ڕاپۆرتەی دەربارەی سی ئای ئەی كە سەرۆك فۆرد نایەوێت تۆ بیخوێنیتەوە" لە ڕۆژی 16ی شوباتی 1976 بڵاوكرایەوە.

 

لاپەڕەی یەكەمی ئەو ژمارەیەی ڕۆژنامەكە كە ڕاپۆرتەكەی تێدا بڵاوكرایەوە.

 

بەپێی ئەو كۆپییەی ڕاپۆرتەكە، دەزگا هەواڵگریی و ئەمنییەكانی ئەمەریكا چەندین كاری نهێنیان ئەنجامدابوو دوور لە هەر ئاگاداركردنەوەیەكی كۆنگرێسی ئەو وڵاتە لە نێویاندا یارمەتیدانی شۆڕشی كورد پێش ئەوەی لە ساڵی 1975 شكست بهێنێت. ڕاپۆرتەكە بە یەكێك لە گرنگترین هەنگاوەكان دادەنرێت لە ئەمەریكادا بە ئاڕاستەی شەفافیەت لە كارەكانی دەزگا فەرمییەكانی ئەو وڵاتەدا.

 

كورد و ڕاپۆرتەكەی پایك

تێوەگلانی ئەمەریكا لە دۆزی كورد لە باشوری كوردستان لە ساڵانی نێوان 1972 بۆ 1975 بەشێوەیەكی نهێنی بوو، ئەوەش هاوتەریب بوو بەو دەنگۆیانەی دەوترا ویلایەتە یەكگرتووەكان و ئیسرائیل پاڵپشتی شۆڕشی كوردیان كردووە لە ساڵانی پێش 1972.

 

سەرەڕای هەموو ئەو دەنگۆیانە، پاڵپشتی ئەمەریكا بۆ كورد لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتەكەی پایك ئاشكرا بوو.

 

بەپێی زانیارییەكانی ناو ڕاپۆرتەكە، لە مانگی ئایاری 1972 كاتێك ریچارد نیكسۆن سەرۆكی ئەو كاتی ئەمەریكا‌و هێنری كیسنجەر وەزیری دەرەوە سەردانی تارانیان كردووە، محەمەد ڕەزا شای پەهلەوی، پێشنیاری بۆ كردوون هاوكاریی كورد بكەن. ئەو هاوكارییەش وەڵامێك بووە بۆ جوڵەی عێراق بە ئاڕاستەی یەكێتی سۆڤیەتی جاران بەتایبەت لەسەر ئاستی سەربازیی كە هاوكاریی سوپای عێراقیان دەكرد.

 

هاوكارییەكانی ئەمەریكا خۆی دەبینیەوە لە پێدانی 16 ملیۆن دۆلار بۆ شۆڕشی كورد لە باشوری كوردستان، دواترو لە چاوپێكەوتنێكدا كە لە ڕۆژی 16ی ئەیلولی 1976 ئەنجامدراوە، مەلا مستەفا بارزانی ڕێبەری ئەوكاتی شۆڕشی كورد لەو بارەیەوە دەڵێت "ئێمە داوای گەرەنتیمان لە ئەمەریكا كرد، هەرگیز متمانەمان بە شای ئێران نەبوو، بەبێ بەڵێنی ئەمەریكا نەماندەتوانی ئەو كارەبكەین كە كردمان، دەمانزانی ئێران ناتوانێت خۆی هەموو ئەو كارە بكات، ئێمە هاوكارییەكانی ئەمەریكامان قبوڵكرد، چونكە پێمانوابوو لەبەرژەوەندی خەڵی كوردستانە."

 

كیسنجەر و پشتكردن لە كورد

سەرەڕای هاوكارییەكانی ئەمەریكا بۆ شۆڕشی كورد، بەڵام دواجار بە ڕێككەوتنی جەزائیری نێوان ئێران و عێراق لە ساڵی 1975، شۆڕشی كورد هەرەسی هێنا و ئەمەریكاش هیچ كارێكی بۆ كورد نەكرد.

 

كیسنجەر یەكێك بوو لەو كەسانەی ئاڕاستەی سیاسەتی ئەمەریكای لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكرد. مەلا مستەفا بارزانی پێزانینێكی زۆری بۆ ئەو وەزیرە ئەمەریكییە هەبوو كە پێشتر ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی سەرۆكی ئەمەریكا بوو، بارزانی وەك دیاریی سێ فەرش و قاڵی گرانبەهای بۆ كیسنجەر ناردبوو، دواتریش كاتێك كیسنجەر هاوسەرگیریی كرد، بارزانی ملوانكەیەكی ئاڵتون و مرواریی وەك دیاریی هاوسەرگیریی بۆ نارد، كیسنجەریش لە یاداشتێكدا بۆ برێنت سكۆكرۆفت-ی یاریدەدەرەی، لەوبارەیەوە نووسیبووی كە دەبێت ئەو دیارییانە بە نهێنی بهێڵدرێنەوە، "چونكە پەیوەندیی لەگەڵ كوردەكاندا زۆر هەستیارە." بەڵام لە دوای شكستی شۆڕشی كورد، بارزانی داوای لە كیسنجەر كرد "هەڵبسێت بە ئەركی ئەخلاقی‌و سیاسیانەی خۆی" بەڵام كیسنجەر وەڵامی نەدایەوە.

 

هێنری كیسنجەر.

 

لەدوای هاوكارییەكانی ئەمەریكا، كورد بۆ ماوەی سێ ساڵ لەگەڵ حكومەتی عێراقدا شەڕی كردو هەزاران قوربانیی لێكەوتەوە.

 

حكومەتی ئەمەریكا لە ڕێگەی سی ئای ئەیەوە سەركردایەتی كوردی هاندەدا كە دانوستان لەگەڵ حكومەتی ناوەندی عێراق نەكەن، بەڵام ڕێگریشی لێدەكردن كە هێرشێكی بەرفراوان‌و گشتگیر بكەن. بەپێی ڕاپۆرتەكەی پایك سیاسەتی ئەمەریكا لەوكاتەدا ئەوە بووە "كارە سەربازییەكان بە ئاستێك بەردەوام بێت كە بەس بێت بۆ لاوازكردنی سەرچاوەكانی دراوسێی وڵاتە هاوپەیمانەكەمان" كە مەبەست لێی ئێران بووە.

 

كیسنجەر ڕاپۆرتەكەی پایك-ی بەهەموو شێوەیەك ڕەتكردەوەو بە "كۆمەڵێك شێواندن و درۆ" ناوی برد، كاتێكیش لەبەردەم كۆنگرێسدا پرسیاری لێكرا لەو بارەیەوە، وتی"نابێت كاری نهێنی تێكەڵبكرێت لەگەڵ ئەركی خێرخوازیدا."