گۆڕان چاوەڕوانی وەڵامی نێچیرڤان بارزانییە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن

04-09-2018 02:46
پێشوازی عومەری سەید عەلی لە نێچیرڤان بارزانی/ 4-9-2018. وێنە؛ بڕیار نامیق.

 

پەرەگراف

 

بزووتنەوەی گۆڕان بە فەرمی داوای دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی خستەبەردەم نێچیرڤان بارزانی‌و چاوەڕوانی وەڵامە، گۆڕان لەسەر بنەمای ئەو وەڵامە بڕیار دەدات بەشداربێت لە هەڵبژاردن یان هەڵوێستێكی دیكەی هەبێت.

 

داواكارییەكە ئەمڕۆ لە كۆبوونەوەی باڵای گۆڕان‌و پارتی خراوەتەڕوو كە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت سەرۆكایەتی شاندی پارتی كرد، ئەوە لەكاتێكدایە هێشتا پارتی سوورە لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا كە 30-9یەو بڕیارە سبەینێ هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێبكات.

 

دوای ماوەیەكی زۆر دابڕان‌و لەیەك دووری، ئەمڕۆ پارتی‌ بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی و گۆڕان بە سەرۆكایەتی عومەری سەید عەلی لە ماڵی نەوشیروان مستەفا لە سلێمانی كۆبوونەوە، پەیوەندیی دوو قۆڵی نێوانیان‌و هەڵبژاردنی كوردستان‌و پێكهێنانی حكومەتی عێراقیان تاوتوێ كرد.

 

دوای كۆبوونەوەكە شۆڕش حاجی وتەبێژی گۆڕان‌و مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەیان خستەڕوو.

 

گۆڕان كە پێشتریش ڕایگەیاندووە لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندایە، لە كۆبوونەوەكەدا پاساوەكانی دواخستن‌و نیگەرانییەكانی خۆی خستووەتەبەردەم شاندەكەی پارتی، شۆڕش حاجی دەڵێت"ڕاشكاوانە پێمان وتن كۆمەڵێك هۆكارهەن كە كەشوهەوای هەڵبژاردن گونجاو نیە."

 

وتەبێژەكەی گۆڕان ئاماژەی بە نیگەرانیی خەڵك كرد لە دۆخی ئابوری‌و سیاسی‌و باسیلەوەكرد هێشتا نیگەرانییەكانی ئەوان نەڕەویوەتەوە لە "ساختەكاریی" هەڵبژاردنەكەی 12-5 ‌و دورنییە لە هەڵبژاردنی كوردستان ڕێژەی بەشداریی خەڵك كەم بێت، وتیشی"بەپێی زانیاریی ئێمە تائێستا تۆماری دەنگدەران بەوشێوەیە پاكنەكراوەتەوە كە هەڵبژاردنێكی پاك‌و بێگەرد ئەنجام بدەین."

 

شۆڕش حاجی ئەوەشی خستەڕوو، بزووتنەوەكەیان چاوەڕوانی وەڵامی پارتی‌و نێچیرڤان بارزانی دەكات دەربارەی دواخستنی هەڵبژاردن، لەوەڵامی ئەوەی بەشداری لە هەڵبژاردن دەكەن یاخود بایكۆتی دەكەن؟ وتی"بڕیاری بزوتنەوەی گۆڕان بڕیاری جڤاتی نیشتمانییە، لە چەند ڕۆژی ئایندەدا جڤاتی نیشتمانی كۆدەبێتەوەو دوای خستنەڕووی بیروڕای ئێمە بۆ برایانی پارتی‌و بۆ كاك نێچیرڤان وەك سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران كە وەڵامەكەمان وەرگرت لەسەر بنەمای وەڵامەكەی ئەوان‌و ئامادەیی ئەوان بۆ وەرگرتنی ئەم هەڵوێستەی ئێمە، جڤاتی نیشتمانی بڕیاری ئەوە دەدات كە ئێمە بەشداری هەڵبژاردن دەكەین یان هەڵوێستێكی دیكەمان دەبێت."

 

 

كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی‌و گۆڕان لە ماڵی نەوشیروان مستەفا. وێنە؛ بڕیار نامیق.

 

بە پێچەوانەی وتەكانی وتەبێژەكەی گۆڕان، وتەبێژی پارتی پێیوایە بارودۆخ گونجاوە بۆ هەڵبژاردن‌و تائێستا هەڵوێستی ئەوان گۆڕانكاریی بەسەردا نەهاتووە بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەكە لە وادەی خۆیدا.

 

مەحمود محەمەد كە بە گرنگییەوە باسیلە پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان پارتی‌و گۆڕان كرد، وتیشی"هەموو هەنگاوەكانی كە هەڵبژاردن لە 30-9 دەكرێت دەستمان پێكردووە‌و ئەو كارانەی پێویستە ئەنجاممانداوە، لەكاتی خۆیدا بكرێت سوودی هەموولایەكی دەبێت‌و كەشوهەواكە لە هەموو ڕوویەكەوە لەبارە."

 

وتەبێژەكەی پارتی وتیشی"تەفەهومی بۆچوون‌و دیدەكانی گۆڕان دەكەین‌و بڕیارمانداوە یەكتربینینمان زیاتربێت لە داهاتوودا یەكتر دەبینین‌و ئەو ماوەیەی لێكدوربووین زیانی هەبووە."

 

حزبە ناڕازییەكان كە گۆڕان یەكێكە لەوان، داوای گەرەنتی هەڵبژاردنێكی پاك دەكەن بۆ پەرلەمانی كوردستان، بۆئەوەش چەندین سەرنج‌و پێشنیاریان ئاڕاستەی كۆمسیۆن كردووەو تانەیان لە تۆماری دەنگدەران داوە، كۆمسیۆن وەڵامی داونەتەوە، بەڵام وەڵامەكان ڕازیكەر نین بۆ ئەوان، تائێستا هاوپەیمانییەكەی بەرهەم ساڵح بەفەرمی ڕایگەیاندووە بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ناكات لە 30-9.

 

كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی نێوان پارتی‌و گۆڕان دوای ماوەیەكی درێژدێت لە نەبوونی پەیوەندیی نێوان ئەو دوو حزبە بەهۆی كێشەكانی نێوانیانەوە كە ناوەڕاستی ساڵی 2015 سەریان هەڵداو لە 12ی ئۆكتۆبەری ئەو ساڵەدا پارتی ڕێگریی لە د.یوسف محەمەد سەرۆكی پەرلەمان كرد بچێتەسەر كارەكەی‌و وەزیرەكانی گۆڕانی لە حكومەت دورخستەوە.

 

پارتی‌و گۆڕان ئەمڕۆ بڕیاریانداوە پەیوەندییەكانیان ئاسایی بكەنەوەو دیدارو گفتوگۆ هەبێت لە نێوانیاندا، بۆئەوەش وتەبێژەكەی پارتی وتی"ڕەنگە لیژنەی هاوبەش لە نێوان هەردولامان دیاریبكرێت بۆ زیاتر لێك نزیك بوونەوەو زانینی بیروڕای یەكتر."

 

مەحمود محەمەد باسیلەوەشكرد، لەگەڵ گۆڕان لەسەر خاڵی زۆر گەورەو بەرژەوەندی نیشتمانی كێشەیان نییەو لەسەر چۆنێتی سیاسەتكردن لە كوردستان ڕەنگە وەكو یەك نەبن، ئەوەشی بە شتێكی ئاسایی ناوبرد.

 

بەپێی یاسا دەبێت چوار ساڵ جارێك هەڵبژاردن لەهەرێمی كوردستان ئەنجامبدرێت‌و ڕۆژی 21-9-2013 هەڵبژاردن بۆ خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامدراو 21-9-2017 چوار ساڵ بەسەر ئەو وادەیەدا تێپەڕی، هەروەها 6-11-2017 چوارساڵ بەسەر یەكەم دانیشتنی خولی چوارەمی پەرلەماندا تێپەڕی.

 

لە دوای ئەو ڕێكەوتەوە ماوەی یاسایی ئەم خولەی پەرلەمان كۆتایی دەهات، بەڵام بەرلەو ڕێكەوتەو لە 24-10-2017 پەرلەمان تەمەنی خۆی بۆ دوو وەرز درێژكردەوە(8 مانگ) هەڵبژاردنی دواخست.

 

گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی بەشداریی كۆبونەوەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانیان نەكرد، یەكگرتووی ئیسلامیش دەنگی بە پڕۆژەكە نەداو پێی باش بوو 3 بۆ 6 مانگ تەمەنی پەرلەمان درێژ بكرێتەوە، پارتی‌و یەكێتی‌و حزبە بچووك‌و كەمینەكان پڕۆژەكەیان تێپەڕاند.