هەڵوێستی كۆتایی پارتی‌و یەكێتی دەربارەی دواخستنی هەڵبژاردن

05-09-2018 06:07
مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی - كۆسرەت ڕەسوڵ، جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی.

 

پەرەگراف

 

پارتی‌و یەكێتی هەڵوێستی كۆتایی خۆیان ڕاگەیاند دەربارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە بڕیارە لە 30-9 ئەنجامبدرێت، ئەو دوو حزبە تەئكید لەوەدەكەنەوە لە كاتی خۆیدا پڕۆسەكە بەڕێوەدەچێت‌و دواناخرێت.

 

هەرچەندە بڕیارە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێبكات، بەڵام هێشتا دەنگۆكانی دواخستنی خودی پڕۆسەكە بەهێزن‌و بەشێكن لە گفتوگۆی كۆبوونەوە حزبییەكان.

 

ئەوپرسە بەشێك بووە لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی‌و دوای كۆبوونەوەكە ئەو حزبە دواین هەڵوێستی خۆی لەوبارەیەوە ڕاگەیاند.

 

ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت"سەبارەت بە هەڵبژاردنی كوردستان، یەكێتی، بڕیارو سیاسەتی دیموكراسی ئەوەیە، هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا و دوور لە گومان‌و نیگەرانیەكان، ئەنجامبدرێ‌. بۆ ئەنجامدانیشی، تەواوی ئامادەكاریەكانی سازداوە."

 

ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی ئەوەشدەخاتەڕوو، ئەگەر زۆربەی لایەنە سیاسیەكان، لەڕێی كۆمسیۆنەوە، پەیامی ڕوونی خۆیان بگەیەننە سەرۆكایەتی حكومەت‌و بە ڕەسمی، حكومەت، پەیامەكە بگەیەنێتە پەرلەمان‌و پەسەندی داوخستنی هەڵبژاردن بكرێ‌ت، "یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش، پەسەندی دەكات."

 

هەر ئەمڕۆ هێمن هەورامی سەرۆكی لیستی پارتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كۆتای هەڵوێستی حزبەكەی ئاشكرا كرد كە ئەنجامدانی پڕۆسەكەیە لە وادەی خۆیدا.

 

هەورامی لە میانی وتارێكیدا بۆ ئەندام‌و لایەنگرانی حزبەكەی لە كەورگۆسك كە كەناڵی ڕووداو بەشێكی گواستەوە، سەرسوڕمانی حزبەكەی خستەڕوو لەبارەی ئەو لایەنانەی داوای دواخستنی هەڵبژاردن دەكەن.

 

"بڕیاری كۆتایی پارتی ئەوەیە 30-9 هەڵبژاردن دەكرێت بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ" هێمن هەورامی وای وت، ئەوەشی خستەڕوو، پارتی نایەوێت‌و ناشتوانێت دوای هەڵبژاردن بە تەنها حكومەتی نوێی هەرێم پێكبهێنێت.

 

هێمن هەورامی پرسیاری ئەوەی ئاڕاستەی ئەو لایەنانەكرد كە داوای دواخستنی هەڵبژاردن دەكەن، "بۆچی سەرەتا لیستی ناوی كاندیدەكانیان پێشكەش كردووەو ئامادەییان پیشانداوە بۆ هەڵبژاردن؟ ئەگەر ئێستاش لە ڕووی سیاسییەوە دەیانەوێت هەڵبژاردن دوابخرێت بۆچی ئەو داوایە لە پەرلەمان ناكەن خۆپارتی 38 كورسی هەیە لە پەرلەمان."

 

دەربارەی پاساوێكی ئەو حزبانەی دەیانەوێت هەڵبژاردن دوابخرێت‌و باسلە بێزاریی خەڵك دەكەن، هێمن هەورامی ئەوەی بە "لۆژیكێكی سەیرو سەمەرە" ناوبرد، باسیلەوەكرد حزبێك خۆی بە ئۆپۆزسیۆن بزانێت كاتێك بزانێت خەڵك بێزارە داوای هەڵبژاردن دەكات نەك دواخستنی.

 

ئەو هەڵوێستانەی پارتی‌و یەكێتی دوای ئەوەدێت لە كۆبوونەوەی دوێنێی نێوان پارتی‌و گۆڕان، گۆڕان بە فەرمی داوای دواخستنی هەڵبژاردنی خستەبەردەم نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت‌و چاوەڕوانی وەڵامە، گۆڕان لەسەر بنەمای ئەو وەڵامە بڕیار دەدات بەشداربێت لە هەڵبژاردن یان هەڵوێستێكی دیكەی هەبێت.

 

حزبە ناڕازییەكان داوای گەرەنتی هەڵبژاردنێكی پاك دەكەن بۆ پەرلەمانی كوردستان، بۆئەوەش چەندین سەرنج‌و پێشنیاریان ئاڕاستەی كۆمسیۆن كردووەو تانەیان لە تۆماری دەنگدەران داوە، كۆمسیۆن وەڵامی داونەتەوە، بەڵام وەڵامەكان ڕازیكەر نین بۆ ئەوان، تائێستا هاوپەیمانییەكەی بەرهەم ساڵح بەفەرمی ڕایگەیاندووە بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ناكات لە 30-9.

 

بەپێی یاسا دەبێت چوار ساڵ جارێك هەڵبژاردن لەهەرێمی كوردستان ئەنجامبدرێت‌و ڕۆژی 21-9-2013 هەڵبژاردن بۆ خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامدراو 21-9-2017 چوار ساڵ بەسەر ئەو وادەیەدا تێپەڕی، هەروەها 6-11-2017 چوارساڵ بەسەر یەكەم دانیشتنی خولی چوارەمی پەرلەماندا تێپەڕی.

 

لە دوای ئەو ڕێكەوتەوە ماوەی یاسایی ئەم خولەی پەرلەمان كۆتایی دەهات، بەڵام بەرلەو ڕێكەوتەو لە 24-10-2017 پەرلەمان تەمەنی خۆی بۆ دوو وەرز درێژكردەوە(8 مانگ) هەڵبژاردنی دواخست.

 

گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی بەشداریی كۆبونەوەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانیان نەكرد، یەكگرتووی ئیسلامیش دەنگی بە پڕۆژەكە نەداو پێی باش بوو 3 بۆ 6 مانگ تەمەنی پەرلەمان درێژ بكرێتەوە، پارتی‌و یەكێتی‌و حزبە بچووك‌و كەمینەكان پڕۆژەكەیان تێپەڕاند. ئێستاش ئەگەر هەڵبژاردن دوابخرێت دەبێت جارێكی دیكە پەرلەمان تەمەنی خۆی درێژ بكاتەوە.