ڤینیسیاكەی ڕۆژهەڵات؛ لە ئوتێلی هەوربڕەوە بۆ نەبوونی ئاوی خواردنەوە

06-09-2018 05:58
خۆپیشاندەرانی بەسرە هەوڵدەدەن بچنە ناو بینای پارێزگای شارەكە/ 4-9-2018. وێنە؛ ئەی پی.

 

پەرەگراف- ڕێنوار نەجم

 

بەسرە، ئەو شارەی ڕۆژگارێك بەهۆی قەشەنگی و سەرنجڕاكێشییەوە نازناوی ڤینیسیای ڕۆژهەڵاتی هەڵگرتبوو، ئێستا سەختترین ڕۆژگارەكانی خۆی بەڕێدەكات و لەبری ئاوی سازگار، خوێیاو لە بەلوعەی ماڵەكانەوە دێتەدەرەوەو تاریكیی باڵی بەسەر شارەكەدا كێشاوە، كاتێكیش خەڵكەكەی ناڕەزایی لە دۆخی خۆیان دەردەبڕین، لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەكوژرێن.

 

هەركات ئامار و ڕاستییەكان قسە دەكەن، دەبێت دانیشتوانی بەسرە یەكێك بن لە خۆشگوزەرانترین دانیشتوانی ناوچەكە، بەوپێیەی ئەو شارە مێژووییە تاكە دەروازەی ئاویی هەموو عێراقە، لەوێ لەسەدا 80ی نەوتی عێراق بەرهەم دەهێندرێت و لە بەندەرەكەشیەوە ڕەوانەی بازاڕەكانی جیهان دەكرێت، بەسرە خاوەنی گەورەترین دەروازەی سنووریی عێراقە بەڕووی ئێراندا، سەرەڕای ئەوانەش، شارەكە لە سەرەتاییترین خزمەتگوزارییەكانی بێبەشە.

 

لە ساڵانی شەست‌و حەفتاكانی سەدەی ڕابردوو تا سەرەتای دەستپێكردنی شەڕی نێوان عێراق-ئێران، بەسرە یەكێك بوو لە شارە گەشتیارییەكان و لەسەرتاسەری عێراق و وڵاتانی ناوچەكەوە گەشتیار ڕووی تێدەكرد، بەڵام ئێستا سەرچاوەكانی ئاوی ئەو شارە لەگەڵ زێرابەكاندا تێكەڵبوون و پاشەڕۆكان لەسەر شەقامەكان كەوتوون و چیتر شارەوانی فریای كۆكردنەوە و خاوێنكردنەوەی ناكەوێت.

 

"ڕابردووی بەسرە لە ئێستای باشترە، بۆ هەموو ئەو كەسانەی لە حەفتاكان و هەشتاكان پێش دەستپێكی شەڕی ئێران-عێراق سەردانیان كردووە، بەسرە شارێكی جوان بوو" جەبار سەعیدی، سەرۆكی لیژنەی ئەمنیی بەسرە وادەڵێت.

 

بەسرە لە ساڵانی حەفتای سەدەی ڕابردوو.

 

دۆخی سەختی ژیان لەو شارە، وای لە دانیشتوانی بەسرە كرد بۆ دووەم جار لەماوەی دوو مانگدا بەچڕی دەستبكەن بە خۆپیشاندان و ژمارەیەك دامودەزگای حكومیی بسوتێنن‌و تائێستا شەپۆلی ناڕەزاییەكانیان بەردەوامە، لەبەرامبەریشدا هێزە ئەمنییەكان چەندین خۆپشاندەریان بە گوللە كوشتووە.

 

لە نوێترین ئاماردا دەستەی مافی مرۆڤی عێراق ڕایگەیاند، لە خۆپیشاندانەكانی چەند ڕۆژی ڕابردووی بەسرە، 9 كەس كوژراون و زیاتر لە 90 كەسی دیكەش برینداربوون، هاوكات موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر و سەرۆكی هاوپەیمانی سائیروون كە براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەكانی مانگی 5ی پەرلەمانی عێراق بوو، لەبارەی دۆخی بەسرەوە سێ ڕۆژ مۆڵەتی دایە حكومەتی عێراق‌و ئەمڕۆ وتی"ئارامگرتنم كۆتاییهات."

 

بەسرە یەكەمین شار بوو كە لەساڵی 2003 ئەمەریكا و بەریتانیا و وڵاتانی هاوپەیمانان لە شەڕی دژی ڕژێمی بەعسدا كۆنتڕۆڵیان كرد، تا ساڵی 2007 هێزە بەریتانییەكان لە شارەكەدا بوون و دواتر ڕادەستی هێزە عێراقییەكان كرایەوە و گەشەی ئابووری لەو شارە دەستیپێكرد.

 

كاتێك كۆمپانیا نەوتییەكان دەستیان بەكارەكانیان كردەوە لە كێڵگە نەوتییەكانی بەسرە كە خاوەنی زیاتر لە 200 ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگە، چەندین پڕۆژەی گەورە پێشنیاركران بۆ ئەو شارە، لەنێویاندا پڕۆژەی بەرزترین باڵەخانەی جیهان، تیمی AMBS كە تایبەتن بە دیزاینی تاوەرو باڵەخانە بەرزەكانی جیهان، پڕۆپۆزەڵێكیان پێشكەشكرد بۆ دروستكردنی باڵەخانەیەكی هەوربڕی هەزار و 152 مەتریی لە بەسرە، كە ئەگەر دروستبكرایە، بەرزیی تاوەری شانشینی لە شاری جددەی سعودییەو بورجی خەلیفەی شاری دوبەی تێدەپەڕاند. بەڵام بەهۆی سەرهەڵدانی داعش و قەیرانی ئابووری لە عێراق، ئەو پڕۆژەیە نەچووە بواری جێبەجێكردنەوە.

 

دیزاینی پڕۆژەی ئوتێلێكی هەور بڕ كە بڕیاربوو لە بەسرە دروست بكرێت.

 

بین لاندۆ، بەڕێوەبەری بڵاوكراوەی عێراق ئۆیل ڕیپۆرت، ئاماژە بۆئەوە دەكات، لەگەڵ سەرهەڵدانی داعشدا پارێزگای بەسرە لەچەندین بوارەوە پاشەكشەی كردووە هەرچەندە چەكدارەكانی ئەو ڕێكخراوە هەرگیز لە باشوری عێراق نزیك نەبوونەوە، ئەو دەڵێت"پێویستبوو هێزەكان بكشێنەوە و بنێردرێن بۆ باكور، ئەوەش بووەهۆی پاشەكشە لە دامەزراوە ئەمنییەكانی بەسرەدا."

 

لەگەڵ نەمانی كۆنتڕۆڵێكی ئەمنی تونددا، گروپە چەكدارەكان دەركەوتنەوەو شەپۆلێكی فراوانی فڕاندن، دزی و بازرگانی ماددە هۆشبەرەكان لە بەسرە دەستیان پێكرد. هاوكات خێڵەكانی پارێزگاكە كەوتنە ململانێ لەناو خۆیاندا، ئەو خێڵانە لە سەردەمی ڕژێمی بەعسەوە لە قاچاخچێتی نەوتەوە تێوەگلابوون‌و پارەیان لە كۆمپانیا نەوتییەكان وەردەگرت بەبیانووی ئەوەی بۆرییە نەوتییەكان بە زەوییەكانی ئەواندا دەڕۆن. لە ئێستاشدا خێڵەكان كە بە چەكی قورس چەكدارن، لەنێو خۆیاندا شەڕ دەكەن و لە ململانێدان بۆ وەرگرتنی پارە لە كۆمپانیا تازەكان كاتێك سەرقاڵی دەرهێنان و پاڵاوتنی نەوتن لەو ناوچانە.

 

"كاتێك كۆمپانیایەك دەیەوێت لە ناوچەیەكی دیارییكراودا وەربەرهێنان بكات و ناوچەكە بۆ چەندین ساڵ فەرامۆش كراوە، دوو خێڵ دێن و بانگەشەی خاوەندارێتی موڵكەكە دەكەن و شەڕ هەڵدەگرسێت، بەو هۆیەشەوە كۆمپانیاكە ناتوانێت ئیش بكات" یاروب مەحمودیە سەرۆكی لیژنەی چارەسەری ململانێ خێڵەكییەكان لە بەسرە وادەڵێت.

 

شەڕی دژ بە داعش و دابەزینی نرخی نەوت، كاریگەریی زۆری لەسەر بەسرە هەبوو، ئەو پارێزگایەی ڕۆژانە 3 ملیۆن‌و 700 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت، چیتر هیچ بڕە پارەیەكی پیترۆ دۆلاری لە حكومەتی فیدراڵ وەرنەگرت.

 

"ئێمە دەبوایە بۆ هەموو بەرمیلێك نەوتی خاو پێنج دۆلار و بۆ هەموو بەرمیلێك نەوتی پاڵێوراو پێنج دۆلار، هاوكات بۆ هەموو 150 مەتر سێجا گاز پێنج دۆلارمان وەربگرتایە، جگە لەوانەش دەبوو نیوەی پارەی ڕسوماتی سنورەكان بۆ ئێمە بوایە" عەلی شەداد سەرۆكی لیژنەی نەوت و گازی ئەنجومەنی پارێزگای بەسرە وادەڵێت.

 

هەروەها جەختدەكاتەوە، لە ناوەڕاستی 2015وە هیچ بڕە پارەیەكی پترۆ دۆلاریان وەرنەگرتووەو حكومەتی فیدراڵ پێیان دەڵێت پارەیان نییە بۆ ئەو مەبەستە.

 

بەوتەی ئەو سەرۆك لیژنەیە، شارەوانی بەسەرە ناتوانێت پارەی فەرمانبەرەكانی بدات‌و نزیكەی 700 پڕۆژە لە نێویاندا دروستكردنی قوتابخانە، نەخۆشخانەو ژێرخان وەستێنراون.

 

دۆخی خراپی شارەكە خەڵكی بەسرەی هێناوەتە سەر شەقام، دروشمی خۆپیشاندەران دژایەتی گەندەڵی‌و باشكردنی خزمەتگوزاری بەتایبەت كارەباو ئاو ‌و ڕەخساندنی هەلی كارە، لە چەند ناوچەیەك خۆپیشاندەرانی توڕە پەلاماری دامودەزگای حكومییانداوە، هەرچەندە هێزی ئەمنیی بە تەقەكردن ڕوبەڕویان بوونەتەوە، بەڵام هێشتا دۆخەكە لە ژێر كۆنتڕۆڵیاندا نییەو خۆپیشاندان بەردەوامە.