وردەكاریی مووشەكبارانی بارەگاكانی حدك‌و حدكا لە كۆیە لەلایەن ئێرانەوە

08-09-2018 03:05
ئاسەواری بۆردومانەكەی ئێران بۆسەر بارەگای دیموكرات لە كۆیە.

 

پەرەگراف

 

ئێران هێرشی مووشەكیی كردەسەر بارەگاكانی حدك‌و حدكا لە كۆیە، هێرشەكە شەهیدو برینداری لە هەردوو حزب لێكەوتەوەو حكومەتی هەرێم ئیدانەی دەكات.

 

هێرشەكە كاتژمێر 10:30 خولەكی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ئەنجامدراوەو بۆ ماوەی 40 خولەك ناو بە ناو بەردەوام بووە، لەگەڵ ئاڕاستەكردنی مووشەك بۆسەر بارەگاكانی ئەو دوو حزبە، هاوكات فڕۆكەی بێفڕۆكەوان لە ئاسمانی شاری كۆیە بینراون.

 

هێرشەكە لە كاتێكدابووە حزبی دیموكراتی كوردستان(حدك) لە كۆبوونەوەی فراوانی حزبییدا بووە كە سەركردایەتی‌و بەرپرسانی باڵای حزبەكە تێیدا بەشداربوون، مووشەكەكان بارەگای كۆبوونەوەكەیان كردووەتە ئامانج، هێشتا ئاماری فەرمیی لەبەردەستدا نییە، بەڵام بەوتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار بۆ پەرەگراف "نزیكەی 10 كەس لە سەركردایەتی حدك لە نێو شەهیدو بریندارەكاندان."

 

هاوكات هەریەكە لە مستەفا مەولودی سكرتێری ئێستای حزبی دیموكراتی كوردستان‌و خالید عەزیزی سكرتێری پێشوی ئەو حزبە برینداربوون‌و چارەسەری پێویستیان بۆكراوە.

 

 

مستەفا مەولودی سكرتێری ئێستای حدك ‌و خالید عەزیزی سكرتێری پێشوی ئەو حزبە لە نەخۆشخانە.

 

دەفتەری سیاسیی حدك، لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت"بنكەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموكراتی كوردستان، لە كاتی بەڕێوەچوونی پلینۆمی كۆمیتەی ناوەندیدا كەوتە بەر هێرشی مووشەكی و هەوایی كۆماری ئیسلامیی ئێران. لە كاتی ئەو هێرشە و بە دوای ئەو هێرشە دا، فڕۆكەی بی سەرنشین بە ئاسمانی كۆیەدا خولاوەتەوە. هەر دوا بە دوای هێرشە مووشەكییەش بۆ سەر سكرتاریای حیزب، قەڵای دیموكرات كەوتە بەر هێرشی چەندین مووشەكی دیكە."

 

حدك دەشڵێت"بە داخەوە ژمارەیەك لە تێكۆشەرانی حیزب بەهۆی ئەم هێرشەوە، شەهید و بریندار بوون."

 

هاوكات فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان سەربە(حدكا) ڕاگەیەندراوێكی لەبارەی هێرشەكەوە بڵاوكردووەتەوەو دەڵێت"كۆماری تێرۆریستیی ئیسلامیی ئێران لە ڕێگەی فڕۆكە و مووشەك بنكە و كەمپەكانی حیزبی دێموكراتی كردە ئامانج و زۆر بە چڕی و بەربڵاوی بۆردوومانی كرد."

 

حدكا ئاماری شەهیدو بریندارەكانیانی بەهۆی ئەو هێرشەوە ڕاگەیاندووە كە 2 شەهیدو 3 بریندارن، دەشڵێت"ئەو كردەوە تێرۆریستییەی كۆماری ئیسلامیی بەزاندنی سەروەریی خاكی هەرێمی كوردستانە داوا لە بیروڕای گشتی دەكەین پێش بە پێشێلكارییەكانی ڕێژیمی دژی گەلیی كۆماری ئیسلامی بگرێت."

 

 

بریندارانی بۆردومانەكەی ئێران.

 

بارەگای سەرەكی‌و بەرپرسانی باڵای حزبەكانی ڕۆژهەڵات لە هەرێمی كوردستانن‌و حدك‌و حدكا لە كۆیەن، ئەو دوو حزبە خاوەنی هێز چەكدارن‌و كارو چالاكیی سەربازیی‌و سیاسییان لە ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی كوردستان هەیە.

 

بۆردومانی بنكەی سەرەكیی ئەو حزبانە لە كۆیە، هاوكاتە لەگەڵ تۆپبارانی بارەگاكانیان لە شاخەكانی سەر سنوری نێوان ڕۆژهەڵات‌و باشوری كوردستان لەلایەن تۆپخانەكانی ئێرانەوە.

 

بۆردومانەكە كاردانەوەی فراوانی لێكەوتەوەو حكومەتی هەرێم‌و حزب‌و لایەنەكان ئیدانەیان كرد، سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەبەوەدەكات بۆمبارانەكە لەلایەن ئێرانەوە بووە.

 

"وێڕای ئیدانەكردنی ئەو بۆمبارانە، دووپاتی ناڕەزایەتیی خۆمان لە بەكارهێنانی خاكی هەرێمی كوردستان بۆ هێرشكردنە سەر وڵاتانی دراوسێ دەكەینەوە كە بە هیچ شێوەیەك قبووڵكراو نییە و دەبێتە هۆی تێكدانی ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان، بۆیە داواكارین دووبارە نەبێتەوە، ڕێز لە یاساكانی هەرێمی كوردستان بگیریت و هەرێم نەكرێتە گۆڕەپانیی یەكلاكردنەوەی ململانێكان" حكومەتی هەرێم وادەڵێت.

 

سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران ئەوەشدەخاتەڕوو، ئەركی خۆی بۆ هاوكاریكردنی لێقەوماوان جێبەجێ دەكات‌و تیمەكانی فریاگوزارییان ڕاسپاردووە بە هەموو توانایەكی خۆیانەوە فریای زیانلێكەوتووان و خەڵكی سڤیلی ناوچەكە بكەون.