ڕامین حسێن پەناهی، زانیارو لوقمان مورادی لەلایەن ئێرانەوە لە سێدارە دران

08-09-2018 04:16
ڕامین حسێن پەناهی - لوقمان مورادی - زانیاری مورادی.

 

پەرەگراف

 

ڕامین حسێن پەناهی، زانیار مورادی و لوقمان مورادی سێ چالاكوانی كورد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەلایەن كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە سێدارە دران.

 

ئەو سێ چالاكوانە چەند ڕۆژێك لەمەوبەر گواسترابوونەوە بۆ زیندانی ڕەجایی شاری كەرەج بۆ جێبەجێ كردنی حوكمی سێدارەیان، بنەماڵەی ئەو زیندانییانە پێشتر داوای بە هاناوەچوون‌و فشار دروستكردنیان كرد بۆ ڕێگریی لە جێبەجێكردنی حوكمەكانیان، بەڵام سزاكە جێبەجێ كرا.

 

"ئەی هەرەس بە ماڵم رامین لە سێدارە درا" ئەمە كاردانەوەی ڕەفیق حسێن پەناهییە لە هەژماری خۆی لە فەیسبوك، دوای ئاگادار كردنەوەی بە لە سێدارەدانی ڕامینی برای.

 

هاوكات ئەمجەد حسێن پەناهی، برای ڕامین لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە سلێمانی ڕایگەیاند، دوای لە سێدارەدانی ڕامین، تەرمەكەییان ڕادەستی بنەماڵەكەی نەكردووەتەوە.

 

"ڕامین 14 شەو بوو مانی لە خواردن گرتبوو دەمی خۆی دوریبووەوەو چەند شەوێك لەمەوبەر لەژێر فشاردا كە مانگرتنەكەی بشكێنێت دەستیان شكاندبوو، لە بارودۆخێكی جەستەیی زۆر نالەباردا بە تەنافدا هەڵیانواسی" ئەمجەد وای وت.

 

ئەو برایەی ڕامین گلەیی بنەماڵەكەی لە كاربەدەستانی حزبی‌و حكومی هەرێمی كوردستان كرد، وتی"پەرلەمانی كوردستان‌و سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێم ئەگەر تەداخولی بكردایە دەیانتوانی حوكمی ڕامین ڕابگرن."

 

ئەمجەد حسێن پەناهی ئەوەی بەبیر هێنایەوە ساڵانی ڕابردوو مام جەلال توانیویەتی چالاكێكی كورد بەناوی حەبیبوڵا لەتیفی لە پەتی سێدارە ڕزگاربكات، ناوبراو ئێستا لە ژیاندایە.

 

ڕامین هاوینی ساڵی ڕابردوو لە سنە دەستگیركراوە، تۆمەتی هەڵگرتنی چەك‌و كاركردن دژی ئاسایشی نیشتمانی ئێران، ئەندامێتی لە حزبی كۆمەڵەی ئێران دراوەتە پاڵی، بەڵام بنەماڵەكەی بەردەوام ئەو تۆمەتانەیان ڕەتكردووەتەوە.

 

لەگەڵ لە سێدارەدانی ڕامین، زانیارو لوقمان مورادی دوو چالاكی دیكەی كورد لە هەمان زیندانی ڕەجایی شاری كەرەج لە سێدارە دران، هەرچەندە بنەماڵەكانیان ئاگادار نەكران لە جێبەجێكردنی سزاكە، بەڵام ئاژانسی فارس نیوز كە سەربە سوپای پاسدارانە هەواڵەكەی بڵاوكردووەتەوە.

 

زانیار مورادی و لوقمان مورادی هاوڕێی یەكترن‌و خەڵكی مەریوانن، ساڵی 2009 لەلایەن ئێرانەوە دەستگیركراون‌و بەتۆمەتی هەوڵدان دژی ئاسایشی نیشتمانی‌و ئەندامێتی كۆمەڵەو "تیرۆركردنی'' كوڕی پێشنوێژی مەریوان، هەروەها سیخوڕیكردن بۆ بەریتانیا، بڕیاری لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا، بنەماڵەی زانیارو لوقمان ئەو تۆمەتانە ڕەتدەكەنەوە.

 

دوو مانگ لەمەوبەریش ئیقبال مورادی باوكی زانیار مورادی‌و مامی لوقمان مورادی لە پێنجوێن "تیرۆر"كراو دواتر تەرمەكەی دۆزرایەوە، لەسەر ئەو ڕووداوەش حزبەكانی ڕۆژهەڵات‌و ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ پەنجەی تۆمەتیان بۆ ئێران ڕاكێشا.

 

لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا دایكی هەریەكە لە ڕامین حسێن پەناهی‌و زانیار مورادی، لە دوو گرتەی ڤیدیۆییدا باسیان لە ڕەوشی خراپی كوڕەكانیان كرد، هەروەها داوایان لە چالاكوانان‌و ڕێكخراو و لایەنەكان كرد بە هانایانەوە بچن‌و كوڕەكانیان لە پەتی سێدارە ڕزگار بكەن.

 

پەیامی دایكی ڕامین بۆ ڕێگریی لە سزای سێدارەی كوڕەكەی.

 

پەیامی دایكی زانیار بۆ ڕێگریی لە سزای سێدارەی كوڕەكەی.

 

لە سێدارەدانی ڕامین، زانیارو لوقمان لە كاتێكدابوو ئێران هێرشی مووشەكیی كردەسەر بارەگاكانی حزبی دیموكراتی كوردستان(حدك)‌و حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران(حدكا) لە كۆیە.

 

هێرشەكە كاتژمێر 10:30 خولەكی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ئەنجامدراوەو بۆ ماوەی 40 خولەك ناو بە ناو بەردەوام بووە، لەگەڵ ئاڕاستەكردنی مووشەك بۆسەر بارەگاكانی ئەو دوو حزبە، هاوكات فڕۆكەی بێفڕۆكەوان لە ئاسمانی شاری كۆیە بینراون، هێرشەكە شەهیدو برینداری لە هەردوو حزب لێكەوتەوە.