سوپای پاسداران ڤیدیۆو زانیاریی ورد لەبارەی مووشەكبارانەكەی كۆیە بڵاودەكاتەوە

09-09-2018 04:05
یەكێك لەو مووشەكانەی ئاڕاستەی بارەگای دیموكرات كراوە لە كۆیە/ وێنەكەی لە ڤیدیۆی مووشەكبارانەكە وەرگیراوە.

 

پەرەگراف

 

سوپای پاسدارانی ئێران بە فەرمی بەرپرسیارێتی خۆی لە مووشەكبارانی بارەگاكانی دیموكرات لە كۆیە ڕاگەیاندو هەڕەشەی وەشاندنی گورزی تووندتر دەكات، هێرشەكە بە 7 مووشەكی زەمین بە زەمین‌و بەشداریی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان ئەنجامدراوە.

 

مووشەكەكان لە جۆری ( فاتیح 110- B) بوون كە دروستكراوی ئێرانەو تائێستا چوار نەوەی بەرهەم هاتووەو وردە لە پێكانی ئامانجەكەیدا، هەروەها ئێران ئەو جۆرە مووشەكەی داوەتە سوریاو لە شەڕی ناوخۆی ئەو وڵاتەشدا بەكارهاتووە.

 

هێرشەكە بەرەبەیانی دوێنێ ئەنجامدراو بارەگای حزبی دیموكراتی كوردستان(حدك)‌و حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران(حدكا) یان لە كۆیە كردە ئامانج، هێرشەكە لەكاتێكدابوو حدك لە كۆبوونەوەی فراوانی حزبییدا بووە كە سەركردایەتی‌و بەرپرسانی باڵای حزبەكە تێیدا بەشداربوون، مووشەكەكان بارەگای كۆبوونەوەكەیان كردووەتە ئامانج، چەند سەركردەیەكی باڵای ئەو حزبە لەناو شەهیدو بریندارەكاندا.

 

 

مستەفا مەولودی سكرتێری ئێستای حدك ‌و خالید عەزیزی سكرتێری پێشوی ئەو حزبە برینداربوون.

 

سوپای پاسدارانی ئێران ئەمڕۆ لە ڕاگەیەندراوێكدا بە فەرمی ئەنجامدانی هێرشەكەی لە ئەستۆ گرت‌و ڕایگەیاند، هێرشەكە لە كاردانەوەی چالاكییەكانی ئەو حزبانەدا بووە لە ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی كوردستان.

 

سوپای پاسداران باسلەوەدەكات، سەركردەكانی ئەو حزبانە گوێیان بە هۆشداریی جدیی بەرپرسانی هەرێمی كوردستان نەداوە بەوەی كۆتایی بهێنن بە هەنگاوە"دەستدرێژیكارانەو تیرۆرستییەكانیان دژی ئێرانی ئیسلامی."

 

"هێزی مووشەكی سوپای پاسداران بە بەشداریی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی هێزی وشكانی سوپای پاسداران، ڕۆژی ڕابردوو(شەممە 8-9-2018) لە ئۆپەراسیۆنێكی سەركەوتوودا، شوێنی كۆبوونەوەی یەكێك لە گرووپە تاوانبارەكان‌و ناوەندی ڕاهێنانی تیرۆریستەكانی ئەو گرووپەیان بە 7 مووشەكی زەمین بە زەمینی مەدوا كورت، كردە ئامانج" سوپای پاسداران وادەڵێت.

 

قەڵای دیموكرات دوای بۆردومانەكە.

 

سوپای پاسداران مووشەكبارانەكە بە "ئۆپەراسیۆنی تووند و وێرانكەر" ناودەبات‌و ئەوەدەخاتەڕوو، چاوەڕوانیی لە هەرێمی كوردستان هەیە بۆ چاودێریی‌و كۆنتڕۆڵی جدیتری سنوورەكان، دەشڵێت"هۆشداریی دەدەینە گروپە تیرۆریستی و دژبەرانی شۆڕش و پشتیوانانیان، پاسدارانی شۆڕش و هێزە خۆجێیەكانی جێگیركراو لەسەر سنوورەكانی وڵاتی ئیسلامی، بە زانیاریی هەواڵگری و ئامادەیی هەمەلایەنە، بە هاوكاریی خەڵكی خۆشەویستی ناوچەكە، بە دووبارەكردنەوەی هەنگاوەكانیان، لەگەڵ وەڵامێكی سەختتر و گورزێكی تووندتر بەرەوڕوو دەبنەوە."

 

مووشەكی فاتیح 110- B

 

ئەو مووشەكانەی ئاڕاستەی بارەگاكانی دیموكرات لە كۆیە كراون لە جۆری(فاتیح 110- B) بوون، ئەو مووشەكە زەوی بە زەوییەو گەڕۆكە، مانگی 9ی ساڵی 2002 بۆ یەكەمجار تاقیكراوەتەوە‌و سەرەتا تا مەودوای 200 كیلۆمەتر ڕۆیشتووە.

 

نەوەی دووەمی ئەو مووشەكە مانگی 9ی 2004 دروستكراوەو تا 250 كیلۆمەتر ڕۆیشتووە، نەوەی سێیەمی 2010 دروست كراوەو تا 300 كیلۆمەتر دەڕوات نەوەی چوارەمی 2012 دروست كراوەو لەم نەوەیەیدا توانای وردیی پێكانی ئامانجەكەی بەرزكراوەتەوە.

 

 

بەرپرسانی دیموكرات ئاسەواری بۆردومانەكە بەسەر دەكەنەوە.

 

مووشەكی فاتیح 110 لەسەر مووشەكی زیلزال 2 دروست كراوە، زیلزال 2 مووشەكێكە توانای ئاڕاستەكردنی نییە، بەڵام فاتیح 110 سیستمێكیان بۆ زیادكردووە كە ئاڕاستە دەكرێت بۆ پێكانی ئامانجەكەی.

 

ئێران فاتیح 110ی داوە بە سوریا بەناوی M-600 لە شەڕی ناوخۆی ئەو وڵاتەدا بەكارهاتووەو دەوترێت هەمان مووشەكی داوە بە حزبوڵڵای لوبنانیش.

 

ماددەی تەقینەوە لە كڵاوەی مووشەكەكەدایەو كێشی كڵاوەكەی 500 كیلۆگرامە، هاوكات دەتوانرێت كڵاوەی مووشەكەكە لە ئاسماندا جیابكرێتەوەو ئاڕاستە بكرێت بۆ شوێنێكی دیاریكراو بەمەبەستی پێكانی ئامانجەكەی.

 

لەو ڤیدیۆیەی ئێران بڵاویكردووەتەوەو مووشەكبارانەكەی بارەگاكانی دیموكرات خراوەتەڕوو، تەنها دوو مووشەك پیشاندەدات كە دەدرێت لە قەڵای دیموكرات لە كۆیە، دیارنییە 5 مووشەكەكەی دیكە ئامانجەكەیان پێكاوە یان نا، لەبەرئەوەی ڤیدیۆكە پیشانی نادات.

 

ڤیدیۆی مووشەكبارانەكەی ئێران بۆسەر قەڵای دیموكرات لە كۆیە.