یەكەم ڕۆژی بانگەشەیان چۆن دەستپێكردو چییان وت؟

11-09-2018 07:31
مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی - كۆسرەت ڕەسوڵ جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی.

 

پەرەگراف

 

پارتی‌و یەكێتی بە ئاهەنگی جەماوەریی‌و كەرنەڤاڵ یەكەم ڕۆژی بانگەشەی هەڵبژاردنیان دەستپێكردو پەیامی خۆیان ڕاگەیاند.

 

حزبەكانی دیكە، هەرچەندە پۆستەری لیست‌و كاندیدەكانیان بە شوێنە گشتییەكانەوە هەڵواسراون‌و لە ڕاگەیاندن‌و تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان هەڵمەتی بانگەشەیان دەستپێكردووە، بەڵام ئەمڕۆ لە یەكەم ڕۆژی پڕۆسەكەدا ئاهەنگ‌و كۆبوونەوەی جەماوەرییان ڕێكنەخست.

 

هەڵمەتی بانگەشە تا كاتژمێر 8ی بەیانیی 28ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت‌و دوو ڕۆژ دواتر پڕۆسەی دەنگدان دەستپێدەكات.

 

پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەمڕۆ بە دروشمی كوردستانێكی بەهێز لە كۆبوونەوەیەكی جەماوەرییدا لە هەولێر كاندیدەكانی ناساندو هەڵمەتی بانگەشەی دەستپێكرد، ژمارەی لیستی پارتی 183یەو هێمن هەورامی ئەندامی سەركردایەتی سەرۆكایەتی لیستەكە دەكات.

 

مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتەكە لە وتەیەكدا هەڵبژاردنەكەی بە "چارەنوسساز" ناوبرد، وتی "بۆئەوەی كوردستان بەهێزبێت دەبێت پارتی بەهێز بێت بۆ بونیادنانی حوكمڕانیی باش."

 

بارزانی داوای لە ئەندامانی حزبەكەی كرد، هەڵبژاردنێكی ئارام ئەنجام بدەن، وتی"نەك نابێ تەشهیر بكەن، كاتی خۆتان بە خەسار نەدەن‌و وەڵامی تەشهیریش نەدەنەوە، ڕێزی یاسا بگرن ئارامیی بپارێزن‌و خەڵك ئیزعاج نەكەن."

 

سەرۆكی پارتی داواشیكرد، كاندیدانی حزبەكەی بەڵێنێك نەدەن كە پێیان جێبەجێ نەكرێت، "باسی دەستكەوتەكانتان بكەن، باسی خەڵكی تر نەكەن باسی كەموكورتی خۆمان‌و دەستەكەوتەكانتان بكەن."

 

بارزانی وتیشی"ئەگەر پارتی نەبوایە پلانی لەناوبردنی كوردستان سەری دەگرت‌و ئەمڕۆ خەڵكێكی دیكە لە هەولێر حوكمیان دەكرد." وتیشی"وەعدی ئەوەدەدەین ڕاستگۆ بین لەگەڵتان‌و سازش لەسەر مافەكانتان نەكەین."

 

هەر ئەمڕۆ یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە شاری ڕانیەوە بە كەرنەڤاڵێكی جەماوەریی هەڵمەتی بانگەشەی دەستپێكرد، یەكێتی بە دروشمی بۆ ئارامی، هەلی كار و خزمەت، بە لیستی 105 بەشدارە لە هەڵبژاردنەكەدا.

 

كۆسرەت ڕەسوڵ، جێگری سكرتێری گشتی ئەو حزبە لە وتەیەكی كورتدا دەستپێكردنی بانگەشەی حزبەكەی ڕاگەیاند، وتی، یەكێتی ئەو هێزەیە بە هیچ هێزێك لەبن نایەت، وتەیەكی مام جەلالی بەبیر هێنایەوە كە دەڵێت"سەفین لەبن دێت یەكێتی لەبن نایەت."

 

كۆسرەت ڕەسوڵ وتیشی"دڵنیاتان دەكەمەوە یەكێتی دوای هەڵبژاردن تەپڵی سەركەوتن لێدەدات‌و دەبێتەوە بە یەكێتییەكەی جاران."

 

هەرلەو كۆبوونەوە جەماوەرییەدا دوا ناساندنی كاندیدانی یەكێتی، قوباد تاڵەبانی سەرۆكی لیستی ئەو حزبە وتەیەكی پێشكەشكرد، تاڵەبانی بە خوێندنەوەی چیرۆكێكی مام جەلالی باوكی دەستیپێكرد كە چۆن 73 ساڵ لەمەوبەرو ساڵی 1945 لە ئاهەنگی نەورۆزدا لە كۆیە وتارێكی پێشكەشكردووەو باسیلەوەكردووە نابێت كورد ژێردەستەیی قبوڵ بكات.

 

قوباد تاڵەبانی داوای دەنگی خەڵكی كوردستانی كرد بۆ كاندیدانی لیستەكەیان، وتی"ئەم كوردستانە ئەو كوردستانە نییە كە باو باپیرانمان خەباتیان بۆكرد"، هەروەها نیگەرانیی خەڵكی لە هەژاری‌و بێكاری خستەڕوو، وتی"زۆربەی خەڵكی كوردستان ڕازی نین لە ئاستی خزمەتگوزارییەكان‌و ئێمە خزمەتگوزارییەكان پێشدەخەین."

 

حزبەكانی دیكە ڕۆژانی ئایندە كەرنەڤاڵی جەماوەریی سازدەكەن‌و كاندیدەكانیان بە خەڵك‌و دەنگدەران دەناسێنن، بڕیارە بزووتنەوەی گۆڕان سبەینێ لە گردی زەرگەتە مەكۆی سەرەكی بزووتنەوەكە كۆبوونەوەی جەماوەریی ئەنجام بدات.