ئەمەریكا پێویستی بە كوردە بۆ لاوازكردنی پێگەی تاران لە بەغداد

12-09-2018 02:52
بارزانی لە نێوان برێت مەكگۆرك‌و قاسم سلێمانیدا.

 

پەرەگراف- ڕێنوار نەجم

 

هەرچەندە پێشتر لایەنە كوردییەكان لە ململانێكانی عێراقدا پشتگیرییان لە سیاسەتی ئەمەریكا دەكرد، بەڵام پێدەچێت چیتر بەو شێوەیە نەمێنێت‌و تاران بۆ كوردەكان هاوبەشێكی سەرنجڕاكێشتر بێت، ئەمە بەپێی بابەتێكی پیتەر گالبرەیس لە گۆڤاری فۆرین پۆلیسی ئەمەریكی.

 

بابەتەكە تایبەتە بە پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق‌و تێیدا ئاماژە بەوەكراوە، چیتر كوردەكانی عێراق هەمان ئەو دۆستەی ئەمەریكا نین وەك ساڵانی ڕابردوو، بۆ ئەوەش گالبرەیس نمونەی پەیوەندییەكی تەلەفۆنی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا مایك پۆمپیۆ دەهێنێتەوە كە مانگی ڕابردوو لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پێشووی هەرێمی كوردستان ئەنجامیداو داوای پشتگیریی كوردی لێكرد بۆ مسۆگەركردنی خولی دووەمی سەرۆك وەزیران بۆ حەیدەر عەبادی كە كاندیدی ئەمەریكییەكانە بۆ ئەو پۆستە.

 

"جاران وەڵامەكە ئۆتۆماتیكی بەڵێ دەبوو، بەڵام لە ئۆكتۆبەری ڕابردوودا، ئیدارەی ترەمپ ڕێگەیدا سەركردەیەكی سەربازیی شیعە(كە بە تیرۆرست دانراوە) تانكە ئەمەریكییەكان بەكاربهێنێت لە ئۆپەراسیۆنێكی دژە كورددا كە لەلایەن قاسم سلێمانی، فەرماندەی هێزی قودسی ئێران، بەڕێوەدەبرا. چاوەڕواننەكراو نییە كە كوردەكان ئەمڕۆ كەمتر مەیلیان بە گونجاندن هەیە لەگەڵ ئەوانەی وەك هاوپەیمانێكی بێ وەفا دەیبینن" پیتەر گالبرەیس وا دەڵێت.

 

گالبرەیس دیبلۆماتكارێكی ئەمەریكییەو یەكێك بووە لەو ڕۆژنامەنووسانەی لە كۆتایی هەشتاكاندا پەردەی لەسەر تاوانەكانی سەدام حسێن دژ بە كورد لەنێویاندا كیمایی باران هەڵداوەتەوە.

 

لە بابەتەكەیدا لە فۆرین پۆلیسی، چەند نمونەیەكی هێناوەتەوە كە لە ڕابردوودا كورد پشتیوانی ڕاستەوخۆی لە سیاسەتەكانی ئەمەریكا كردووە لە عێراق، لەوانە؛ لە ساڵی 2010 كاتێك ئەمەریكا داوای لە مەسعود بارزانی سەرۆكی ئەو كاتی هەرێمی كوردستان كرد پاڵپشتی نوری مالیكی بكەن بۆ خولی دووەمی سەرۆك وەزیران، بارزانی خێرا ڕازی بوو، (هەرچەندە دواتر كورد و ئەمەریكییەكانیش لەو بڕیارە پەشیمان بوون). هەروەها لە ساڵی 2014، جۆن كێری وەزیری ئەوكاتی دەرەوەی ئەمەریكا بە سەردانێكی چاوەڕواننەكراو گەیشتە هەولێر ئەویش بۆ ئەوەی داوا لە بارزانی بكات "پلانی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی" دوابخات، ئەویش ڕازی بوو چاوەڕێ بكات تا شەڕی دژی داعش تەواو دەبێت.

 

بەبوونی زیاتر لە 50 كورسی لە پەرلەمانی نوێی عێراقدا، كورد لە پێگەیەكدایە بتوانێت تای تەرازوو بەلای یەكێك لە بلۆكە سیاسییەكان یەكلایی بكاتەوە.

 

ئەوەش دوای ئەوە دێت لە ئێستادا هەریەك لە حەیدەر عەبادی و موقتەدا سەدر ڕابەرایەتی بلۆكێكی سیاسیی دەكەن و دەیانەوێت زۆرینەی پەرلەمان كۆبكەنەوە و كاندیدی خۆیان ببێتە سەرۆك وەزیران، لەبەرامبەردا نوری مالیكی و هادی عامری-ش ڕابەرایەتی بلۆكێكی دیكەی سیاسیی دەكەن كە هەردووكیان پەیوەندی نزیكیان لەگەڵ تاران هەیە، بەشێوەیەك تەنانەت هادی عامری بەشداری شەڕی بۆ ئێران كردووە لە شەڕی هەشت ساڵەكەیدا دژی عێراق. بەڵام بلۆكی سەدر-عەبادی هەرچەندە بەتەواوی دژە ئێران نییەو سەدر لە ساڵی 2007 تا 2011 لە ئێران ژیاوەو عەبادیش سەركردەیەكی حزبی دەعوەیە كە ئێران پاڵپشتی دەكات، بەڵام هێندەی مالیكی و عامری نزیكی ئێران نین.

 

ئیدارەی ترەمپ ترسی هەیە كە بلۆكی نزیك لە تاران حكومەتی داهاتووی عێراق پێكهبێنێت، بەوەش دەستێوەردانەكانی ئێران لە عێراق زیاد دەكات و پاشەكشەیەكی گەورە دەبێت بۆ سیاسەتی ئەمەریكا لە عێراق.

 

پیتەر گالبرەیس كە بە یەكێك لە پشتیوانانی كورد دادەنرێت و پشتگیریی بیرۆكەی دابەشكردنی عێراق‌و سەربەخۆیی كوردستان دەكات، لە ساڵی 2003 وەك ڕاوێژكاری حكومەتی هەرێم كاریكردووە، لە بابەتەكەیدا باسی لەوەكردووە واشنتۆن بۆ بەرگرتن لە سەركەوتنی سیاسەتەكانی تاران لە عێراق پێویستی بە كورد هەیە، بەڵام "كێشەكە ئەوەیە بارزانی بڕوای وایە چیتر ناتوانێت پشت بە ئەمەریكا ببەستێت."

 

گالبرەیس لە فۆرن پۆلیسی ئاماژەی بەوەشكردووە، دوای ئەوەی كورد ڕەزامەندی نیشاندا لەسەر داواكەی جۆن كێری بە ڕانەگەیاندنی سەربەخۆیی لە كاتێكدا بەشەكانی دیكەی عێراق لە لێواری داڕوخاندابوو لە ناوەڕاستی 2014، بڕیاریان دا لەساڵی ڕابردوودا لەگەڵ نزیكبوونەوەی كۆتایی داعش ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی بكەن، بەڵام ئیدارەكەی ترەمپ هەموو هەوڵیِكیان خستەگەڕ بۆ دواخستن یاخود هەڵوەشاندنەوەی ئەو ڕیفراندۆمە، بەڵام لەكۆتاییدا هەوڵەكان شكستیان هێنا.

 

لە دوای ڕیفراندۆمەكەش، توڕەیی عەبادی بەسەر كورددا ڕژا و ئەمەریكاش گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵكرد، سەرەتا ئاسمانی هەرێمی بەڕووی فڕۆكە جیهانییەكاندا داخست، سیستمی بانكیی وەستاند و هێرشی چەكداریی كردەسەر شاری كەركوك و كۆنتڕۆڵی كرد.

 

بەپێی گۆڤارە ئەمەریكییەكە هەموو ئەو ڕووداوانە كوردیان توڕە كردووەو زۆربەی توڕەییەكانیش تائێستا لە حەیدەر عەبادین، وەك یەكێك لە سەركردە كوردەكان بە گۆڤارەكەی وتووە "مالیكی بودجەكەی بڕین، بەڵام عەبادی هێرشی كردەسەرمان." بەڵام هێرشەكە هاوكات متمانەی كوردیشی بە ئەمەریكا وەك هاوپەیمانێك لاواز كرد.