گۆڕان هەڵمەتی بانگەشەی دەستپێكردو كاندیدەكانی سوێندیان خوارد

12-09-2018 07:33
كەرنەڤاڵی دەستپێكردنی بانگەشەی گۆڕان. وێنە؛ ماڵپەڕی سبەی.

 

پەرەگراف

 

بزوتنەوەی گۆڕان لە دووەم ڕۆژی بانگەشەدا هەڵمەتی دەستپێكردو كاندیدەكانی ناساندو سوێندی یاساییان خوارد، گۆڕان ڕایگەیاند، بەردەوامیی بە پڕۆژەی نەوشیروان مستەفا دەدەن.

 

كەرنەڤاڵی هەڵمەتی هەڵبژاردنی گۆڕان لە گردی زەرگەتە مەكۆی سەرەكی بزووتنەوەكە بەڕێوەچوو، گۆڕان بە دروشمی (بەرەو هەرێمێكی خزمەتگوزارو دادپەروەر) بەلیستی ژمارە 148 بەشدارە لە هەڵبژاردنەكەو عەلی حەمەساڵح سەرۆكایەتی لیستەكە دەكات.

 

زمناكۆ جەلال، ئەندامی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی گۆڕان، وتاری لیژنەكەیانی پێشكەشكردو داوای لە دەنگدەران كرد بچنەسەر سندوقەكانی دەنگدان‌و دەنگ بە لیستەكەیان بدەن، وتی"دەستەیەك لە خەڵكی سیاسی مشەخۆر كە پابەندی هیچ پێوەر و یاسا و ڕێسایەك نابن و لەهیچ شتێك سڵ ناكەنەوە و مەسەلەی خەڵكیان بردوەتە تونێلی تاریكەوە و دەرفەتە گرنگەكانیان كردوەتە قوربانی میزاج و هەوەس و بەرژەوەندی كەسی و حیزبی و بنەماڵەییەكان."

 

وتارەكەی لیژنەی هەڵبژاردنی گۆڕان، تەئكیدی دەكردەوە بزوتنەوەكەیان خەبات دەكات بۆ چەسپاندنی چەمكی هاوڵاتی بوون، "پِرۆژەی شكۆداری نەوشیروان مستەفا بەردوەوامی پێدەدەین و سورترین لەسەر بەرنامە و كارنامەكان لەسەر بنەمای ژیاندۆستی و یەكتر قبوڵ كردن دور لە ڕەشبینی و نائومێدی و بەدیهێنانی وڵاتی پڕ بەرهەم و ئاستی بەرزی گوزەران، ئەوەش پێویستی بە خەباتی مەدەنی پەرلەمانییە، ئەوەش پشت بە دەنگ و متمانەی خەڵك دەبەستێت."

 

دوێنێش پارتی لە هەولێرو یەكێتی لە ڕانیەوە هەڵمەتی هەڵبژاردنی دەستپێكردو كاندیدەكانی ناساند، حزبەكانی دیكە، هەرچەندە پۆستەری لیست‌و كاندیدەكانیان بە شوێنە گشتییەكانەوە هەڵواسراون‌و لە ڕاگەیاندن‌و تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان هەڵمەتی بانگەشەیان دەستپێكردووە، بەڵام هێشتا ئاهەنگ‌و كۆبوونەوەی جەماوەرییان ڕێكنەخستووە.

 

هەڵمەتی بانگەشە تا كاتژمێر 8ی بەیانیی 28ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت‌و دوو ڕۆژ دواتر پڕۆسەی دەنگدان دەستپێدەكات.

 

هەر لە كەرنەڤاڵەكەی ئەمڕۆی گۆڕاندا، عەلی حەمەساڵح وتارێكی پێشكەشكردو تیشكی خستەسەر كارەكانی ڕابردوو و بەرنامەی داهاتوویان لە پەرلەمان، وتی" ەم هەڵبژاردنە گرنگی گەورەی هەیە و نەخشەی ئایندەی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان دیاری دەكات و بەشداریی كردن خەڵك لەم هەڵبژاردنەدا بەرپرسیارێتیەكی نیشتیمانییە."

 

عەلی حەمەساڵح ئەوەی خستەڕوو، ئامانجەكانی لیستەكەیان بەهێزكردنی پەرلەمانی كوردستانە وەك باڵاترین دامەزراوەی شەرعی‌و كاردەكات بۆ ڕێككەوتن لەگەڵ حكومەتی ناوەند بۆ چارەسەركردنی گرفتەكان لەسەر نەوت و بودجە و موچە و خاك و پێشمەرگە.

 

"بەرنامەی گۆڕان ئەوەیە ساڵانە لە چوارچێوەی بودجەی گشتیدا، بودجەیەكی باش بۆ كەرتی كارەبا و ڕێگاوبان و نەخۆشخانە و قوتابخانە ئاو و ئاوەڕۆ تەرخان بكرێت" عەلی حەمەساڵح وای وت.

 

هەرلەو مەراسیمەدا 100 كاندیدەكەی گۆڕان سوێندی یاساییان خوارد، "سوێند دەخۆم بە خودای مەزن كە پارێزەری مافەكانی هاوڵاتیان و بەرژەوەندییە باڵاكانی نیشتیمان و سەروەری یاسا و پرەنسیپەكانی گۆڕان بم."