وردەكاریی گۆڕانكاری‌و خۆڕێكخستنەوەی هاوپەیمانییەكەی بەرهەم ساڵح

13-09-2018 04:18
بەرهەم ساڵح سەرۆكی هاوپەیمانی دیموكراسی‌و دادپەروەری. وێنە؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

  

هاوپەیمانییەكەی بەرهەم ساڵح دوای بەشداری نەكردنی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، ئێستا سەرقاڵی خۆڕێكخستنەوەو ئامادەكارییە بۆ قۆناغی داهاتوو، لەو چوارچێوەیەشدا كۆمەڵێك گۆڕانكاریی ناوخۆیی ئەنجامدەدات.

 

گۆڕانكارییەكان لەژێر چاودێریی ڕاستەوخۆی بەرهەم ساڵح سەرۆكی هاوپەیمانی دیموكراسی‌و دادپەروەری ئەنجامدراون، لەلایەن لیژنەیەكی سێ كەسیی بە سەرپەرشتی ئارام قادر‌و ئەندامیەتی عەباس مستەفا‌و ئالان بەرزنجی.

 

لە دوای گۆڕانكارییەكان، هاوپەیمانی لەژێر چەتری سێ ئەنجومەندا دەبێت، ئەنجومەنی بەڕێوەبردن، ڕاوێژكاری‌و گشتی، كوردستانیش دابەشكراوە بەسەر چەند دەڤەرێكداو هەر دەڤەرێك كەسێك بەرپرسی دەبێت كە كەسی یەكەمی حزبەكە دەبێت لەو ناوچەیە، حزبەكە چەند دامەزراوەیەكیشی دەبێت.

 

سەرچاوەیەك كە ئاگاداری وردەكاریی گۆڕانكارییەكانە بۆ پەرەگراف وتی"ئامانجمان ئەوەیە پڕۆگرامی هاوپەیمانی جێبەجێ بكەین كە ڕزگاركردنی كۆمەڵگایە لە دابەشكاریی ئایدیۆلۆجی‌و ناوچەیی، كاركردن لەسەر مرۆڤ سەنتەریی‌و دروستكردنی هاوپەیمانیی فراوان لە نێوان خەڵك‌و حزب‌و ڕێكخراوەكان بە مەبەستی وەرگرتنی دەسەڵات."

 

سەرچاوەكە ناوی ئەو كەسانەی ئاشكرا كرد كە كراونەتە بەرپرسی دەڤەرەكانی هاوپەیمانی، وتی"ڕاپەر عارف بەرپرسی دەڤەری كەركوك، حاكم سەمەد بەرپرسی دەڤەری هەولێر، حاكم خدر دەڤەری ڕانیە، كاوان محەمەد دەڤەری هەڵەبجە‌و دانا بەهادین دەڤەری سلێمانی‌و عەلی ئۆرەماری بەرپرسی دەڤەری دهۆك دەبن."

 

هاوكات حزبەكە چەند دامەزراوەیەكی دەبێت‌و كە كەسێك سەرپەرشتی دەكات لەژێر ناوی كارگێڕی دامەزراوەو كەسەكان دیارییكراون بۆ پۆستەكان، سەرچاوەكەی پەرەگراف وتی"ئەوانیش بریتین لە؛ حەسەن بارام كارگێڕی دامەزراوەی ڕاگەیاندن، ئارام مینە دامەزراوەی بەڕێوەبردنی دەڤەرەكان، موئمین زەڵمی دامەزراوەی گەشەپێدانی مرۆیی‌و ئومێد قەرەداغی كارگێڕی دامەزراوەی توێژینەوەی ستراتیژی."

 

تەمەنی حزبەكەی بەرهەم ساڵح كەمترە لە ساڵێك، یەكەم ئەزموونی بەشداریكردنی لە هەڵبژاردن مانگی 5ی ئەمساڵ بوو بۆ پەرلەمانی عێراق كە تەنها 2 كورسی بەدەستهێنا، لەگەڵئەوەی ئەنجامەكانی پەسەند نەكردو دەڵێت"تەزویری گەورەی لێكراوە" بەڵام بەشداریی دەكات لە پەرلەمان‌و پڕۆسەی سیاسی عێراق.

 

گۆڕانكارییە ناوخۆییەكانی هاوپەیمانی دوای ئەوەدێت ئەو حزبە بڕیاریدا بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان نەكات كە بڕیارە 30-9 ئەنجام بدرێت.

 

حزبە ناڕازییەكانی كوردستان كە هاوپەیمانی یەكێكە لەوان، داوای گەرەنتی هەڵبژاردنێكی پاك دەكەن بۆ پەرلەمانی كوردستان، بۆئەوەش چەندین سەرنج‌و پێشنیاریان ئاڕاستەی كۆمسیۆن كردووەو تانەیان لە تۆماری دەنگدەران داوە، كۆمسیۆن وەڵامی داونەتەوە، بەڵام وەڵامەكان ڕازیكەر نین بۆ ئەوان.

 

هاوپەیمانییەكەی بەرهەم ساڵح كە لەگەڵ گۆڕان‌و كۆمەڵ‌و یەكگرتوو لە بەرەیەكدایە، هێشتا بڕیاری نەداوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەنگدەرانی بەرەو كوێ ئاڕاستە بكات‌و چ پەیامێكی هەبێت بۆیان، ئایا ئازادیان دەكات خۆیان لیست‌و كاندیدێك هەڵبژێرن‌و دەنگی پێبدەن، یاخود خۆی لیستێكیان بۆ دیاریی دەكات، لە ئەگەری دووەمدا یەكێك لەو سێ حزبە دیاریدەكات كە لە بەرەیەكدان، یاخود دەنگدەرانی دەگەڕێنێتەوە بۆ "ماڵە گەورەكە"ی یەكێتی، بەتایبەت كە ئێستا نزیكبوونەوە هەیە لە نێوانیاندا بەهۆی خواستی بەرهەم ساڵح بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق.

 

بەرهەم ساڵح، ساڵی ڕابردوو دوای بەتەواوی بێئومێدبوونی لە هەوڵەكانی پێشووتری بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی كە خۆی جێگری دووەمی سكرتێری گشتیی بوو، هەروەها شكست هێنانی ئەو هەوڵانەی بۆ گەڕانەوەی ناوبراو دران بۆ ناو حزبەكەی، دواجار بڕیاریدا لە دەرەوەی یەكێتی بەشداریی لە هەڵبژاردن بكات‌و هاوپەیمانیی دامەزراند.

 

لە حزبە نوێیەكەیدا بەدەر لە یەكێتی، ئەندامانی حزبەكانی دیكەشی لەگەڵدایە، هەریەكە لە ئارام قادر سەرۆكی پێشوی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان‌و ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵ‌و محەمەد ڕەئوف سەرۆكی پێشوی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی دیارترین دوو كەسایەتیی حزبیی دەرەوەی یەكێتین كە لەگەڵ بەرهەم ساڵحدان.

 

پەرەگراف بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاتر دەربارەی گۆڕانكارییەكان‌و كارو پلانی داهاتووی هاوپەیمانی، چەند جارێك پەیوەندیكرد بە ڕێبوار كەریم، وتەبێژی ئەو حزبە، بەڵام وەڵامی نەدایەوە.

 

گۆڕانكاریی‌و خۆڕێكخستنەوەی هاوپەیمانییەكەی بەرهەم ساڵح لەكاتێكدایە ئەمڕۆ سەركردایەتی یەكێتی بە فەرمی ئاشكرایكرد، لیژنەیەکی پێکهێناوە بۆ "ڕێککەوتن و ئاڕاستەی یەکخستن" لەگەڵ هاوپەیمانییەکەی بەرهەم ساڵح.