یەكێتی لیژنەیەكی پێكهێنا بۆ "ڕێككەوتن‌و ئاڕاستەی یەكخستن" لەگەڵ بەرهەم ساڵح

13-09-2018 06:04

 

پەرەگراف

 

ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی ڕایگەیاند، لیژنەیەكیان پێكهێناوە بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ هاوپەیمانییەكەی بەرهەم ساڵح بۆ ڕێككەوتن‌و ئاڕاستەی یەكخستن.

 

 

ئەوە لەكاتێكدایە هاوپەیمانی دیموكراسی‌و دادپەروەری بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ناكات‌و ئێستا سەرقاڵی خۆڕێكخستنەوەو ئامادەكارییە بۆ قۆناغی داهاتوو، لەو چوارچێوەیەشدا كۆمەڵێك گۆڕانكاریی ناوخۆیی ئەنجامداوە بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی بەرهەم ساڵح.

 

ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی ئەمڕۆ لە سلێمانی گفتوگۆی لەسەر چەند تەوەرێك كردووە، لە یەكەم ڕاگەیەندراوی كۆتایی كۆبوونەوەكەدا ئەوە ئاشكرا كرا، هاوپەیمانییەكەی بەرهەم ساڵح "بڕیاریداوە بۆ گفتوگۆكردن‌و پێشنیاری یەكگرتنەوەی كردووە" لەگەڵ یەكێتی.

 

لە ڕاگەیەندراوەكەدا كە میدیای فەرمی ئەو حزبە بڵاویكردەوە بە دەق هاتبوو"بۆ بڕیاری هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەریش، لەگەڵ یەكێتی دەست بەگفتوگۆ بكەن بۆ یەكگرتنەوە، سەركردایەتی پێشوازی لەم دەستپێشخەرییە كردو، وەفدێكی باڵای بۆ لێكتێگەیشتن ‌و سەرەنجام یەكگرتنەوە، پێكهێنا."

 

بەڵام دواتر سەركردایەتی یەكێتی ڕاگەیەندراوێكی دیكەی بڵاوكردەوەو دەستكاری ئەو بەشەی كردووە كە باسلە یەكگرتن لەگەڵ هاوپەیمانی دەكات‌و تێیدا هاتووە"لە بڕوابوونمان بە چەسپاندنی ئارامی ‌و رێكخستنەوەی تواناكانمان، بڕیارماندا بە پێكهێنانی لیژنەیەك بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی ‌و دادپەروەری، بۆ رێكەوتن ‌و ئاراستەی یەكخستن."

  

هەوڵی یەكگرتنەوەی بەرهەم ساڵح‌و یەكێتی لەكاتێكدایە پرسی دابەشكردنی پۆستەكانی عێراق نزیكبووەتەوە لە بڕیاری كۆتایی‌و دیاریكردنی كاندید، بەرهەم ساڵح هەوڵەكانی چڕ كردووەتەوە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار كەپشكی یەكێتی نیشتمانییە، پێشتر پەرەگراف ئاشكرایكرد لەو چوارچێوەیەدا بەرهەم ساڵح پەیوەندییەكانی لەگەڵ قوباد تاڵەبانی ئاسایی كردووەتەوەو هەریەكە لە كۆسرەت ڕەسوڵ‌و بافڵ تاڵەبانیش پەیوەندیی بەهێزێان لەگەڵیدا هەیەو پەیوەندییەكانیان بەردەوامن.

 

تەمەنی حزبەكەی بەرهەم ساڵح كەمترە لە ساڵێك، یەكەم ئەزموونی بەشداریكردنی لە هەڵبژاردن مانگی 5ی ئەمساڵ بوو بۆ پەرلەمانی عێراق كە تەنها 2 كورسی بەدەستهێنا، لەگەڵئەوەی ئەنجامەكانی پەسەند نەكردو دەڵێت"تەزویری گەورەی لێكراوە" بەڵام بەشداریی دەكات لە پەرلەمان‌و پڕۆسەی سیاسی عێراق.

 

بەرهەم ساڵح، ساڵی ڕابردوو دوای بەتەواوی بێئومێدبوونی لە هەوڵەكانی پێشووتری بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی كە خۆی جێگری دووەمی سكرتێری گشتیی بوو، هەروەها شكست هێنانی ئەو هەوڵانەی بۆ گەڕانەوەی ناوبراو دران بۆ ناو حزبەكەی، دواجار بڕیاریدا لە دەرەوەی یەكێتی بەشداریی لە هەڵبژاردن بكات‌و هاوپەیمانیی دامەزراند.

 

لە حزبە نوێیەكەیدا بەدەر لە یەكێتی، ئەندامانی حزبەكانی دیكەشی لەگەڵدایە، هەریەكە لە ئارام قادر سەرۆكی پێشوی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان‌و ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵ‌و محەمەد ڕەئوف سەرۆكی پێشوی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی دیارترین دوو كەسایەتیی حزبیی دەرەوەی یەكێتین كە لەگەڵ بەرهەم ساڵحدان.

 

دەقی ڕاگەیەندراوی دووەم لەسەر كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیی

 

ئه‌مڕۆ نیوه‌ڕۆ (13/9/2018) ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، به‌سه‌رپه‌رشتی كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی، جێگری سكرتێری گشتی (ی.ن.ك) سه‌باره‌ت به‌ (دۆخی عێراق، هه‌ڵبژاردنی كوردستان، گفتوگۆكردن له‌ نێوان هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپه‌روه‌ری و یه‌كێتی بۆ رێكه‌وتن به‌ ئاراسته‌ی یه‌كخستن) كۆبونه‌وه‌ی نائاسایی كرد.

 

كۆبونه‌وه‌، دوا ورده‌كاری دۆخی عێراق، كۆبونه‌وه‌ی یه‌كێتی‌و پارتی، هه‌ڵبژاردن، پرسی كه‌ركوك، جارێكی تر هه‌ڵسه‌نگانده‌وه‌. سه‌ره‌نجام:

 

ئاماژه‌ی گۆڕانكاریه‌كانی له‌بۆچونی لایه‌نه‌كانی شیعه‌و سوننه‌، بۆ دروستكردنی كوتله‌ی گه‌وره‌و چۆنیه‌تی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی عێراق‌و جێگره‌كانی، به‌گۆڕانكاری باش زانی‌و پێی باش بوو، وه‌فدی هاوبه‌شی كوردستانی، ئه‌م گۆڕانكاریانه‌ له‌ناو بلۆكی فراكسیۆنه‌كان، بۆ به‌شدارییه‌كی كارا بقۆزێته‌وه‌ كه‌ كاندیدێكی شایسته‌ بۆ سه‌رۆكی كۆماری عێراق‌و سه‌رۆك وه‌زیران‌و پاشان، په‌سه‌ندكردنی پرۆژه‌ی یه‌كێتی‌و پارتی، له‌سه‌ری رێك بكه‌وین.

 

سه‌باره‌ت به‌ سه‌ره‌نجامی هه‌ڵبژاردن‌و پرسی كه‌ركوكیش، كۆبونه‌وه‌ جه‌ختده‌كاته‌وه‌ كه‌:

 

حكومه‌تی مه‌ده‌نی بگه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ركوك‌و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كانی ماده‌ی (140). پیشمه‌رگه‌و ئاسایش‌و پۆلیسی ئیتحادی، پێكه‌وه‌ ئاسایشی كه‌ركوك‌و ناوچه‌كان بگرنه‌ده‌ست. ئه‌مه‌ش، له‌روانگه‌ی یه‌كێتییه‌وه‌، به‌ستراوه‌ به‌وه‌ی كه‌ به‌پێی شایسته‌یی دواهه‌ڵبژاردن، پارێزگاری كه‌ركوك هه‌ڵبژێرێ‌. ئه‌ویش ته‌نها پارێزگاری كاندیدكراوی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌.

 

له‌ بڕوابوونمان به‌ چه‌سپاندنی ئارامی ‌و رێكخستنه‌وه‌ی تواناكانمان، بڕیارماندا به‌ پێكهێنانی لیژنه‌یه‌ك بۆ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپه‌روه‌ری، بۆ رێكه‌وتن ‌و ئاراسته‌ی یه‌كخستن.

 

بۆ هه‌ڵبژاردنی كوردستانیش، ده‌ستخۆشیی له‌ ده‌ستپێكی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن له‌ده‌روازه‌ی راپه‌ڕین كردو بڕیاریشی دا، بۆ سه‌رخستنی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن، به‌رپرسی سه‌رجه‌م ئۆرگانه‌ باڵاكانی یه‌كێتی كۆببنه‌وه‌و به‌رنامه‌ی چۆنیه‌تی دابه‌شكردنی ته‌واوی كادرو ئه‌ندامانی یه‌كێتی دابڕێژن. ده‌زگاكانی راگه‌یاندنی یه‌كێتیش، به‌جۆش‌و خرۆشتر هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌و چالاكی سه‌رۆكی لیستی (105)و كاندیده‌ دڵسۆزو مه‌ده‌نیخوازه‌كانی یه‌كێتی، روماڵ بكه‌ن.

 

ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی
یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان
13/9/2018