محەمەد سابیر بۆ پەرەگراف: نەكشاومەتەوەو ناكشێمەوە لە خۆكاندیدكردن بۆ سەرۆك كۆمار

14-09-2018 03:25
محەمەد سابیر، كاندیدی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار. وێنە؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

محەمەد سابیر، كاندیدی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی نیشتمانی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار ڕەتیدەكاتەوە كشابێتەوە لە خۆكاندیدكردن بۆ ئەو پۆستەو دەڵێت، هەرگیز ناكشێمەوەو بەرنامەم بۆ چوار ساڵی ئایندە ئامادەیە، هاوكات مەرجی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لەسەر كاندیدی یەكێتی بۆئەو پۆستە ئاشكرا دەكات.

 

ئەو لێدوانەی محەمەد سابیر لەكاتێكدایە لە هەندێك ماڵپەڕو پەیجی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەناوی ئەوەوە بڵاوكراوەتەوە كە لە بەرامبەر كاندیدبوونی بەرهەم ساڵح كشاوەتەوە، بەرهەم ساڵح ئێستا لە گفتوگۆدایە بۆ ڕێككەوتن لەگەڵ یەكێتی لە چوارچێوەی كاندیدكردنی بۆئەو پۆستە بەوەش خۆی ڕوبەڕوی لێشاوێك ڕەخنە كردووەتەوە كە بەشێكیان لەناوخۆی حزبەكەیدان.

 

د.محەمەد سابیر، ئاوەڵزاوای مام جەلال‌و ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی بۆ پەرەگراف ئەوەدەخاتەڕوو، چاوەڕوانی بڕیاری مەكتەبی سیاسی حزبەكەی دەكات بۆ دیاریكردنی كاندیدی فەرمی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، وتی"ئەسڵ‌و ئەساسی نییە نەكشاومەتەوە، ئەوە لە سایتی فەیك‌و ساختە بەناوی منەوە بڵاوكراوەتەوە."

 

لە وەڵامی ئەوەی هیچ بەرنامەیەكی هەیە بۆ كشانەوە لە ئەگەری گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆناو یەكێتی، محەمەد سابیر وتی"نەخێر هیچ بەرنامەم نییەو هەرگیزیش ناكشێمەوە."

 

ئەو كاندیدەی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی ئەوەشی خستەڕوو، پلان‌و بەرنامەی خۆی داناوە بۆ چوار ساڵی ئایندە ئەگەر ئەو پۆستە وەربگرێت، وتیشی"بڕیارەكە لای مەكتەبی سیاسییە، باوەڕناكەم زیاتر لە كاندیدێكیش هەبێت."

 

یەكێتی دەڵێت، لەگەڵ پارتی ئەوەیان یەكلایی كردووەتەوە كە سەرۆك كۆمار بۆ چوار ساڵی ئایندەش پشكی ئەوان دەبێت.

 

لەناو یەكێتیدا هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی، كاریگەریی تەواوی هەیە بەسەر بڕیاری كۆتایی ئەو حزبەوە، ناوبراو دوو مەرجی هەیە بۆ كاندیدی حزبەكەی بۆ ئەو پۆستە، مەرجەكان بەرهەم ساڵح ناگرنەوە.

 

"سەد لەسەد ئەوە ڕاستە كە هێرۆخان مەرجی ئەوەیە ئەو كەسەی كاندید دەكرێت لەسەر ڕێبازی مام جەلال بێت‌و دانەبڕابێت لە یەكێتی" محەمەد سابیر وای وت.

 

ئەو كاندیدەی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی ئەوەشی خستەڕوو، لەدەرەوەی مەكتەبی سیاسی حزبەكەی خۆی كاندید ناكات، وتی"لە چوارچێوەی یەكێتی خۆم كاندید دەكەم‌و بڕیاری مەكتەبی سیاسی جێبەجێ دەكەم."

 

لە دەرەوەی یەكێتی، بەرهەم ساڵح كە سەرۆكایەتی حزبێكی دیكە دەكات، بە چڕیی لە هەوڵدایە بۆ بەدەستهێنانی كورسیی سەرۆك كۆمار، بۆئەو مەبەستەش سەرقاڵی نزیكبوونەوەو ڕێككەوتنە لەگەڵ یەكێتی، پێشتر پەرەگراف ئاشكرایكرد لەو چوارچێوەیەدا بەرهەم ساڵح پەیوەندییەكانی لەگەڵ قوباد تاڵەبانی ئاسایی كردووەتەوەو هەریەكە لە كۆسرەت ڕەسوڵ‌و بافڵ تاڵەبانیش پەیوەندیی بەهێزیان لەگەڵیدا هەیە.

 

هەرلە چوارچێوەی نزیكبوونەوەی بەرهەم ساڵح‌و یەكێتی، ئەمڕۆ لە ماڵی كۆسرەت ڕەسوڵ هەردوو حزب كۆبوونەوە، لە ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكەدا هاتووە"هەردولا جەختیان كردەوە لەسەر چارەسەركردنی قەیرانەكانی كوردستان و ئەو كێشانەی روبەرووی هاوڵاتیان بۆتەوە. ئەمەش لەچوارچێوەی رێكەوتنێكی سیاسی هەمەلایەنە بۆ رێكخستنەوەی ناوماڵی كوردستانی بە هاوبەشی هێزو لایەنە سیاسییەكان. بڕیاریشدرا كۆبونەوەكان بەردەوام بن."

 

بەرهەم ساڵح چوار ساڵ لەمەوبەر هەوڵی زۆریدا كە پۆستی سەرۆك كۆمار وەربگرێت، ئەوكات هێشتا لەناو یەكێتیدا بوو، ململانێكانی لەگەڵ ماڵی مام جەلال بەتایبەت هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بێبەشیانكرد لە وەرگرتنی ئەو پۆستەو لە بەرامبەر ئەودا، دوو كەسی دیكە لەناو یەكێتی كاندید كران‌و چانسی بەرهەم ساڵح لاوازكراو دواجار فوئاد مەعسوم لەسەر كورسیی سەرۆكایەتی دانیشت.

 

ئێستاش سیناریۆكە بۆ بەرهەم ساڵح نزیكە لە هەمان سیناریۆی چوار ساڵ لەمەوبەرو كاندیدی ڕكابەری هەیە لەناو یەكێتی، ئەو كە لە دەرەوەی یەكێتی سەرۆكایەتی حزبێكی دیكە دەكات، پێناچێت بتوانێت بەبێ ڕەزامەندی ماڵی مام جەلال ببێتە كاندیدی یەكێتی بۆ سەرۆك كۆمار.