شاسوار عەبدولواحید پلانی چوار ساڵی داهاتووی نەوەی نوێی ڕاگەیاند

15-09-2018 05:17
شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەێ نوێ.

 

پەرەگراف

 

سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەێ نوێ پلانی چوار ساڵی داهاتوویانی ڕاگەیاند كە لە 50 خاڵ پێكدێت، داوای لە خەڵكی كوردستان كرد بەشداریی هەڵبژاردن بكەن‌و هەڕەشەی وازهێنان لە خەباتی پەرلەمانی‌و گۆڕینی دەسەڵاتی كرد بە ڕێگایەكی دیكە، ئەگەر "ساختەكاریی هەڵبژاردنەكەی 12-5" دووبارە ببێتەوە.

 

شاسوار عەبدولواحید لە كۆبوونەوەیەكی جەماوەریی جوڵانەوەكەیدا لە سلێمانی پلانەكەی ئاشكرا كرد‌و وتارێكی پێشكەش كرد، داوای لە خەڵك كرد پلانەكە بخوێننەوە كە بڵاودەكرێتەوە‌و هەندێك زانیاریی لەبارەیەوە ئاشكرا كرد، وتی"كە دەڵێین چۆن سیستمی دادوەری چاك دەكەین بۆ نمونە باسی ئەوەدەكەین داواكاری گشتی لەناو خەڵكەوە هەڵبژێردرێت نەوەك تەعین بكرێت‌و سەربە وەزارەتی داد بێت."

 

وتیشی"كاتێك باسی ڕەخساندنی هەلی كار دەكەین ناچین خۆمان 27 ساڵ لە دەسەڵات بین‌و بێكاری بڵاوبكەینەوەو بێین بەس قسەی زل بكەین‌و ئێستا بڵێین هەلی كار دەڕەخسێنین، بەڵكو باسمان كردووە كە چۆن 150 هەزار هەلی كار بە ژمارەو شێوازی ڕەخساندنەكەی دەیڕەخسێنین."

 

پلانەكەی نەوەی نوێ سەرجەم سێكتەرەكان دەگرێتەوەو كێشەو چارەسەرەكانی خستووەتەڕوو، جوڵانەوەكە بەڵێنی جێبەجێ كردنیان دەدات ئەگەر خەڵك لە هەڵبژاردندا پشتیوانییان بكات.

 

"گرنگە ئەم پلانە جێبەجێ بكریت بۆیە بڵاوی دەكەینەوە گرنگ نییە ئەگەر نەوەی نوێش جێبەجێی نەكات، ئێمە دەمانەوێت چوارساڵی داهاتوو پێشكەوتنی وڵاتەكەمان ببینین‌و خەڵكی كوردستان خۆشگوزەران بن" شاسوار وای وت.

 

نەوەی نوێ یەكەمجارە بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكات‌و 50 كاندیدی هەیە، شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی لیست‌و كاندیدی جوڵانەوەكەیە بۆ سەرۆك وەزیرانی داهاتووی هەرێم، ئەو جوڵانەوەیە مانگی 5ی ئەمساڵ بۆ یەكەمجار بەشداربوو لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق‌و ئێستا 4 پەرلەمانتاری لە بەغداد هەیە.

 

دەربارەی بانگەشەی حزبەكانی دیكەی دەسەڵات‌و ئەوانەشی بەشدارییان لە دەسەڵات كردووە لەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی كوردستان، شاسوار وتی"جیاوازی نەوەی نوێ‌و هێزەكانی دیكە ئەوەیە ئەوان بەڵێنتان پێدەدەن، یەك پرسیاریان لێبكەن بڵێن 27 ساڵە كێ دەستی گرتوون؟ كێ ڕێگربووە لەوەی كوردستان پێشبخەن‌و هەلی كار بڕەخسێنن."

 

سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەێ نوێ ئەوەی خستەڕوو، دەسەڵات بێهیوایی بڵاودەكاتەوەو وا لە خەڵك دەكات نەچن بۆ دەنگدان‌و تەنها بەوە بردوویەتییەوە خەڵكی بێهیوا كردووە، ئەو داوایكرد هەمووان بەشداری بكەن لە هەڵبژاردن‌و وتی"27 ساڵە خەڵك دەچەوسێنێتەوەو ئێستاش بێهیوایی بڵاودەكاتەوە بۆئەوەی نەچن بۆ دەنگدان، ئایا ئێمە ئەو خەونەیان بهێنینە دی نەچین بۆ دەنگدان؟"

 

شاسوار تەئكیدی لەوە دەكردەوە، ئەگەر خەڵك بڕیاربدات ئەم دۆخە بگۆڕێت دەتوانێت ئەو كارە بكات، باسیلەوەشكرد یەكێتی‌و پارتی بە یەك شت ماونەتەوە، ئەویش بەوەی ڕێژەی بەشداریی لە هەڵبژاردن كەم بێت.

 

"بەڵێنتان پێدەدەم لەم هەڵبژاردنەدا زانیمان گۆڕانكاریی ناكرێت‌و ئەو تەزویرەی 12-5 دەكرێتەوە، من لەپێش هەمووتانەوە دێمەسەر شاشەی تەلەفزیۆن‌و وازلە خەباتی پەرلەمانی دێنین‌و دەڵێین ئەم ڕێگایە تەواو خەڵكی كوردستان ڕێگایەكی دیكە هەڵدەبژێرێت، وەعدتان پێدەدەم من لەپێش هەمووتانەوە نە بەدوای پۆستەوەم نە كیسەم دووریوە بۆ پۆستی وەزارەت‌و سەرۆك وەزیران‌و پارەم دەستكەوێت، وەعدتان پێدەدەم من لەپێش هەمووتانەوە پێشتان دەكەوم‌و ڕێگایەكی دیكە هەڵدەبژێرین‌و كۆتایی بەم دەسەڵاتە دەهێنین، بەمەرجێ دڵنیابین لەوەی 30-9 هەموو خەڵك چووە بۆ دەنگدان" شاسوار عەبدولواحید وای وت.

 

شاسوار عەبدولواحید، سەرمایەدارێكی دیاری سلێمانییەو خاوەنی كۆمپانیای نالیاو كەناڵەكانی ئێن ئاڕتی "بوو"، ئێستا پڕوپاگەندەی ئەوەدەكات دەستبەرداری كۆمپانیاكانی‌و كەناڵەكانی ئێن ئاڕتی بووە.

 

وەك خۆی دەڵێت، شاسوار خەونی گرتنەدەستی دەسەڵاتی هەیەو بۆئەوەش لە بازرگانییەوە بەرەو سیاسەت هەنگاوی ناوە، یەكەم دەركەوتنی سیاسییانەی شاسوار ڕاگەیاندنی جوڵانەوەی "نەخێر لە ئێستادا" بوو كە داوای دواخستن یاخود دەنگدانی بە نەخێر بۆ ڕیفراندۆمەكەی 25ی ئەیلولی 2017ی كوردستان دەكرد.

 

هەرچەندە لەلایەن بەشێك لە دەسەڵاتدارانەوە لایەنگرانی نەخێر بە "خیانەتكار" دادەنران، بەڵام ئەوان دەیانوت، دەربڕینی ڕای خۆیان سەرەتاییترین مافیانە‌و بە كەسانی دڵسۆز بۆ كوردستان‌و ناڕازی لە دۆخی حوكمڕانی خۆیان دەناساند، ئێستاش دەڵێن، پێشبینی‌و زانیارییەكانی ئەوان ڕاست دەرچوون دەربارەی كاردانەوەكانی ڕیفراندۆم.

 

دوای كۆتایی هاتنی ڕیفراندۆم، شاسوار عەبدولواحید لەگەڵ هەمان ئەوكەسانەی لە جوڵانەوەی "نەخێر لە ئێستادا" پێكەوەبوون، خۆیان ڕێكخست‌و نەوەی نوێیان وەك حزب ڕاگەیاند بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردنەكانی هەرێم‌و عێراق‌و مۆڵەتی فەرمییان وەرگرت.