بارزانی ڕیسەكە لە بەرهەم ساڵح دەكاتەوە بە خوری

15-09-2018 10:39
مەسعود بارزانی - بەرهەم ساڵح.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

هێشتا مرەكەبی سەر كاغەزی مێزی كۆبوونەوەكەی دوێنێی كۆسرەت ڕەسوڵ و بەرهەم ساڵح وشك نەبووەوە زەنگی تەلەفۆنەكەی كۆسرەت ڕەسوڵ لێیدا، زەنگێك شڵەژانێكی گەورەی دروستكردو ئەو ڕیسەی كردەوە بە خوری كە ئامادەبووانی كۆبونەوەكە سەرقاڵی چنینی بوون بۆ بەرهەم ساڵح.

 

تەلەفۆنەكە لە مەسعود بارزانییەوەیەو پەیامێكی ڕوونی هەیە لەسەر كورسییەك كە كۆی گفتوگۆكانی كۆبوونەوەكەی یەكێتی و هاوپەیمانییەكەی بەرهەم ساڵح بە دەوریدا دەسوڕێتەوە، ئەویش كورسی سەرۆك كۆماری عێراقە.

 

"بارزانی بە كاك كۆسرەتی وتووە سەرۆك كۆمار ئیستیحقاقی پارتییەو كاندیدمان دەبێت بۆئەو پۆستە" سەرچاوەیەك كە ئاگاداری وردەكاریی پەیوەندییەكەیە بۆ پەرەگراف وای وت، وتیشی"پارتی ڤیتۆی لەسەر بەرهەم ساڵح هەیە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار." سەرچاوەیەکی دیکەش ئەو زانیارییانەی پشتڕاست کردەوە.

 

پەرەگراف لە دوو سەرچاوەی دیكەوە زانیویەتی، لەو كەسانەی لەناو یەكێتیدا ناویان دێت بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە، پارتی تەنها مەلا بەختیار بە شیاوی ئەوە دەزانێت گفتوگۆی لەبارەوە بكرێت، ئەوانی دیكە بەرلە گفتوگۆكردن ڕەتدەكاتەوە، بەڵام وەك سەرچاوەیەكی ئاگادار دەڵێت"مەلا بەختیار لەناو عەرەبەكاندا پاڵپشتیی نییە‌و ئەگەری هەیە لە پەرلەمان دەنگ نەهێنێت، بە پێچەوانەوە بەرهەم ساڵح لەناو ئەواندا بەهێزەو پشتیوانیی زۆرە."

 

پەیوەندییەكەی بارزانی دوای ئەوەهات یەكێتی‌و هاوپەیمانی یەكەم كۆبوونەوەی فەرمییان ئەنجامدا بۆ ڕێككەوتنێكی سیاسی نێوانیان، هەرچەندە كاندیدكردنی بەرهەم ساڵح بۆ سەرۆك كۆمار خاڵێك نییە لەناو ڕێككەوتنەكەدا باسبكرێت، بەڵام وەك سەرچاوەیەكی ئاگادار دەڵێت"ئامانجی سەرەكی پڕۆسەكەیە."

 

لەبارەی هۆكاری ڕازینەبوونی پارتی بە بەرهەم ساڵح، بۆچوونی جیاواز هەیە، كەسانی نزیك لە بەرهەم ساڵح دەڵێن، پارتی لە بەهێزیی‌و فراوانیی پەیوەندییە دیبلۆماسییەكانی "دەترسێت"و دەیەوێت كەسێكی لاواز لە بەغداد بێت، بەڵام سەرچاوەیەكی باڵا كە نزیكە لە ناوەندی بڕیاری پارتی، هۆكارەكەی بۆ شتێكی دیكە گەڕاندەوە كە یەكەمجارە باسبكرێت.

 

"پارتی ئاگادارە كە بەرهەم ساڵح بەشداربووە لە 16ی ئۆكتۆبەر‌و ڕۆڵی خراپی هەبووە، وردەكاریی ئەو ڕوداوە لەبەردەستی پارتیدا هەیە" ئەو سەرچاوەیەی پارتی وای وت. ئەوە لەكاتێكدایە پارتی 16ی ئۆكتۆبەر بە "خیانەتێكی گەورە" لەقەڵەم دەدات.

 

پەیامەكەی پارتی بۆ بەرهەم ساڵح لەكاتێكدایە ناوبراو بەربەستی دیكەی لەبەردەمدایەو لەناو یەكێتیش چەند كەسێك خۆیان بۆئەوە ئامادەكردووە چوار ساڵی داهاتوویان لە كۆشكی سەرۆكایەتی عێراق بەسەر ببەن، لە ناویاندا سەرۆكی ئێستاو دوو ئاوەڵزاوای مام جەلال‌و مەلا بەختیار هەن.

 

بەرهەم ساڵح چوار ساڵ لەمەوبەریش هەوڵی زۆریدا كە پۆستی سەرۆك كۆمار وەربگرێت، ئەوكات هێشتا لەناو یەكێتیدا بوو، ململانێكانی لەگەڵ ماڵی مام جەلال بەتایبەت هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بێبەشیانكرد لە وەرگرتنی ئەو پۆستەو لە بەرامبەر ئەودا، دوو كەسی دیكە لەناو یەكێتی كاندید كران.

 

ئێستاش سیناریۆكە بۆ بەرهەم ساڵح نزیكە لە هەمان سیناریۆی چوار ساڵ لەمەوبەرو كاندیدی ڕكابەری هەیە لەناو یەكێتی، ئەو كە لە دەرەوەی یەكێتی سەرۆكایەتی حزبێكی دیكە دەكات، پێناچێت بتوانێت بەبێ ڕەزامەندی ماڵی مام جەلال ببێتە كاندید بۆ سەرۆك كۆمار.

 

ئێستاش هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد كە خاوەنی قسەی كۆتایی ماڵی تاڵەبانییە، دوو مەرجی بۆ ئەو كەسە هەیە كە دەبێتە كاندیدی یەكێتی بۆ سەرۆك كۆمار، "لەسەر ڕێبازی مام جەلال بوون‌و دانەبڕان لە یەكێتی" ئەو دوو مەرجەن كە لە بەرهەم ساڵحدا بوونیان نییە.

 

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە وردەكاریی گفتوگۆكانی دیاریكردنی كاندیدی كورد بۆ سەرۆك كۆمار، دەڵێت"هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئەوەندە دژی وەرگرتنی ئەو پۆستەیە لەلایەن بەرهەم ساڵحەوە تاڕادەی ئەوە دەستبەرداری ببێت بۆ پارتی."

 

هەرچەندە پارتی كورسی زیاتری هەیە لە خولی نوێی پەرلەمانی عێراق، بەڵام یەكێتی سوورە لەسەر ئەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار پشكی ئەوبێت، ئەو پۆستە لەوكاتەوەی دراوە بە كورد(ساڵی 2005) پشكی یەكێتی بووە، لە بەرامبەر ئەوەدا سەرۆكی هەرێم دراوە بە پارتی، بەڵام ئێستا سەرۆكی هەرێم نەماوە.

 

"پارتی ئەگەر سەد لە سەد پێداگریی نەكات كە سەرۆك كۆمار بۆ ئەوبێت، بەدڵنیاییەوە ڕێگە نادات بەبێ ئۆكەیی ئەو(ڕەزامەندی) كاندیدی كورد دیاریی بكرێت" سەرچاوە باڵاكەی پارتی وای وت.

 

پۆستی سەرۆك كۆمار بەشێك بووە لە گفتوگۆی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، دوای كۆبوونەوەكە سەعدی پیرە وتەبێژی ئەو حزبە لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند"پۆستی سەرۆكایەتی كۆمار بۆ كوردەو یەكێتی كاندیدی خۆی بۆ ئەو پۆستە هەیە، بەڵام لە نێوان یەكێتی و پارتیدا یەكلایی نەكراوەتەوە و چاوەڕوان دەكرێت لە رۆژانی داهاتوودا ئەو پرسە یەكلایی بكەنەوە."

 

سه‌عدی  پیره‌، وتیشی"ھێشتا به‌رھه‌م ساڵح نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ ناو یه‌كێتیی، له‌به‌رئه‌وه‌ به‌شداریی كۆبوونه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی ناكات."

 

نزیكبوونەوەی بەرهەم ساڵح لە یەكێتی لەم ساتەدا كە گەرمەی یەكلایی كردنەوەی پۆستەكانی بەغدایە، ناوبراوی ڕوبەڕوی ڕەخنەی تووندی خەڵك‌و بەشێك لە ئەندامانی حزبەكەی كردووەتەوە، نیشانەی پرسیاریشی لەسەر ئایندەو مانەوەی حزبەكەی دروست كردووە كە تەمەنی كەمترە لە ساڵێك‌و بەشداریی هەڵبژاردنی كوردستان ناكات.