مەلا بەشیر بە جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرا

16-09-2018 03:24
دەستەی نوێی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق.

 

پەرەگراف

 

لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردن بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كە پشكی كوردە، مەلا بەشیر حەداد كاندیدی پارتی سەركەوتنی بەدەستهێنا.

 

مەلا بەشیر لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەماندا لە كۆی 282 دەنگی پەرلەمانتاران 185 دەنگی بەدەستهێنا، ڕكابەرەكەی كە ئەحمەدی حاجی ڕەشید پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی بوو 53 دەنگی بەدەستهێناو 16 دەنگ بەتاڵ و 28 دەنگیش پوچەڵ بوون.

 

ئەو دوو كاندیدە كوردە بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان، لە كێبڕكێیەكی توونددا بوون‌و دوێنێ هیچان نەیانتوانی دەنگی پێویست بهێنن‌و گەڕی دووەمی هەڵبژاردنیان خرایە ئەمڕۆ، هەر دوێنێ محەمەد حەلبوسی كاندیدی میحوەری وەتەنی سوننەكان بە سەرۆكی پەرلەمان‌و حەسەن كەریم كەعبی كاندیدی سائیروونی موقتەدا سەدر بە جێگری یەكەم هەڵبژێردران.

 

د.بەشیر خەلیل تۆفیق حەداد، تەمەنی 62 ساڵەو لەسەر لیستی پارتی بووە پەرلەمانتارو دواتر كاندیدكرا بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان.

 

مەلا بەشیر، پێشنوێژو وتارخوێنێكی ناسراوی شاری هەولێرە، بڕوانامەی ماستەرو دكتۆرای لە فەلسەفەی شەریعەو فكری ئیسلامیدا هەیەو ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان بوو لەسەر لیستی پارتی(2009-2013).

 

لە دوای هەڵبژاردنی مەلا بەشیر، دەستەی نوێی سەرۆكایەتی پەرلەمان دەستبەكاربوون‌و محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان ڕایگەیاند، سبەینێ لە شاری بەسرە یەكەم كۆبوونەوەی پەرلەمان ئەنجامدەدرێت‌و 25ی ئەم مانگەش سەرۆك كۆمار لە پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت.

 

سەرۆك كۆمار پشكی كوردەو لە نێوان پارتی‌و یەكێتیدا یەكلایی دەكرێتەوە، پاشان سەرۆك كۆمار كاندیدی گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانیی ڕادەسپێرێت بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت.

 

هەرچەندە پارتی كورسی زیاتری هەیە لە خولی نوێی پەرلەمانی عێراق، بەڵام یەكێتی سوورە لەسەر ئەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ ئەوبێت، ئەو پۆستە لەوكاتەوەی دراوە بە كورد(ساڵی 2005) پشكی یەكێتی بووە، لە بەرامبەر ئەوەدا سەرۆكی هەرێم دراوە بە پارتی، بەڵام ئێستا سەرۆكی هەرێم نەماوە.

 

لەناو یەكێتیدا چەند كەسێك خۆیان بۆئەوە ئامادەكردووە چوار ساڵی داهاتوویان لە كۆشكی سەرۆكایەتی عێراق بەسەر ببەن، لە ناویاندا سەرۆكی ئێستاو دوو ئاوەڵزاوای مام جەلال‌و مەلا بەختیار هەن، ئەمڕۆش مەكتەبی سیاسی یەكێتی بۆ یەكلاییكردنەوەی كاندیدێك كۆبووەتەوە.

 

لە دەرەوەی ئەو كەسانە، بەرهەم ساڵح بە چڕیی لە هەولێدایە بۆ بەدەستهێنانی ئەو پۆستە، بەڵام پارتی‌و ماڵی مام جەلال بەتایبەت هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بەربەستی سەرەكین لە بەردەمیدا، بەرهەم ساڵح چوار ساڵ لەمەوبەریش هەوڵی زۆریدا كە پۆستی سەرۆك كۆمار وەربگرێت، ئەوكات هێشتا لەناو یەكێتیدا بوو، ململانێكانی لەگەڵ ماڵی مام جەلال بێبەشیانكرد لە وەرگرتنی ئەو پۆستە.