سەلیم شوشكەیی كێبڕكێی كاندیدی پارتی‌و یەكێتی دەكات بۆ سەرۆك كۆماری عێراق

16-09-2018 06:48
سەلیم شوشكەیی پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی لە بەغداد.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

پەرلەمانتارانی كۆمەڵ لە بەغداد ڕێگە نادەن تەنها پارتی‌و یەكێتی كاندیدیان هەبێت بۆ پڕكردنەوەی پۆستەكانی كورد، لەو چوارچێوەیەدا بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار ئامادەكارییان كردووەو ئەگەر تەنها پارتی‌و یەكێتی كاندیدیان هەبێت كۆمەڵ كێبڕكێیان دەكات.

 

كۆمەڵ بەوكارەی دەیەوێت پەیامێك بگەیەنێت، ئەوەش بێ سەرئێشە نابێت بۆ هەوڵەكەی پارتی‌و یەكێتی كە دەیانەوێت پێكەوە لەسەر كەسێك ڕێكبكەون بۆ ئەو پۆستە كە پشكی كوردە.

 

هەروەك چۆن ئەحمەدی حاجی ڕەشید پەرلەمانتاری كۆمەڵ، بە خۆپاڵاوتنی بۆ جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان وایكرد كاندیدەكەی پارتی لە گەڕی یەكەمی هەڵبژاردندا كە دوێنێ بوو دەرنەچێت‌و هەڵبژاردنی كەوتە ئەمڕۆ.

 

"ئەگەر هەموو لایەنەكان بگەنە دەرئەنجامێك كە یەك كاندیدیان هەبێت بۆ سەرۆك كۆمار ئێمە كاندیدمان نابێت، ئەگەر چوار لایەنەكەش كۆكبن لەسەر یەك كاندید ئێمە پابەند دەبین پێوەی، بەڵام ئەگەر تەنها پارتی‌و یەكێتی كاندیدیان هەبێت خۆمان بەشیاو دەزانین كێبڕكێیان بكەین" ئەحمەدی حاجی ڕەشید بۆ پەرەگراف وای وت.

 

كۆمەڵ دوو پەرلەمانتاری هەیە لە بەغداد، ئەحمەدی حاجی ڕەشیدو سەلیم شوشكەیی، ئەحمەدی حاجی ڕەشید ئەوەی خستەڕوو، ئەو كاندید نابێت بۆ سەرۆك كۆمار، "سەلیم شوشكەیی خۆی كاندید دەكات."

 

ئەوە لەكاتێكدایە 2 ڕۆژ مۆڵەت ماوە بۆ پێشكەشكردنی ناوی كاندیدی سەرۆك كۆمار، 25ی ئەم مانگە كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق تایبەتە بە هەڵبژاردنی سەرۆك.

 

ئەحمەدی حاجی ڕەشید باسیلەوەكرد، بە كێبڕكێ كردنی پارتی‌و یەكێتی دەیانەوێت پەیامێك بگەیەنن، وتی"دەمانەوێت بڵێین كەس ناتوانێت بەناوی كوردەوە هیچ جۆرە ڕێككەوتنێك بكات ئەگەر پێمان نەوترێت، ئێمە هێزێكین ناتوانرێت نادیدە بگیرێین لە كوردستان."

 

ئەو پەرلەمانتارەی كۆمەڵ تەئكیدی لەوەكردەوە، ئەو پۆستانەی ئیستیحقاقی كوردە لە بەغداد پێویستە بە گفتوگۆو ڕێككەوتنی هەموو لایەنە كوردییەكان پڕبكرێنەوە، وتی"ئەگەرنا كاندیدمان دەبێت."

 

لە خولی نوێی پەرلەمانی عێراقدا پارتی كورسی زیاتری هەیە، بەڵام یەكێتی سوورە لەسەر ئەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار بۆئەو بێت، ئەو پۆستە لەوكاتەوەی دراوە بە كورد(ساڵی 2005) پشكی یەكێتی بووە، لە بەرامبەر ئەوەدا سەرۆكی هەرێم دراوە بە پارتی، بەڵام ئێستا سەرۆكی هەرێم نەماوە.

 

لەناو یەكێتیدا چەند كەسێك خۆیان بۆئەوە ئامادەكردووە چوار ساڵی داهاتوویان لە كۆشكی سەرۆكایەتی عێراق بەسەر ببەن، لە ناویاندا سەرۆكی ئێستاو دوو ئاوەڵزاوای مام جەلال‌و مەلا بەختیار هەن، لە دەرەوەی یەكێتیش بەرهەم ساڵح بە چڕیی لە هەوڵی بەدەستهێنانی ئەو كورسییەدایە، بەڵام پارتی بە كاندید كردنی ڕازی نییە، هەروەك چۆن كاندیدبوونی ئاوەڵزاواكانی مام جەلالیش ڕەتدەكاتەوە.

 

پارتی‌و یەكێتی چەندینجار ڕایانگەیاندووە لەگەڵ یەكڕیزیی كوردن لە بەغدادو داوای گفتوگۆیان لە چوار لایەنەكەی دیكە كردووە، هەرچەندە ئەوانیش ئامادەن بۆ گفتوگۆ، بەڵام هێشتا هەنگاوی كرداریی بۆ نەنراوە.

 

ئەحمەدی حاجی ڕەشید وتی"پارتی‌و یەكێتی دەڵێن با پێكەوە بچینە بەغدا، بەڵام كاتێك ئەو پۆستانە دێنەپێشەوە خۆیان ڕێككەوتنی ژێربەژێر دەكەن بەبێ گەڕانەوە بۆ لایەنەكانی دیكە."

 

بەدەر لە پارتی‌و یەكێتی، چوار حزبە ناڕازییەكە(گۆڕان، كۆمەڵ، هاوپەیمانی‌و یەكگرتوو) 11 كورسییان لە پەرلەمانی عێراق هەیەو بڕیاریانداوە فراكسیۆنێكی هاوبەش دروست بكەن، هاوكات نەوەی نوێ كە خاوەنی 4 كورسییە فراكسیۆنێكی سەربەخۆی هەیە.

 

ئەحمەدی حاجی ڕەشید دوای خۆكاندید كردنی بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان‌و كەوتنە كێبڕكێی تووند لەگەڵ مەلا بەشیر كاندیدی پارتی، ڕوبەڕوی "هەڕەشەو فشار" بووەوە، بەڵام ئامادە نەبوو بكشێتەوە، ئەمڕۆ لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردن بۆ ئەو پۆستە 53 دەنگی بەدەستهێناو مەلا بەشیر بە بەدەستهێنانی 185 دەنگ پۆستەكەی بردەوە.

 

دەربارەی خۆكاندید كردنی بۆ ئەو پۆستە، پەرلەمانتارەكەی كۆمەڵ وتی"پەیامێكمان هەبوو دەمانویست بیگەیەنین كە هەندێك هێزی قۆرخكار هەن لە عێراق‌و هەرێمی كوردستان، دژ بە سیاسەتی ئەو هێزە قۆرخكارانە وەستاینەوەو بناغەیەكمان دامەزراند بۆ فرەیی‌و نیزامی ئۆپۆزسیۆن بوون لە عێراقدا."