بەرهەم ساڵح دەگەڕێتەوە بۆ "ماڵە گەورەكە"؟

17-09-2018 07:00
بافڵ‌و قوباد تاڵەبانی پشتیوانیی بەرهەم ساڵح دەكەن. وێنە؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

هاوپەیمانی دیموكراسی‌و دادپەروەری، بەرهەم ساڵح سەرپشك دەكات بۆ بڕیاردان لە بارەی مانەوە یاخود گەڕانەوەی بۆ ناو یەكێتی، ئەوەش لە چوارچێوەی گفتوگۆو ڕێككەوتن لەسەر كاندیدكردنی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق.

 

چارەنوسی هاوپەیمانییەكەی بەرهەم ساڵح لە نێوان مانەوەو هەڵوەشاندنەوەیدا پرسێكی گەرمی ناوخۆی ئەو حزبەیەو لە ئاستی باڵادا كۆبوونەوەی لەبارەوە كراوە، پەرەگراف لە سەرچاوەی ئاگادارەوە ئەو زانیارییەی دەستكەوتووە كە بڕیاری كۆتایی ئەو حزبە ئەوەیە، "دەمێنێتەوەو هەڵناوەشێتەوە."

 

ئێستا بەرهەم ساڵح لەبەردەم بڕیارێكی قورسدایە بۆ هەنگاوی یەكەمی بەدەستهێنانی كورسی سەرۆك كۆماری عێراق، ئەویش گەڕانەوەیە بۆناو یەكێتی نیشتمانی.

 

"بەرپرسانی هاوپەیمانی د.بەرهەم دەستكراوەو سەرپشك دەكەن خۆی بڕیار لەبارەی چارەنووسی بدات بە مانەوە یاخود گەڕانەوەی بۆ ناو یەكێتی" سەرچاوەیەك كە ئاگاداری وردەكاریی گفتوگۆكانی ناو هاوپەیمانییە بۆ پەرەگراف وای وت.

 

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، لە بەرامبەر گەڕانەوەیدا بەرهەم ساڵح مەرجی بۆ یەكێتی هەیەو بڕیارە كۆبوونەوەی سەركردایەتی یەكێتی مەرجەكەی یەكلایی بكاتەوەو بڕیاری لەبارەوە بدات، "بە مەرجی ئەوەی كاك بەرهەم ببێتە تاكە كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار ئەوكاتە دەگەڕێتەوە ناو ئەو حزبە، بەڵام هاوپەیمانی دەمێنێت‌و هەڵناوەشێتەوەو پێدەچێت دەستەیەك بەڕێوەی ببەن."

 

تەمەنی حزبەكەی بەرهەم ساڵح كەمترە لە ساڵێك، یەكەم ئەزموونی بەشداریكردنی لە هەڵبژاردن مانگی 5ی ئەمساڵ بوو بۆ پەرلەمانی عێراق كە تەنها 2 كورسی بەدەستهێنا، ئێستاش بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ناكات.

 

سەركردایەتی‌و مەكتەبی سیاسی یەكێتی دابەشبوون بەسەر دوو بەرەدا، هەندێكیان لەگەڵ گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح‌و كاندیدكردنین بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، بەشەكەی دیكەیان كێشەیان لە گەڕانەوەی نییە، بەڵام دژی كاندیدكردنین.

 

ماڵی مام جەلالیش دابەش بوون بەسەر ئەو دووبەرەیەدا، هەریەكە لە بافڵ تاڵەبانی، قوباد تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگی لەبەرەی كاندیدكردنی بەرهەم ساڵحن‌و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدو شانازی خوشكی لەبەرەكەی دیكەن.

 

بەدەر لە بەربەستەكانی ناوخۆی یەكێتی‌و هەبوونی چەند كاندیدێك لەناو ئەو حزبەدا بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، بەرهەم ساڵح لەلایەن پارتیشەوە ڤیتۆی لەسەرەو ڕازینین بە كاندید كردنی.

 

سەرچاوەیەكی نزیك لە بەرهەم ساڵح بۆ پەرەگراف باسلەوەدەكات، بەرهەم ساڵح لەناو لیستە عەرەبییەكاندا بە شیعەو سوننەوە "پشتیوانیی زۆرە"، ئەو سەرچاوەیە وتی"ئەگەر یەكێتی بیكەنە كاندیدو پشتیوانیی بكەن لە حاڵەتێكدا ئەگەر پارتیش كاندیدی خۆی هەبێت، كاك بەرهەم لەناو پەرلەمان دەیباتەوەو هەڵدەبژێردرێت."

 

هێشتا پارتی‌و یەكێتی نەگەیشتوونەتە ڕێككەوتن ئەو پۆستە بۆ كامیان بێت‌و كێ كاندید بێت، هەرچەندە پارتی كورسی زیاتری هەیە لە پەرلەمانی عێراق‌و داوای پۆستەكە دەكات، بەڵام یەكێتی سوورە لەسەر ئەوەی پشكی ئەوبێت، پۆستی سەرۆك كۆمار لەوكاتەوەی دراوە بە كورد(ساڵی 2005) پشكی یەكێتی بووە، لە بەرامبەر ئەوەدا سەرۆكی هەرێم دراوە بە پارتی، بەڵام ئێستا سەرۆكی هەرێم نەماوە، ئەگەر پارتی‌و یەكێتی نەگەنە ڕێككەوتن پێدەچێت هەریەكەیان كاندیدی خۆیان هەبێت‌و یەكلاییكردنەوەی بخەنەبەردەم پەرلەمانی عێراق.

 

بەرهەم ساڵح چوار ساڵ لەمەوبەر هەوڵی زۆریدا كە پۆستی سەرۆك كۆمار وەربگرێت، ئەوكات هێشتا لەناو یەكێتیدا بوو، ململانێكانی لەگەڵ ماڵی مام جەلال بەتایبەت هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بێبەشیانكرد لە وەرگرتنی ئەو پۆستەو لە بەرامبەر ئەودا، دوو كەسی دیكە لەناو یەكێتی كاندید كران.

 

ئێستاش سیناریۆكە بۆ بەرهەم ساڵح نزیكە لە هەمان سیناریۆی چوار ساڵ لەمەوبەر، بەدەر لە ڤیتۆی پارتی، كاندیدی ڕكابەری هەیە لەناو یەكێتی‌و پێناچێت بتوانێت بەبێ ڕەزامەندی ماڵی مام جەلال ببێتە تاكە كاندیدی یەكێتی بۆ سەرۆك كۆمار.

 

نزیكبوونەوەی بەرهەم ساڵح لە یەكێتی لەم ساتەدا كە گەرمەی یەكلایی كردنەوەی پۆستەكانی بەغدایە، ناوبراوی ڕوبەڕوی ڕەخنەی تووندی خەڵك‌و بەشێك لە ئەندامانی حزبەكەی كردووەتەوە، نیشانەی پرسیاریشی لەسەر ئایندەو مانەوەی حزبەكەی دروست كردووە.

 

هاتنە دەرەوەو گەڕانەوە بۆ ناو حزب‌و وازهێنان لە حزبی نوێ، لە پێناو پۆست‌و پارەدا لەناو سیاسییەكانی كورددا شتێكی نوێ نییە، بەتایبەت لە سەروەختی هەڵبژاردندا ئەو حاڵەتانە زۆر دەبن.

 

یەكێتی ئەوانەی دەگەڕێنەوە بە "گەڕانەوە بۆ ماڵە گەورەكە" ناودەبات، نەوشیروان مستەفاش ڕێكخەری كۆچكردوی گۆڕان‌و سیاسیی ناوداری كورد بە "هاوڕێی نیوەی ڕێگا" ناوی دەبردن، بەڵام بۆ بەرهەم ساڵح جیاوازییەكە ئەوەیە خۆی كەسی یەكەمی حزبەكەیەو دەگەڕێتەوە، دەستبەرداری پڕۆژەكەی دەبێت كە دوو چەمكی زۆر گەورەی هەڵگرتووە ئەویش "دادپەروەری ‌و دیموكراسی"ن.

 

پەرەگراف بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاتر پەیوەندیكرد بە ڕێبوار كەریم وتەبێژی فەرمیی هاوپەیمانی، بەڵام وەڵامی نەدایەوە.